کورده‌کان له سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزکردنی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزدا ده‌وری گرینگ‌یان هه‌بووه
حهممهدعهلی توفیقی:
ماوه‌ی نیزیک به هه‌شت مانگه بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌رینی خه‌ڵکی ئێران له ژێر ناوی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، دژ به ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ده‌ستی پێکردووه. له‌و ماوه‌یه‌دا کوردستان به پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی سی ساڵی رابردووی، راسته‌وخۆ له ناو بزوتنه‌وه ئیعترازیهکان دا خۆی نه‌دیتۆته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌ش وه‌ک چۆن بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز بزوتنه‌وه‌یه‌کی یه‌کده‌ست و به روانگه‌یه‌کی روون و دیاریکراو نه‌هاتۆته مه‌یدان، حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستانیش نه به یه‌که‌وه و له ناو خۆیاندا هه‌ڵوێست و روانگه‌یه‌کی یه‌کده‌ستیان سه‌باره‌ت به بزوتنه‌وه‌که نه‌بووه.
محه‌ممه‌د عه‌لی تۆفیقی ماوه‌یه‌کی زۆر نییه رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به جێ هێشتووه و نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه. ئه‌و هه‌م له سه‌رده‌می بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌میش له سه‌ره‌تای ده‌سپێکی خۆپیشاندانه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردن، له نیزیکه‌وه ئاگای له بزوتنه‌وه‌که بووه. له بابه‌ت ڕۆڵی کورده‌کان له ناو بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزدا، به "بۆرۆژهه‌ڵات" ده‌ڵێ: "به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و که‌سانه که باس له بێده‌نگیی کورده‌کان یان له پهڕاوێزدابوونی ئه‌وان له ماوه‌ی رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه دا ده‌که‌ن، ئه‌من پێموایه کورده‌کان نه‌ک له بزوتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیی ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵکی ئێران جیا نین، ته‌نانه‌ت له سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزکردنیشی دا، ده‌وری گرینگ‌یان هه‌بووه." ئه‌و پێیوایه که "کورده‌کان هه‌ر به‌و جۆره که له ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا پێشه‌نگی بزوتنه‌وه‌ی ئیعترازی و خوازیاری دێموکراتیزه کردنی ئێران بوون، ده‌بێ هه‌روا له سه‌ر ئه‌م ره‌وته پێشرهوانهیهی خۆیان به‌رده‌وام بن."
تۆفیقی ئاوا پێناسه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز و ڕۆڵی کورد له ناو بزوتنه‌وه‌که دا ده‌کا و ده‌ڵێ: "ناکرێ بزوتنه‌وه‌ی ئیعترازیی سه‌وزی ئێران ته‌نیا له‌و ماوه زه‌مه‌نیه‌ی ئه‌م حه‌وت مانگه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان دا ببینینه‌وه. چونکه ئه‌م حه‌ره‌که‌ته به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ستی پێ‌کرد، له رۆژی هه‌ڵبژاردن دا گه‌یشته لوتکه و دوای ئه‌وه‌ش درێژه‌ی کێشا. به‌ر له هه‌ڵبژاردن یه‌کێک له گرینگ‌ترین گوفتمانهکانی زاڵ به سه‌ری فه‌زای ته‌بلیغاته‌کان، له ناو بارودۆخی هه‌نوکه‌یی و سه‌لماندنی هه‌ڵاواردنه‌کانی حکومه‌تی سه‌باره‌ت به مافی قه‌ومه‌کانی ئێرانی، گوفتمانی بزوتنه‌وه‌ی کورد بوو که ته‌ئسیری زۆری هه‌بوو و زۆربه‌ی کاندیداتۆره‌کانی ناچار به دژکرده‌وه و پێشکه‌ش کردنی رێگای چاره بۆ کێشه‌ی قه‌ومی له ئێران دا کرد. هه‌روه‌ها ئه‌وه ته‌نیا کورده‌کان بوون که له باره‌ی رێژه‌ی به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا، هه‌ڵچوونێکی سه‌دا سه‌دیان به خۆوه بینی. چونکه کوردستان له خولی پێشوو دا له ته‌حریم دا بوو. له رووداوه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنیش دا، که پتر تایبه‌ت به شاره گه‌وره‌کان به تایبه‌ت تاران بوو، کورده‌کانی نیشته‌جێی شاری تاران له خۆپیشاندانه‌کان دا رۆڵێکی که‌متر له ئێرانیه‌کانیان نه‌بوو. به تایبه‌تی که ده‌بینین به‌شێک له شه‌هیدانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، له کورده‌کان بوون. له ناو زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامیش دا به داخه‌وه کورده‌کان بنه‌یان گرتووه. له کاتی خۆپیشاندانه‌کان دا دوکتور ره‌مه‌زانزاده و ژماره‌یه‌کی دیکه له خوێندکاران و شارۆمه‌ندانی کورد به‌م بۆنه‌وه گیران. له ماوه‌ی حه‌وت مانگی رابردوو دا زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسی و حیزبه کورده‌کان لایه‌نگریان له‌و حه‌ره‌که‌ته ئیعترازیانه کرد و ته‌نانه‌ت ئیمکاناتی راگه‌یاندنی خۆیان له‌و راستایه‌دا به‌کار برد. که‌وابوو ده‌بینین ئه‌وه‌ی به بێده‌نگی یان په‌راوێزنشینیی کورده‌کان لێک ده‌درێته‌وه، راست نییه."
محه‌ممه‌د عه‌لی تۆفیقی له بابه‌ت هۆکاری په‌ل نه‌هاویشتنی خۆپیشاندانه‌کان بۆ شاره‌کانی کوردستان ده‌ڵێ: "کێشه‌یه‌ک که نابێ به‌رچاوی نه‌گرین، باری ئه‌منیه‌تی خه‌ڵکی کورده بۆ خۆپیشاندان که زۆر جیاوازه له شوێنگه‌لی وه‌ک تاران و شاره غه‌یره کورده‌کان. ئه‌زموونی تاڵی بزوتنه‌وه ئیعترازیه‌کانی پێشوو نیشانی داوه که جۆری روبه‌روو بوونه‌وه‌ی حکومه‌ت له کوردستان زۆر توند و تیژتره. له ماوه‌ی سی ساڵی رابردووش دا تێچوویه‌کی زۆر له‌م باره‌وه خراوه‌ته سه‌ر شانی خه‌ڵک. که‌وابوو وریابوون ئه‌وه ده‌خوازێ که هه‌ر جۆره حه‌ره‌که‌تێک له کوردستان ده‌بێ به وه‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو لایه‌نه‌کان و هه‌ستیاریی هه‌نوکه‌یی ئه‌نجام بدرێ. له بنه‌ڕه‌تدا یه‌کێک له ئامانجه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز له هه‌موو رێوره‌سمه‌کان دا له سه‌ر بنه‌مای به لانیکه‌م گه‌یاندنی تێچووه‌کانه. هه‌ڵبه‌ت من پێموایه ده‌بێ بیر له رێگاگه‌لی تر وه‌ک مانگرتنی گشتی و شێوازه‌کانی دیکه‌ی نافه‌رمانیی مه‌ده‌نیش بکرێته‌وه."
له بابه‌ت جۆری تێکه‌ڵبوونی کورد له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیی خه‌ڵکی ئێران و به‌شداریی له خۆپیشاندانه بۆنهییهکان دا، تۆفیقی ده‌ڵێ: "له هه‌لومه‌رجی ئێستادا، به رای من درێژه‌دان، قوڵ کردنه‌وه و به‌رینتر کردنه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تی کردنی کورده‌کان له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئێران (هه‌ڵبه‌ت به پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و پێداگری له سه‌ر خواسته دیاریکراوه‌کانی وه‌ک دێموکراسی که سی ساڵ دروشمی کورده‌کان بووه) مه‌نتقی ترین، که‌م تێچوو ترین و هاوکات شوێندانه‌رترین رێکار له راستای وه‌دیهاتنی ئامانجه‌کانی "بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد" داده‌ندرێ. به‌و هۆیه له رۆژی 22ی به‌همه‌ن یان موناسبهتهکانی دیکه که قه‌راره ببێ به گۆڕه‌پانی هێزنواندنی سه‌وزه‌کان، باشتره که کورده‌کانیش وه‌ک خه‌ڵکی دیکه، له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئازادیخوازی و دیموکراتیزاسیونی ئێران بکه‌ون. چونکه وه‌دیهاتنی خواسته‌کانی خه‌ڵکی کورد، به ئازادیی وڵات له چنگی ره‌شی ئیستبدادی دینی و دێموکراتیزه بوونی حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگای ئێران به‌ستراوه‌ته‌وه
بۆرۆژهه‌ڵات
په‌سه‌ندکراو
به ئیمه‌یڵ بینێره
بۆچوونه‌کان (0)

بۆچوونێک بنووسه


















