سینه‌مای ئێران له ژێر چاودێری ئه‌منی دا...به‌شی دووه‌م

راپۆرت- سینه‌ماكارانی ئێرانی ره‌خنه له سیاسه‌تی چاودێری حكومه‌ت و به‌رِێوه‌چوونی پرۆسه‌ی سانسۆر له سه‌ر فیلمه سینه‌ماییه‌كان ده‌گرێن، له به‌رامبه‌ر حكومه‌ت سینه‌ماكاران تۆمه‌تبار ده‌كات كه پابه‌ند به "به‌ها رۆشنبیرییه‌كان" نابن.
حكومه‌ت ئه‌و سینه‌ماكارانه تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی كه به راده‌ی پێویست رێز له "به‌ها رۆشنبیرییه‌كان" ناگرن. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ناكۆكییه، سینه‌مایه‌كه كه ناره‌زایی سێ لایه‌نی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، حكومه‌ت له سه‌ر ئه‌و برِوایه‌یه كه سینه‌ماكاران توانای به‌رهه‌م هێنانی فیلمی باشیان نییه، سینه‌ماكاران له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن كه گوشاره‌كانی حكومه‌ت و سنوورداركردنی ئه‌وان رێگه له دروست بوونی فیلمی باش ده‌گرێت و لایه‌نی سێیه‌میش كه خه‌ڵكن ره‌خنه له كوالیتی فیلمه ئێرانییه‌كان ده‌گرن و به‌و شێوه‌یه‌ش، ره‌وتی گرنگیدان به سینه‌ما له ئێران رۆژ له دوای رۆژ روو له كه‌مبوونه‌وه ده‌كات.
دروستبوونی لێكترازان له نێوان ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌رانی سینه‌ما له لایه‌ك و به‌رپرسانی حكومی كه ده‌سه‌ڵاتیان له سه‌ر سینه‌مای ئێران هه‌یه له لایه‌كی دیكه، بووه هۆی لاواز بوونی كاری به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایی و فیلمسازی له‌و بواره‌دا، شكستی فیلمه‌كان له رووی داهاته‌وه له كاتی نمایشكردنیان له سینه‌ماكانی ئێران، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و لێكترازانه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئاماژه به كاری به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایی ده‌ده‌ین، مه‌به‌ست ئه‌و فیلمه هونه‌رییانه‌یه كه زۆر به كه‌می له ئێران به‌رهه‌م دێن.
سالانه نزیكه‌ی (70) فیلمی سینه‌مایی له ئێران به‌رهه‌م دێن، ته‌نیا رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌و فیلمانه ده‌گه‌نه ئه‌و په‌رِی داهات له كاتی نمایشكردنیان و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و فیلمانه رێگه له نمایشكردنیان ده‌گیرێت. بۆ نمونه له ساڵی رابردوو ته‌نیا نزیكه‌ی (10) فیلمی سینه‌مایی له كاتی نمایش كردن، داهاتێكی باشیان به‌ده‌ست هێنا، له‌وانیش ده‌توانین ئاماژه به فیلمی "ده‌ركراوه‌كان 2" له ده‌رهێنانی "مه‌سعود دێ نه‌مه‌كی" كه داهاتێكی زۆری به‌ده‌ست هێنا و بوو به پرِداهاتترین فیلمی سینه‌مای ئێران، هه‌ر چه‌نده ئه‌و فیلمه كۆمیدیایه له رووی هونه‌رییه‌وه خاوه‌ن به‌هایه‌كی ئه‌وتۆ نییه.
له به‌رامبه‌ردا، فیلمێكی هونه‌ری وه‌كو "له‌باره‌ی ئێلی" له ده‌رهێنانی "ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی" هه‌ر چه‌نده داهاته‌كه‌ی نه‌گه‌یشته داهاتی فیلمی "ده‌ركراوه‌كان 2"، به‌ڵام توانیی له ئاستی سینه‌ماكانی ئێران و دواتر له ئاستی بازارِی "DVD" داهاتێكی باش به‌ده‌ست بێنێت و نیشانی دا كه خه‌ڵك پێشوازی له فیلمه هونه‌رییه‌كانیش ده‌كه‌ن.
كۆسپه‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی سینه‌ما
سه‌ركرده‌كانی كۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تاوه روانگه‌یه‌كی گوماناویان بۆ سینه‌ما هه‌بوو، ده‌سه‌ڵات له سه‌رجه‌م بواره‌كانی رۆشنبیری ته‌نیا گرنگی به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و سینه‌مایه له پێناو ئامانجه ئیدئۆلۆژیكه‌كانی ده‌دات. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی له سه‌ر ئه‌و برِوایه‌ن، سینه‌ما كه‌ره‌سته‌یه‌كه كه ده‌بێت له پێناو پرۆپاگه‌نده كردن بۆ بیرۆكه‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌هێز كردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چالاك بێت.
سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆرِشی ئیسلامی له ئێران تاكو ئێستا، سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی سینه‌ما له‌به‌رده‌ستی حكومه‌ت بووه، به‌ڵام پێشكه‌وتنی سینه‌ما زیاتر له رێگای هه‌وڵدان و داهێنانی سینه‌ماكارانی سه‌ربه‌خۆ بووه، حكومه‌ت سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی هه‌وڵی بۆ پێشكه‌وتنی سینه‌ما له ئێران نه‌داوه، به‌ڵكوو هه‌موو كاتێك كۆسپێك له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی سینه‌مای سه‌ربه‌خۆ له‌و وڵاته بووه.
حكومه‌ت له رێگای ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه له‌به‌رده‌ستیه‌تی، به شێوه‌ی پراكتیكی له سه‌ر سینه‌ما كاریگه‌ر ی هه‌یه. حكومه‌ت له رێگای كه‌ره‌سته جۆراوجۆره‌كانی پاڵپشتی كردن یان سزادان، به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایی له دوو بوار ده‌ستنیشان كردووه: یه‌كێك بریتییه له به‌رهه‌مهاتنی فیلمه‌كان له چوارچێوه‌ی پرۆپاگه‌نده كردن بۆ سیسته‌می كۆماری ئیسلامی و ئه‌وی دیكه‌یان بریتییه له به‌رهه‌مهاتنی فیلمه‌كان له چوارچێوه‌یه‌كی كۆمیدیا و دوور له هه‌ر جۆره ره‌خنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی.
حكومه‌ت له رێگای كه‌ره‌سته‌كانی كۆنترۆڵكردن رێگه له به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كانی ره‌خنه‌یی ده‌گرێت و ئه‌گه‌ر بۆ وێنه فیلمێكی له‌و جۆره به‌رهه‌م بێت كه ناوه‌رۆكێكی ره‌خنه‌یی یان سیاسی و...هتد له‌خۆ بگرێت، حكومه‌ت له رێگاگه‌لی جیاواز وه‌كو رێگه نه‌دان به نمایشكردنی له سینه‌ماكانی ئێران ده‌بێته هۆی شكستی ئه‌و فیلمه له رووی داهاته‌وه. نمونه‌ی ئه‌مه‌ش له (5) ساڵ رێگه گرتن له نمایشكردنی فیلمی "به ره‌نگی ئه‌رخه‌وان" له ده‌رهێنانی "ئیبراهێم حاته‌می كیا" ره‌نگده‌داته‌وه.
به‌وه شێوه‌یه به بوونی كه‌شوهه‌وایه‌كی چاودێری ئه‌منی له سه‌ر سینه‌مای ئێران، كه‌متر ده‌بێنێن فیلمێكی هونه‌ری له‌و وڵاته به‌رهه‌م بێت، له‌و هه‌ڵومه‌رجه‌دا ده‌رهێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ یان له به‌رهه‌مهێنانی فیلم له ئێران بێزار ده‌بن یاخۆد فیلمه‌كانی خۆیان له پێناو به‌شداریكردنیان له فیستیڤاڵه جیهانییه‌كان به‌رهه‌م دێنێن. نمونه‌ی ئه‌مه‌ش له به‌شداری كردنی فیلمی "كێ هه‌واڵی پشیله ئێرانییه‌كانی هه‌یه" له ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی" و به‌شداری كردنی له چه‌ندین فیستیڤاڵی گرنگی جیهانی ره‌نگده‌داته‌وه.
ماڵپه‌رِی دۆیچه ڤێله http://www.dw-world.de



















