سینه‌مای ئێران له ژێر چاودێری ئه‌منی دا...به‌شی یه‌كه‌م

راپۆرت- بارودۆخی سینه‌مای ئێران له كاتی شۆرِشی ساڵی (1979) تاكو ئێستا كه‌شوهه‌وایه‌كی قه‌یراناوی و ناسه‌قامگیری به‌سه‌ردا زاڵه، ئه‌وه‌ی وه‌كو پێشكه‌وتن دێته هه‌ژمار ده‌سكه‌وتی به‌رهه‌مهێنه‌رانه و به‌رپرسه حكومییه‌كان هیچ رۆڵێكیان له‌و پێشكه‌وتنه نییه.
بنیادنانی "ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌یی هزری منداڵان و لاوان" له ساڵی (1970) هه‌لێكی باش بۆ پێكهاتنی سینه‌مای رۆشنبیری له ئێران بوو، هاوكاری یۆنێسكۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌نده وه‌كو بڵاوكه‌ره‌وه‌ی فیلمه‌كانی منداڵان له ئێران كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئاستی رۆشنبیری ئه‌و ناوه‌نده هه‌بوو.
دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆرِشی ئیسلامی له ئێران و دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی له‌و ولاته له نێوان ساڵانی (1979-1984) به هۆی نه‌بوونی ریساكانی په‌یوه‌ندی دار به بواری فیلمسازی، سینه‌مای ئێران له باردوخێكی نادیار بوو، دوای ساڵی (1984) و دیاریكردنی رێساكانی فیلمسازی له‌و ولاته كه له سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵومه‌رجه‌كانی دوای شۆرِش بنیاد نران، چه‌ند ره‌گه‌زێك وه‌كو سێكس و توندوتیژی له سینه‌مای ئێران ره‌تكرانه‌وه، له لایه‌كی دیكه به‌هۆی چاودێری حكومی له سه‌ر سینه‌ماكانی ئێران به ئارامی رۆڵی ئه‌كتیڤی سینه‌مای ئێران رووی له كه‌مبوونه‌وه كرد.
سینه‌مای ئێران به دامه‌زراندنی سیسته‌می كۆماری ئیسلامی له‌و ولاته، به‌ره‌و لاواز بوون چووه و تاكو ئێستاش به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، فیلمه ئێرانییه‌كان له‌و سه‌رده‌مه به به‌رده‌وامی كۆسپی زۆریان له‌به‌رده‌م بووه، چه‌ندین رێگای نوێ دۆزراوه‌ته‌وه و بووه هۆی گه‌یشتنی سینه‌ماكارانی ئه‌و وڵاته به چه‌ندین ده‌سكه‌وتی گرنگ، به‌ڵام سینه‌مای ئێران ئێستاش له بارۆدخێكی ناسه‌قامگیر به‌سه‌ر ده‌بات.
هه‌ر چه‌نده له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ده‌رهێنه‌رانی ئێرانی وه‌كو "عه‌باس كیا رۆسته‌می"، "به‌هرام به‌یزایی" و "داریوش مێهرجوویی" سه‌ره‌رِای بوونی چاودێری حكومی له سه‌ر سینه‌مای ئێران و سنوورداربوونیان، چه‌ندین به‌رهه‌می گرنگیان ئاراسته كرد كه له لایه‌ن ره‌خنه‌گره ده‌ره‌كییه‌كان به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا، ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه توانیان كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی له سه‌ر سینه‌مای ئێران دابنێن.
هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا، چه‌ندین ده‌رهێنته‌ری لاو وه‌كو "موحسن مه‌خمه‌لباف"، "ئیبراهیم حاته‌می كیا"، "جه‌عفه‌ر په‌ناهی"، "مه‌جید مه‌جیدی" و "ئه‌بۆلفه‌زری جه‌لیلی" كه به مه‌یل و روانگه‌ی جیاوازه‌وه هاتنه بواری فیلمسازییه‌وه، به ئارامی توانیای به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری له‌و بواره‌دا كار بكه‌ن و رۆڵێكی كاریگه‌ریان له وه‌رچه‌رخانی سینه‌مای ئێران هه‌بێت.
هه‌روه‌ها به‌رِێوه‌چوونی فیستیڤاڵێك به ناوی فیستیڤاڵی فیلمی "فه‌جر" له‌و وڵاته، ده‌بێته هۆی هاندانی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌و ولاته له‌و بواره‌دا و له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و هونه‌ره.
خاڵی سه‌ركه‌وتنی سینه‌مای ئێران له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گه‌رِێته‌وه بۆ سه‌ركه‌وتنی ده‌رهنێه‌ری ناودار "عه‌باس كیا رۆسته‌می" له فیستیڤاڵی فیلمی "كان" و به‌ده‌ست هێنانی خه‌ڵاتی داره خورمای ئه‌و فیستیڤاڵه له رێگای فیلمی "تامی گێلاس" له ساڵی (1997). هه‌روه‌ها كاندیدبوونی "مه‌جید مه‌جیدی" له خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكاری (1998) نمونه‌یه‌كی دیكه له‌و بواره‌دایه.
هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌و بواره‌دا توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتنی باش به‌ده‌ست بێنێت، له‌وانیش به‌شداریكردنی له فیستیڤاڵه گرنگه‌كانی جیهانی وه‌كو "كان"، "رۆتێردام"، "جۆنجۆ"، "سائۆپائۆلۆ" و...هتد و به‌ده‌ست هێنانی خه‌ڵاتی تایبه‌تی "جۆری روانگه" و خه‌ڵاتی ره‌خنه‌گرانی فه‌ره‌نسی له فیستیڤاڵی فیلمی "كان"(2009) له رێگای فیلمی "كێ هه‌واڵی پشیله ئێرانییه‌كانی هه‌یه".
سه‌رچاوه:
ماڵپه‌رِی دۆیچه ڤێله http://www.dw-world.de
ماڵپه‌رِی ویكی پیدیا http://fa.wikipedia.org/wiki



















