مۆدێلی ناسیۆنالیسمی "ئه‌مین زه‌کی به‌گ" و پرۆژه‌ی موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان

خالد ته‌وه‌كولی: پێشه‌کی: مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره تاووتوێ کردنی ئه‌م دوو پرسیاره‌ی خواره‌وه‌یه:
• پرسی سه‌ره‌کی ئه‌مین زه‌کی به‌گ له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا چی بووه؟
• ته‌عبیر، بۆچوون و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌باره‌ت به‌م پرسه چۆن بووه؟
"ئه‌مین زه‌کی به‌گ" (1948-1880) وه‌کوو چالاکێکی سیاسی و ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تیه‌کی پایه‌به‌رزی ئیداری، به شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ کاریگه‌ری یه‌کی زۆری بووه له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی کورد و ره‌نگه ئێستا که کورد کیان و سامانێکی سیاسی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، زیاتر له هه‌میشه نیازمان به بیر و به‌رنامه‌کانی بێت. به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی بیر و بۆچوونی که‌سایه‌تیه‌کی ناودار وه‌کوو "ئه‌مین زه‌کی به‌گ" زۆر دژواره، ئه‌گه‌ر ئاگاداریمان سه‌باره‌ت به سه‌رده‌م و که‌ش و هه‌وای کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و نه‌بێت.که وابوو به‌ر له هه‌موو شتێک به پێویستی ئه‌زانم ئاوڕێکی خێرا بده‌مه‌وه له سه‌رده‌می ژیانی ئه‌مین زه‌کی به‌گ و له‌و چوارچێوه‌دا ئه‌ندێشه و بیر و بۆچوونه‌کانی بخوێنمه‌وه.
1. کۆلۆنیالیسم : له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ، ته‌نیا نزیکه‌ی 50 وڵاتی سه‌ربه‌خۆ له سه‌رانسه‌ری دونیا دا به‌دی ئه‌کرا. به‌شێکی زۆر له وڵاتانی ئه‌فریقا، ئاسیا، ئۆسترالیا و ئه‌مریکای لاتین له ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ئیمپریالیستی ئه‌ورووپایی دا بوون و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی یان نه‌بوو. له‌و ساڵانه دا دیارده‌ی کۆلۆنیالیسم په‌ره‌ی سه‌ند بو و شێوازی سه‌ره‌کی سیسته‌می جیهانی و پێوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی بو. ئیستیعمار دوو ئاکامی دژ به یه‌کی لێ ئه‌که‌وێته‌وه: له لایه‌که‌وه غاره‌ت و ماڵ وێرانی و له ناو چوونی ژێرخانی ئابووری کۆلۆنی یه‌کان، له هه‌مان کاتدا یه‌کگرتوویی و هۆشی نه‌ته‌وه‌یی له ناو چین و توێژه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا گه‌شه ئه‌ستێنێت. له کۆتایی هه‌مان سه‌ده دا، زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه یان به هۆی شه‌ری چه‌کداری، یان پیلانی وڵاتانی سه‌رکه‌وتووی جه‌نگی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی، یان له ئاکامی تێکۆشانی رێبه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی و یان به شێوه‌ی دان و ستان و ته‌وافووق، سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی یان به‌ده‌س هێنا و بوون به ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه ، له ئاکامدا پێکهاته‌ی سنووره‌کانی جیهان، گۆڕانێکی جیدی و به‌ربڵاوی به سه‌ر دا هات. به جۆرێک که له ماوه‌ی نزیک به بیست ساڵ، زیاتر له سه‌ت وڵاتی تازه پێک هاتن و بوون به ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان. (بولییت، 1382: 281) کوردستان له‌م ساڵانه دا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو ئیمپراتۆری عوسمانی و ئێران دا بوو که هه‌ر دووکیان تووشی قه‌یرانی سه‌خت و دژوار ببوون. له لایه‌که‌وه ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له گه‌ل په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌کانی بالکان رووبه‌ڕوو ببۆوه و دووچاری شکه‌ست هاتبوو. دوا به دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، به‌شێکی تر له‌و وڵاتانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی، که زۆربه‌یان عه‌ره‌ب یان فره‌نه‌ته‌وه و فره‌فه‌رهه‌نگ بوون، یه‌ک له وان عێراق، سه‌ربه‌خۆیی یان به ده‌س هێنا. له هه‌مان کاتدا و بۆ پاساودانه‌وه‌ی ئه‌م شکه‌سته، به‌شێکی زۆر له لاوان و رۆشنبیرانی عوسمانی په‌نایان به‌رده به‌ر توندره‌وی و ناسیۆنالیسم و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بۆ زیندوکردنه‌وه‌ی شان و شکۆی له ده‌س چووی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و پێشکه‌وتنی وڵات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گۆڕانی داب و نه‌ریت و ره‌واج دان به فه‌رهه‌نگ و ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ی رۆژئاوایی یان به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ده‌س پێ کرد.
له لایه‌کی تریشه‌وه، ئیران له گه‌ل کێشه‌گه‌لی جۆراوجۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌کی ده‌سته‌ویه‌خه بو. به‌شێکی زۆری له خاک و سامانی نه‌ته‌وه‌یی له شه‌ڕ له گه‌ڵ رووسیه له ده‌ست ده‌رچووبو، هه‌روه‌ها چه‌ندین قه‌راردادی زاڵمانه‌ی له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ورووپایی به سه‌ردا سه‌پا بو. له هه‌مان کاتدا له ناو به‌شێکی زۆر له خوێنده‌واران و رۆشنبیران رۆح و هۆشی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی له لایه‌که‌وه و هه‌روه‌ها بیری روژئاوایی و پێشکه‌وتن و نوێخوازی له لایه‌کی تره‌وه له هه‌ڵکشان و گه‌شه‌کردن دا بو، ئه‌مه‌یش حاکمانی قاجاری ئێرانی، نیگه‌ران و ده‌رباری شاکانی تووشی قه‌یران کردبو.
جیا له مانه‌ی که ئاماژه‌یان پێ کرا، نابێ ئه‌م نوکته‌یه زۆر گرینگه‌یش فه‌رامۆش که‌ین که له‌م سه‌رده‌مه‌دا، چه‌ندین جوڵانه‌وه‌ی به‌رچاو و گه‌وره‌ی سیاسی، رۆشنبیری و سه‌ربازی له لایه‌ن رێبه‌رانی سیاسی، ئایینی و عه‌شیره‌یی ئه‌بیندرێ که کاریگه‌ری زۆریان بووه له سه‌ر مێژووی سیاسی گه‌لی کورد. بۆ نموونه ئه‌توانین ئاماژه بکه‌ین به شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، شێخ مه‌حموود، سمکۆ و... که رۆح و هۆشی نه‌ته‌وه‌یی قووڵیان تێدا به‌دی ئه‌کرا. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی گشتیان، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی و ره‌هایی له ده‌سه‌ڵاتی تورک و عه‌جه‌م بو. ئاکامی ئه‌م بزووتنه‌وانه، به‌هێز و به‌رجه‌سته بوونی شوناسی کوردی و به واتایه‌کی تر کوردایه‌تی بو به نیسبه‌تی شوناسی ئایینی، عه‌شیره‌یی و خێڵه‌کی. له هه‌مان کات دا کورد، چه‌مکی "ئێمه" و "ئه‌وان" به‌رهه‌م ئه‌هێنێت و له سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌م جیاوازیه له گه‌ڵ گه‌لانی تر په‌یوه‌ندی دائه‌مه‌زرێنێت و هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌کات.
دیاره ئه‌و وڵاتانه‌ی تازه سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌س ئه‌هێنن به گشتی له گه‌ڵ دوو گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی رووبه‌روو ئه‌بن: ئیستبداد و گه‌نده‌ڵی که زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه ئێستاش گیرۆده‌ی ئه‌و گرفتانه‌ن و نه‌یانتوانیوه چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزنه‌وه. ئه‌مانه باعیس بوون که به‌شێکی زۆریان هه‌روا دواکه‌وتوو بمێننه‌وه و نه‌توانن به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندن و دێموکڕاسی هه‌نگاوی جیدی هه‌ڵگرن و کێشه سیاسییه کانیان له رێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتی چاره‌سه‌ر که‌ن یان به شێوه‌یه‌کی به‌رابه‌ر، داهات و سه‌رمایه‌ی ئابووری به سه‌ر خه‌ڵک و ناوچه‌کان دا دابه‌ش که‌ن. ئاکامی په‌یڕه‌و کردنی ئام ره‌وشتانه، زیاد بوونی کێشه‌ی سیاسی و سه‌بازی و راده‌ی توند و تیژی و گۆڕانی یه‌ک له دوای یه‌کی حکوومه‌ته‌کان له رێی کووده‌تا و شۆڕشی جه‌ماوه‌ری بووه.
2. شۆڕشی مه‌شرووته له ئێران: له سه‌رده‌می شاکانی قاجار، ئێران چه‌ندین گۆرانکاری بنه‌ڕه‌تی به خۆیه‌وه بینی بو. حکوومه‌تی پاشایه‌تی و به گشتی ئیستبداد، تووشی قه‌یران هاتبو، وشیاری نه‌ته‌وه‌یی له ناو خه‌ڵک و رۆشنبیران، له گه‌شه‌سه‌ندن دا بو، چه‌مک و زاراوه‌ی نوێ و تازه هاتنه ئاراوه (طباطبایی، 1386: 13). دوای هه‌ره‌س هێنان و شکه‌سته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئه‌رته‌شی ئێران له شه‌ڕ له گه‌ڵ رووس دا، فه‌رمانده ئێرانی یه‌کان، دیان و زانیان جیهان گۆڕانی به سه‌ر دا هاتوه و ئێران له گوێی که‌روێشک دا خه‌وی لێ که‌وتوه. "عه‌باس میرزا" په‌ی به دواکه‌وتویی ئێران و پێشکه‌وتویی رۆژئاوا ئه‌بات، بۆیه ئه‌مر ئه‌کات چه‌ن کتێبێک وه‌کو "مێژووی پێتری مه‌زن" و "شکۆداریه‌تی و تێک ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی رۆم" وه‌رگێڕنه سه‌ر زمانی کوردی. له ته‌ورێزه‌وه چاکسازی و گۆڕانکاری ده‌س پێ ئه‌کات و رێگا خۆش ئه‌کات بۆ په‌ره‌سه‌ندنی شارستانیه‌ت و دامه‌زراوه‌ی رۆژئاوایی و فه‌ره‌نگی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی به‌ر له هه‌موو شتێک چاکسازی له هێزی سه‌ربازیه‌وه ده‌س پێ ئه‌کات. دوای ئه‌مه روو ئه‌کاته پیشه‌سازی و له ته‌ورێز و چه‌ن شاری تر، کارخانه‌ی دروست کردوه. جیا له مانه هه‌وڵی زۆری داوه تا خوێندکار ره‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپایی بکات (بهنام، 1375: 23).
رۆشنبیرانیش به‌ش به حاڵی خۆیان له‌م که‌ش و هه‌وا که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرن و هه‌وڵ ئه‌ده‌ن بۆ ئاراسته کردنی بیرۆکه‌ی جیاواز و نوێ به کۆمه‌ڵگا. سه‌فه‌رنامه نووسین په‌ره ئه‌سێنێت و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ردانی ئه‌ورووپایان کردوه، بیره‌وه‌ری و روانینی خۆیانیان، کردوه به کتێب و له چاپیان داب‌و. بڕێکی تر له رۆشنبیران، ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌کانی بیرۆکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و فه‌لسه‌فی وڵاتانی رۆژئاوایان لا گرنگ ئه‌بێت و به فارسی بڵاویان ئه‌که‌نه‌وه و له‌م سۆنگه‌وه هه‌وڵی گۆرانی کۆمه‌ڵگاکه‌یان ئه‌ده‌ن. کتێبگه‌لی زۆر ده‌رباره‌ی ئازادی، پێشکه‌وتن، عه‌داڵه‌ت و ... نووسرا. به ئاشکرا ره‌خنه له شا و له ده‌سه‌ڵات ئه‌گیرا و داوایان لێ ئه‌کرد سه‌روه‌ری یاسا قه‌بووڵ کات و مل که‌چی یاسا بسه‌لمێنێت. ته‌نانه‌ت شا بۆ خۆیشی ئه‌م ره‌خنه‌یه قه‌بووڵ ئه‌کا و داوا له رێفۆرمیسته‌کان ئه‌کات بۆ بونیادنانی حکومه‌تێکی به‌رپرس، ده‌س به کار بن. له‌م سه‌رده‌مه دا، لافاوی نووسین و وه‌رگێڕان و له چاپ دانی کتێب، ته‌واوی ئێران ئه‌گرێته‌وه. وای لێ دێ مامۆستایانی ئایینی و رێبه‌رانی دینیش بیر و رای خۆیان سه‌باره‌ت به ئه‌و بیرۆکه نوێ یانه و هه‌روه‌ها کێشه‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌رئه‌بڕن و بڵاوی ئه‌که‌نه‌وه (طباطبایی: 296-295).
به‌شێکی زۆر له‌م رۆشنبیرانه له زانکۆکان ده‌رس ئه‌ڵێنه‌وه و بۆ یه‌که‌م جار به شێوه‌ی زانستی وتار، کتێب و ریساله بۆ خوێندن ئاماده ئه‌کرێت. ئه‌م کتێب و نووسراوانه له پارلمانی یه‌که‌م دا ئه‌بن به سه‌رچاوه‌ی سیستمی نوێی یاسا. به‌م شێوه‌یه زه‌مینه‌ی شۆڕشی مه‌شرووته ئاماده ئه‌کرێت و به پشتیوانی ته‌واوی توێژ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵ، سه‌رکه‌وتویی به ده‌س ئێرێت و له ساڵی 1906 زایینی، مۆزه‌فه‌ره‌دین شا فه‌رمانی مه‌شرووته ده‌ر ئه‌کات. له‌مه‌ولا هه‌وڵ ئه‌درێت بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تی یاسا و سنووردار کردنی ده‌سه‌ڵات. دوایی نزیک به 2 مانگ پارلمانیش ئه‌که‌وێته کار.
3. بیرۆکه‌ی ناسیۆنالیسم: ناسیۆنالیسم یه‌کێک له‌و بیرۆکه مۆدێرنانه‌یه که کاریگه‌ری زۆری له سه‌ر مێژوی جیهان هه‌بوه. ئه‌م بیرۆکه‌یه له ئه‌وروپا و له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی نۆزده سه‌ر هه‌ڵئه‌دات و ئه‌بێته گوتاری زاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه. ده‌رباره‌ی "میلله‌ت" یان نه‌ته‌وه، پێناسه‌ی زۆرمان له‌به‌ر ده‌ست دایه. لای زۆربه‌ی خه‌ڵک، میلله‌ت بریتیه له گروپێک که فه‌رهه‌نگ، خاک و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش به یه‌که‌وه‌ی گرێ داون (بولییت: 322). ئه‌گه‌رچی تاکه پێناسه‌یه‌ک بۆ ناسیۆنالیسم به‌دی ناکرێت به‌ڵام زۆر جار وه‌کوو خۆشه‌ویستی و هۆگری میلله‌ت و شوناسی میللی یان هۆشی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه کراوه. "گیدێنز" له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه که نه ته‌نیا به‌شێکی زۆر له بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کانی هاوچه‌رخ، بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی بوون، به‌ڵکوو له سه‌ره‌تای قه‌رنی بیست و یه‌که‌میش دا، ناسیۆنالیسم هه‌ر زیندووه و ته‌نانه‌ت له گه‌شه‌سه‌ندنیش دایه (گیدنز، 1386: 639).
له باری مێژوویی یه‌وه، ناسیۆنالیسم چوار ره‌هه‌ندی جیاوازی هه‌یه:
• ناسیۆنالیسمی دژ به ئیستعمار؛ ئه‌م ناسیۆنالیسمه بۆ خه‌بات دژ به ئیستعمار و بۆ ئازادی وڵات به کار هاتووه.
• ناسیۆنالیسم بۆ پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی و پێناسه کردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی؛ ئه‌م ناسیۆنالیسمه له وڵاتانێکی دواکه‌وتو به کار هاتوه که له‌وانه‌یه کۆلۆنی نه‌بووبن یان وڵاتانێک که تازه سه‌ربه‌خۆیی یان به ده‌س هێناوه، به‌ڵام خاوه‌نی رابردوویه‌کی پڕشکۆ بوون. بۆ پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی، هاوکاری گشتی، کۆششی میللی، پێناسه کردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و به هێز کردنی ژێرخانی ئابووری، له‌م ناسیۆنالیسمه که‌ڵک وه‌رگیراوه.
• ناسیۆنالیسمی دژ به سه‌رمایه‌داری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی؛ له ده‌ورانی جه‌نگی سارد و ره‌واجی کۆمۆنیسم له ناو رۆشنبیرانی جیهانی سێهه‌م، ئه‌م ناسیۆنالیسمه بۆ خه‌بات دژ به سه‌رمایه‌داری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌کار هاتوه.
• ناسیۆنالیسمی دژ به جیهانی بوون ؛ له‌م ساڵانه دا که چه‌مکی جیهانی بوون ره‌واجی سه‌ندوه، له باری فه‌رهه‌نگی و ئابووریه‌وه، ئه‌م ناسیۆنالیسمه دژ به په‌ره‌سه‌ندنی جیهانی بوون رائه‌وه‌ستێت (ادوین روئیس، 1383: 10-6)
هه‌روه‌ها بیرمه‌ندان باس له چه‌ن جۆر ناسیۆنالیسم ئه‌که‌ن. بۆ نمونه ته‌قسیمی ناسیۆنالیسم به دوو جۆری مه‌ده‌نی و قه‌ومی یه‌کێک له‌و ته‌قسیم به‌ندیانه‌یه. ناسیۆنالیسمی قه‌ومی له سه‌ر داب و نه‌ریتی فه‌رهه‌نگی، زمان، ئایین، شێوه‌ژیانی هاوبه‌ش ته‌ئکید ئه‌که‌ن. به‌ڵام ناسیۆنالیسمی مه‌ده‌نی له سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی یاسایی- عه‌قڵانی وڵات و به‌رابه‌ری تاکه‌کان له کۆمه‌ڵگادا ته‌ئکید ئه‌کات (اسمیت و وست، 1383: 692).
له بارێکی تریشه‌وه ناسیۆنالیسم ته‌قسیم به‌ندی ئه‌کرێت و به دوو جۆری ناسیۆنالیسمی چاکسازیانه و جودایی خواز وێنایان کردوه. له ناسیۆنالیسمی چاکسازیانه، کێشه له سه‌ر سنووری نه‌ته‌وه‌یی نیه و ته‌نانه‌ت رێزیشی لێ ئه‌گرن، به‌ڵکوو ته‌نیا، له پێناوی گۆڕان و چاککردنی حکوومه‌ت و شێوازی ئیداره کردنی کۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌کی هه‌نگاو به هه‌نگاو خه‌بات ئه‌کرێت. به‌ڵام ناسیۆنالیسمی جودایی خواز، چوارچێوه و سنووری نه‌ته‌وه‌یی به ره‌سمییه‌ت ناناسێت، که وابو بۆ شکاندن و گۆڕینی سنووره‌کان و دژ به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خه‌بات ئه‌کات له هه‌مان کاتدا هه‌وڵ ئه‌دات بۆ بونیادنان و دامه‌زراندنی وڵات و شوناس و سنووری سه‌ربه‌خۆ (برویلی، 1383: 500-498). پێویسته بووترێت له ناسیۆنالیسم ته‌نیا بۆ به ده‌س هێنانی سه‌ربه‌خۆیی که‌ڵک وه‌رنه‌گیراوه به‌ڵکو به‌شێکی زۆر له رێبه‌رانی وڵاتانی جیهان بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتوه.
4. گه‌شه‌کردنی زانست: یه‌کێک له بنه‌ما سه‌ره‌کی یه کانی گه‌شه و پێشکه‌وتنی رۆژئاوا، گه‌شه‌کردنی زانسته. زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان له ئاخری سه‌ده‌ی نۆزده دا سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن و ئه‌بن به یارمه‌تیده‌ری رۆژئاوا بۆ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به سه‌ر کۆمه‌ڵگا و راڤه و چاره‌سه‌ر کردنی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان. یه‌کێک له‌و زانستانه کۆمه‌ڵناسی بو.
ئۆگۆست کۆنت (1857-1798)، کارڵ مارکس (1883-1818)، ئێمیل دووڕکهایم (1917-1858)، ماکس ڤێبێر (1920-1864) که‌سانێکن که به‌ردی بناغه‌ی زانستی کۆمه‌ڵناسی یان داناوه. بیری پێشکه‌وتن و چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و گرفتانه‌ی که به هۆی گۆڕانکاری یه‌کانی شۆڕشی پیشه‌سازی دروست ببون، که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کی هه‌موویان بووه. له گه‌ڵ ئه‌مه‌یشا به شێوه‌یه‌کی جیدی بۆ دانانی مێتۆدۆلۆژی تایبه‌ت به کۆمه‌ڵناسی هه‌وڵیان داوه. کۆنت وه‌کو باوکی کۆمه‌ڵناسی و پۆزیتیویستێک له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه بوو که له نێوان مێتۆدی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان و زانسته سرووشتی یه‌کان جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆ به‌دی ناکرێت، که‌وابوو بۆ به زانست کردنی کۆمه‌ڵناسی ئه‌توانین و ئه‌بێ له مێتۆدی ئه‌وان بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ڵک وه‌رگیرترێت. به رای کۆنت، توێژه‌ر نابێ به هیچ جۆرێک بایه‌خه کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کانی، ده‌خاڵه‌ت بدات له توێژینه‌وه‌کانیدا و ئه‌بێ بێ لایه‌نی ره‌چاو بکات. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ماکس ڤێبێر، پێی وابوو که ئه‌و دوو زانسته به یه‌که‌وه جیاوازی زۆریان هه‌یه، که واته مێتۆده‌کانیشیان ئه‌بێ جیاواز بن. دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه که ئه‌مان له دیارده سرووشتی یه‌کان جیا ئه‌کاته‌وه. هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی کۆنت، ئه‌یوت ناکرێ و ناتوانین بایه‌خه‌کان و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان وه‌لا نێین، به تایبه‌ت له کاتی هه‌ڵبژاردنی بابه‌تی توێژینه‌وه، بایه‌خه‌کان ده‌خاڵه‌تی ته‌واو و رۆڵی گرنگیان هه‌یه، به‌ڵام له کاتی ئه‌زموون کردنی بابه‌ته‌که، کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و سه‌نگاندنی گریمانه‌کان ئه‌بێ بایه‌خه‌کان وه‌لا نێین (سروش، 1374: 219).
ئه‌مین زه‌کی به‌گ و مۆهه‌ندیسی ناسیۆنالیسمی کوردی
هه‌روه‌کو پێشتر باسم کرد، دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م، له سه‌راسه‌ری دونیا و به تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوین، له لایه‌که‌وه بیر و رۆحی نه‌ته‌وه‌خوازی په‌ره ئه‌ستێنێت و له لایه‌کی دیکه‌وه سه‌دان کیانی سیاسی وه‌کو ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و وڵاتی تازه دێنه ئاراوه که هه‌ر کامه‌یان خۆی به خاوه‌نی مێژوو، فه‌رهه‌نگی جیاواز، زمانی تایبه‌ت و جوگرافیای سه‌ربه‌خۆ ئه‌زانی. له‌م که‌ش و هه‌وایه دا و له ده‌ور و به‌ری کوردستان، ئه‌م ره‌وته زیاتر له جێگه‌ی تر به دی ئه‌کرێت. ته‌نانه‌ت چه‌ند هه‌وڵ و ته‌قه‌لای جیدی به‌ڵام ناکام له لایه‌ن کوردیشه‌وه به ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه ئه‌چێت. ئه‌مین زه‌کی به‌گ ئاگاداری مێژووی گه‌لی کورد بووه و له نزیکه‌وه گۆڕانکاریه‌کانی جیهان و ناوچه‌ی دیوه. هه‌روه‌ها له نزیکه‌وه شاهید بووه که ئه‌م وڵاته تازه پێگه‌یشتوانه، هیچکامیان هه‌ڵگری مێژوو، فه‌رهه‌نگ و که‌سایه‌تی کورد نین و جیاوازی زۆریان له گه‌ڵ کورد هه‌یه. لێره‌وه پرسی سه‌ره‌کی ئه‌مین زه‌کی به‌گ سه‌ر هه‌ڵئه‌دات و چه‌مکی "ئێمه" و "ئه‌وان" دروست ئه‌بێ.
"ئێمه کێین؟" ئه‌مه گرنگترین پرسیارێکه که زه‌ین و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌مین زه‌کی به‌گ به خۆیه‌وه خه‌ریک کردوه، به جۆرێک که ته‌واوی ژیانی زانستی و سیاسی خۆی ته‌رخان ئه‌کات بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره.
له یه‌که‌م لاپه‌ڕه و یه‌که‌م پاراگرافی کتێبی "کورد و کوردستان" دا، ئاوا ئاماژه به چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م پرسیاره هه‌ره گرنگه لای خۆی ئه‌کات: "له دوای ئه‌مه که له جێگه‌ی ته‌عبیری عوموومی "عثمانی" له‌فزی "تورک" و "تورانی"، له تورکیه‌دا باوی سه‌ند، به ته‌بیعه‌ت، وه‌کو ئه‌فرادی میلله‌ته‌کانی تر، منیش له ناو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌دا، غیره‌تی خۆم چاکتر حس کرد و غوروری قه‌ومی مه‌جبوری کردم له هه‌مو فوورسه‌تێکدا، ئه‌م حسه‌ی خۆم ئیزهار بکه‌م، [به‌ڵام] ده‌رحه‌ق به ئه‌سڵ تاریخی قه‌ومه‌که‌م هیچم نه‌ئه‌زانی، چونکه تا ئه‌و وه‌قته نه له مه‌کاتبدا فکرێکی وامان درابویه و نه له دواییش دا زه‌رووره‌تی ته‌دقیقی تاریخی کوردمان دی بو و که‌لیمه‌ی جامیعه‌ی "عثمانلی" ئه‌عسابی قه‌ومیه‌ی هه‌موومانی تا ده‌ره‌جه‌یه‌ک خاو کردبووه. باره‌ها ئه‌م سوئاله‌م له خۆم ئه‌کرد: "قه‌ومی کورد له چ نه‌ته‌وه‌یه‌که، چی به سه‌ر هاتوه؟" (ئه‌مین زه‌کی به‌گ، 1350: 1)
له وته‌کانی ئه‌مین زه‌کی به‌گ دا چه‌ند چه‌مکی نوێ به‌رچاو ئه‌که‌وێت و ئاماژه به‌و گۆڕانکاری یانه ئه‌کات که دوای کۆتایی پێهاتن به دیارده‌ی کۆلۆنیالیسم و جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م دونیای گرتبۆوه. له‌م پاراگرافه دا چه‌ند نوکته‌ی سه‌رنج ڕاکێش هه‌یه،
• یه‌که‌م: ئه‌ڵێت ته‌عبیری گشتی عوسمانی له ناو ئه‌چێت و تورک و تورانی ره‌واج په‌یدا ئه‌کات، به‌مجۆره باس له‌و ئاڵ و گۆره ئه‌کات که به سه‌ر ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و ئه‌و شوناسه‌ی به‌رهه‌می هێنابو، دا هاتوه؛
• دووه‌م: غیره‌ت و غوروری قه‌ومی ئه‌جوڵێته‌وه، چونکا په‌ی به جیاوازی خۆی له گه‌ڵ تورکه‌کان ئه‌بات، لێره‌وه چه‌مکی 'ئێمه" و "ئه‌وان" لای ئه‌مین زه‌کی به‌گ به‌رجه‌سته ئه‌بێته‌وه و دروست ئه‌بێت؛
• به‌ر له‌م گۆڕانکارىیانه و به‌ر له دروست بوونی ئه‌م چه‌مکانه، سه‌باره‌ت به مێژووی کورد کارێکی ئه‌وتۆ نه‌کراوه و که‌متر که‌سێکش به پێویستی زانیوه که له‌م باره‌وه ده‌س به کار بێت؛
• هۆکاری ده‌ربه‌ست نه‌بوونی شوناسی کوردی به نیسبه‌تی مێژووی خۆیان، ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شوناسی گشتی عوسمانی که سه‌رتر و به‌هێزتر بو له شوناسی قه‌ومی. به‌ڵام دوای تێکشکان و روخانی ئیمپراتۆرىیه‌تی عوسمانی و به دوای ئه‌ودا له ناو چوونی شوناسه‌که‌ی، لێره‌وه باس له به‌دیهاتن و سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیسمی کوردی و چۆنیه‌تی موهه‌ندسی کردنی ئه‌و ناسیۆنالیسمه ئه‌کرێت و ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که " قه‌ومی کورد له چ نه‌ته‌وه‌یه‌که و چی به سه‌ر هاتوه؟".
ئه‌مین زه‌کی به‌گ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی به‌م پرسیاره هاوکات له دوو لاوه ده‌س به کار ئه‌بێت:
a) پێناسه کردنی شوناسی کوردی: له لایه‌که‌وه هه‌وڵ ئه‌دات بنه‌مایه‌ک دابڕێژێ بۆ پێناسه کردنی شوناسی کوردی. نابێ ئه‌م نوکته‌یه فه‌رامۆش که‌ین که پێناسه کردن و گشتیه‌ت به‌خشین به شوناس، پێداویستیه‌کی سه‌ره‌کی پڕۆژه‌ی "نه‌ته‌وه‌سازی"یه. ئه‌مین زه‌کی، به‌و زه‌رووره‌ته ئه‌زانێ و به شێوه‌یه‌کی زانستىیانه زه‌مینه بۆ پێناسه کردنی شوناسی کوردی له‌بار ئه‌کات. هه‌ڵبه‌ت ده‌وری شوناسی نه‌ته‌وه‌کانی تر وه‌کو هانده‌رێک، ئه‌بێ له به‌ر چاو بگیردرێت که ئه‌وی هانداوه تا هه‌وڵ و کۆششی خۆی ته‌رخان بکات بۆ پێناسه کردن و به‌رهه‌م هێنانی بنه‌مایه‌ک بۆ شوناسی کوردی که خه‌سڵه‌ت و توخمی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.
پرسیاری قه‌ومی کورد له چ نه‌ته‌وه‌یه‌که، هه‌مان پرسیاره که له کاتی پێناسه کردنی "شوناس"دا دێته ئاراوه. شوناس بریتیه له وه‌ڵام گه‌لێک که بۆ پرسیاری "من کێم؟" دێنه ئاراوه. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندىیانه‌ی که له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره دا ئاماژه‌یان پێ ئه‌که‌ین، له لایه‌که‌وه ته‌عبیر له جیاوازىیه‌کانمان له گه‌ڵ "ئه‌ویدی" ئه‌کات و له لایه‌کی تره‌وه "له یه‌کچوون" مان نیشان ئه‌دات.
ئه‌مین زه‌کی به‌گ بۆ داڕشتنی بناغه‌یه‌کی پایه‌داربۆ شوناسی کوردی، ته‌ئکیدی زۆری له سه‌ر "مێژوو" کردوه و به نووسینی کتێبی مێژووی "کورد و کوردستان"، "ناودارانی کورد" و راڤه کردنی زمانی کوردی له چه‌ند وتاردا و هه‌روه‌ها نووسین به زمانی کوردی، ئاماژه به‌و توخمه سه‌ره‌کىیانه و ئه‌و رابردووه هاوبه‌شه ئه‌کات که ئیمه وه‌کو کورد به یه‌که‌وه ئه‌لکێنێت، له هه‌مان کات دا جیاوازیه‌کانمانیش له گه‌ڵ "ئه‌ویدی" ده‌س نیشان ئه‌کات. به‌م جۆره ئه‌زانین له کوێوه هاتووین، چیمان به سه‌ر هاتووه، هه‌روه‌ها به هۆی ئاگاداری له مێژوو، ناودارنی کورد و زمانی کوردی، خۆمان به که‌متر نازانین له گه‌لانی تر، جا که وابو ئه‌توانین غوروری قه‌ومی خۆمان راشکاوانه ئیزهار بکه‌ین.
پێم وایه ئه‌مین زه‌کی به‌گ زۆر وشیارانه و بۆ گه‌یشتن به ئامانجی خۆی که پێناسه کردنی شوناسی کوردی بووه، زمانی کوردی بۆ نووسینی مێژوو و به‌شێکی تر له کتێب و وتاره‌کانی به کار دێنێت. ته‌نانه‌ت ره‌خنه له شه‌ره‌فخان ده‌گرێ که بۆچی کتێبه‌که‌ی به کوردی نه‌نووسیوه: "مه‌لا ئیدریس بتلیسی، کتێبی "هشت بهشت"ی به فارسی بۆ سوڵتان بایه‌زید نووسی، زه‌ره‌ری نه‌بو، چونکه تاریخێکی عوسمانی بو. به‌ڵام به عه‌قیده‌ی من شه‌ره‌فخان بتلیسی، نه ئه‌بو "شرفنامه" که تاریخێکی کورده به فارسی بنووسێ" (هه‌مان: 4).
بۆ قوتابخانه‌کانیش ته‌ئکیدی کردوه له سه‌ر خوێندن به زمانی کوردی و له‌م باره‌وه ئه‌ڵێ: "لازمه که هه‌موو ده‌رسه‌کانی تر به کوردی بخوێنرێ و ئه‌هه‌مییتێکی زۆر به زمانه‌که‌مان بده‌ین و سه‌عی بۆ رێکخستنی ئوسوول و قه‌واعیدێکی سووک و دائیمی بۆ بکه‌ین تا ببێته زبانێکی رێک و پێک و زبانێکی ته‌دریس و ته‌دوین، له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م مه‌قسه‌ده ئه‌ساسیه‌ش بۆ ئێمه نابێته مانیعی فێربوونی به‌عزێ زبانی تر که دائیمه‌ن به که‌ڵکمان دێ و فائێده‌ی لێ ده‌بینین" (سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌کان؛ 2005، 17).
ئه‌مین زه‌کی به‌گ ئاگاداری گرنگی ده‌وری زمان له به‌رهه‌م هێنانی شوناس هه‌یه، به‌ڵام بۆچوونی ئه‌و بۆ زمان ته‌نیا له‌م سۆنگه و له‌م روانگه‌وه نیه. ئه‌و وه‌کو ئامرازی په‌یوه‌ندیش سه‌یری زمان ئه‌کات و له نووسینی مێژووی کورد و کوردستانیش دا ئه‌م باوه‌ڕه‌ی په‌یڕه‌و کردوه و ئوسوول و قه‌واعیدێکی سووک و ئاسانی به کار هێناوه و به جۆرێک نووسیوه‌تی که خه‌ڵک لێی حاڵی بن. هه‌روه‌ها ئه‌مین زه‌کی به‌گ که‌ڵکه‌ڵه‌ی نووژه‌ن کردنی زمانیشی هه‌یه و بۆیه پێشنیار ئه‌کات که به جۆرێک زمانه‌که‌مان کاری له سه‌ر بکرێت که ببێ به زمانێکی رێک و پێک و زبانێکی ته‌دریس و ته‌دوینی زانستی سه‌رده‌م. له هه‌مان کاتیش‌دا "سه‌عی بۆ رێکخستنی" زمان، نابێ، ببێته هۆی ره‌واجی بیری بێ نیازی به زمانه‌کانی تر که ده‌توانن به که‌ڵکمان بێت.
ئه‌مین زه‌کی به‌گ زانیویه‌تی، ئه‌گه‌ر ته‌نیا له روانگه‌ی ناسیۆنالیسمه‌وه سه‌یری زمان بکرێت، ئه‌وه ته‌واوی هه‌وڵه‌کان ته‌رخان ئه‌کرێت بۆ پاراستنی زمان و دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی کۆن و ره‌سه‌نی کوردی و ته‌نیا ئه‌بێ به ئامرازێک بۆ جیاوازی له زمانه‌کانی تر و له ئاکامدا پێش ئه‌گرن به وشه‌ی ناڕه‌سه‌ن و ته‌نانه‌ت داهێنانی وشه‌ی نوێ. به‌ڵام زمان فۆنکسیۆنی تریشی هه‌یه که یه‌کێک له‌وان "په‌یوه‌ندی" گرتنه. ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌م فۆنکسیۆنه، به‌رنامه بۆ زمان دابڕ‌ێژین، به‌ر له هه‌موو شتێک، توانایی زمان بۆ په‌یوه‌ندی گرتن، جێگه‌ی گرنگی پێدانه، به تایبه‌ت له دونیای ئه‌مڕو دا که رۆژ له گه‌ڵ رۆژ شاره‌کان گه‌وره ئه‌بنه‌وه و زانست زیاتر په‌ره ئه‌ستێنێت و په‌یوندی گه‌لانی جیهان و ناوده‌وڵه‌تی زۆرتر ئه‌بێت. که وابوو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی یه‌ی زمان ئه‌بێ زیاتر له به‌ر چاو بگیرترێت. ئه‌توانین بڵێین ئه‌مین زه‌کی به‌گ به پێی ناسیۆنالیسمی مه‌ده‌نی و چاکخوازانه هه‌ڵس و که‌وتی له گه‌ڵ زمان کرده‌وه. بۆ گه‌یشتن به‌م ئا‌مانجه‌یشی داوای یارمه‌تی له رۆشنبیران و خوێنده‌واران وه‌کو دو توێژی مۆدێرن ئه‌کات که ئه‌توانن توانایی و فۆنکسیۆنی زمان بۆ په‌یوه‌ندی گرتن، به‌رهه‌م هێنان و گواستنه‌وه‌ی زانست و ئه‌زموونی گه‌لانی تر، ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رجه‌سته بکه‌نه‌وه.
نوکته‌یه‌ک که لێره‌دا سه‌رنج ڕاکێشه، مێتۆدی مێژوونووسی ئه‌مین زه‌کی به‌گه که روانگه‌ی ئه‌ومان سه‌باره‌ت به زانست و بنه‌ماکانی شوناس بۆ ده‌رئه‌خات. ئه‌گه‌ر چی به گشتی مێتۆدی مێژوونووسی یه‌که‌ی تۆزێک کاڵ و کرچه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا راده‌ی راستی و وشێاری ئه‌مین زه‌کی به‌گمان نیشان ئه‌دات. راشکاوانه و بێ پێچ و په‌نا، "غورووری قه‌ومی و غیره‌تی" کوردانه به هانده‌ری خۆی ئه‌زانێ بۆ نووسینی مێژوی کورد و کوردستان و سه‌رهه‌ڵدانی پرسی موهه‌ندسی ناسیۆنالیسمی کوردی. که‌چی له کاتی نووسین دا "غوروور و غیره‌ت" فه‌رامۆش ئه‌کات و ده‌خاڵه‌تی نادات له کۆکردنه‌وه‌ی فاکت و ده‌کیۆمێنت بۆ نووسینی مێژووی کوردستان و په‌یڕه‌وی حس و خه‌یاڵ نابێت، لێره‌وه ئیتر، نووسینی مێژوو به شێویه‌کی راست و دروست و زانستی لا گرنگه و به هه‌ر قیمه‌تێک کوردایه‌تی ناکات. له‌م باره‌وه ئه‌ڵێت: نووسینی مێژووی کورد به شێوه‌یه‌کی راست و دروست، ئه‌رکی "لاوانی ئیمڕۆ و سبه‌ینێیه، له‌م خوسوسه‌وه زۆر تکایان لێ ئه‌که‌م، که وه‌کو به‌عزێ موحه‌ررینی کوردی دوێنێ و ئیمڕۆ، له تاریخ نووسین دا، تابعی حس و خه‌یاڵ نه‌بن، له خۆیانه‌وه هیچ هه‌ڵ نه‌به‌ستن و حادساتی تاریخیه نه‌گۆڕن بۆ ئه‌و به‌حسانه‌ی که ئه‌ینوسن.... ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌که‌ن، ره‌نجیان به زایه ئه‌چێ، نووسینه‌که‌یان قیمه‌تێکی عیلمی نابێ" (ئه‌مین زه‌کی به‌گ: 6).
ئه‌مین زه‌کی به‌گ دو قۆناغ بۆ توێژینه‌وه له به‌ر چاو ئه‌گرێت: قۆناغی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت، که توێژه‌ر ئه‌توانێ به پێی حس و خه‌یاڵ یان به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و تاکه که‌سی یه‌کانی، بۆ توێژینه‌وه بابه‌ت هه‌ڵبژێرێت. قۆناغی دووهه‌می توێژینه‌وه، قۆناغی کۆکردنه‌وه‌ی ده‌کیۆمێنت و رافه کردن و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و فاکتانه‌یه که کۆی کردۆته‌وه. به‌شێک له کۆمه‌ڵناسان و مێژوونووسانیش، بۆ نموونه ماکس ڤێبێر، بۆ توێژینه‌وه په‌یڕه‌وی وه‌ها قۆناغ به‌ندی یه‌کیان کردوه.
له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بێ ئه‌وه‌یه که ئه‌مین زه‌کی به‌گ، دیدێکی ره‌خنه‌گرانه‌ی هه‌بوه بۆ ده‌قه مێژوویه‌کان و ئه‌و ئامار و فاکتانه که به‌ر ده‌سی که‌وتوون. له خۆوه پشت نابه‌ستێ به‌و ئامارانه‌ی که له لایه‌ن ده‌زگاکانی ئیداری بڵاو کراونه‌وه و به دووری نازانێ که له به‌ر ئامانجی سیاسی بڕێکیان ده‌ستکاری بکرێن. له بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر، کۆکردنه‌وه‌ی ئاماری قه‌ومی به پێویست ئه‌زانێ و له هه‌مان کاتدا ئاماژه به‌و گرفتانه ئه‌کات که ئێستاش به‌شێکی زۆر له وڵاتانی جیهانی سێهه‌م هه‌یانه. له لایه‌که‌وه له به‌ر ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی، ئاماره‌کان به شێوه‌یه‌کی زانستی و دروست و هه‌مه لایه‌نه و به پێی دیارده جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆ و بڵاو ناکرێنه‌وه، له لایه‌کی تریشه‌وه، به هۆی گه‌نده‌ڵی و لاوازی ده‌زگا ئیداری یه‌کانه‌وه، ئاماری دروست و باوه‌ڕپێکراو کۆ ناکرێته‌وه. که‌وابو توێژه‌رێکی راسته‌قینه که پڕه‌نسیپه زانستیه‌کانی لا گرنگه، ناتوانێ پشت به‌م ئامارانه ببه‌ستێ و به شێوه‌یه‌کی ره‌خنگرانه که‌ڵکیان لێ وه‌رئه‌گرێت.
b) موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی: ئه‌مین زه‌کی به‌گ له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بووه بۆ به‌رهه‌م هێنان و موهه‌ندسی کردنی ناسیۆنالیسمی کوردی. به‌ڵام نه‌ک وه‌کو نووسه‌ر، بیرمه‌ند و هۆگری زانست، به‌ڵکو وه‌کو نوێنه‌ری خه‌ڵک له مه‌یدانی خه‌بات و چالاکی سیاسی‌دا، ئه‌مجار ده‌ست به کاری موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌بێت.
"پووپێڕ" (1994-1902) باس له دو شێوه و دو جۆر موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌کات:
1. موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو به هه‌نگاو یان له‌سه‌رخۆ
2. موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی یۆتۆپیایی
له موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو بو هه‌نگاو، شێوازی له سه‌رخۆ و شێنه‌یی بۆ گۆڕانکاری له ناو کۆمه‌ڵدا ره‌چاو ئه‌کرێت. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م موهه‌ندسی یه، که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌رد و ره‌نجی خه‌ڵکه. بۆ به‌دیهاتنی ئه‌م مه‌به‌سته‌یش، هه‌نگاو بو هه‌نگاو به‌ره‌و پێش ئه‌چن. پلان و به‌رنامه‌ی ساده و ساکار دائه‌ڕێژن و کارێک ناکه‌ن خه‌ڵک تووشی زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره بن. بۆ نمونه پووپێڕ ئاماژه به چاکسازی له بواری په‌روه‌رده و بارهێنان ئه‌کات. به‌ڵام له موهه‌ندسی یۆتۆپیایی دا هه‌وڵ ئه‌درێ بۆ خه‌بات و گه‌یشتن به ئارمانێکی گه‌وره و به‌دیهاتنی خه‌ون و خه‌یاڵی نادیار (پوپر، 1377: 357).
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مین زه‌کی به‌گ به‌ر له پووپێڕ ژیاوه، جا ئه‌گه‌ر شێوه‌ی کار و چالاکی سیاسی یه‌که‌ی له به‌ر چاو بگرین بۆمان ده‌ر ئه‌که‌وێ که سوود له موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو به هه‌نگاو ورئه‌گرێت. به تایبه‌ت له بواری خه‌بات بۆ پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌رد و ره‌نجی کۆمه‌ڵ، به‌ر له هه‌موو شتێک ته‌ئکیدێکی زۆری له سه‌ر چاکسازی له بواری په‌روه‌رده و بارهێنان، وه‌کو فاکته‌رێکی هه‌ره گرنگ هه‌یه. ئه‌مین زه‌کی به‌گ، باسی له خه‌ون و خولیای گه‌وره و نادیار نه‌کردوه و ئیدیعای ئه‌وه‌ی نه‌کردوه که ده‌توانێت له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه به‌هه‌شتمان له سه‌ر عه‌رز بۆ دروست بکات. ته‌نانه‌ت چه‌ندین جار باس له خۆ پاراستن له ئیفرات و ته‌فریت ئه‌کات.
دروست کردنی قوتابخانه یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه‌یه که ئه‌مین زه‌کی به‌گ به شێوه‌یه‌کی له سه‌رخۆ بۆ مۆدێرنیزاسیۆنی کوردستان هه‌ڵی گرتوه. سه‌یری که‌ن چۆن باس له‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌کات: "خۆشتان ده‌زانن که ئه‌و وه‌قته که ئیمه بووین به وه‌کیلتان، له هه‌موو سلیمانیدا ته‌نیا یه‌ک مه‌کته‌ب هه‌بو و ئه‌و مه‌کته‌به‌ش زۆر زۆر نوقسانی هه‌بو، له لامان به ته‌واوی مه‌علوم بو که مه‌سئه‌له‌ی مه‌عاریف بۆ لیواکه‌مان له پاش ئه‌منیه‌ت و ئاسایش له هه‌مو شتێک زیاتر لازم و موهیممه و به‌م فکره له لایه‌که‌وه سه‌عی بۆ ئیکمالی نه‌واقیسی مه‌کته‌به‌که کراو له لایه‌کی تره‌وه هه‌وڵ بۆ چه‌ند مه‌کته‌بێکی تازه درا" (سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌کان: 15).
ئه‌مه یه‌که‌م هه‌نگاوه که هه‌ڵی گرتوه، به‌ڵام هه‌نگاوی کۆتایی نیه و قوتابخانه‌یش فه‌قه‌ت دار و به‌رد و خشت و چیمه‌نتۆ نیه و پێداویستی تری هه‌یه. پێویسته له مامۆستای زانا و پسپۆڕیش که‌ڵک وه‌رگیرترێت، بۆیه ئه‌ڵێت: "له سه‌ر هه‌موو لایه لازمه که سه‌عی و هیممه‌ت بۆ پێگه‌یاندن وه‌یا دۆزینه‌وه‌ی موعه‌للیمی چاک بکرێ و به هه‌ر نه‌وعێ ده‌بێ عیللاجی ته‌واو کردنی سونفه‌کانی مه‌کته‌بی سانه‌وی بدۆزرێته‌وه. چونکی پێشکه‌وتنمان به‌و مه‌کته‌به‌وه‌یه و فائیده‌ی مه‌کته‌بیش به نه‌زه‌ر ئینتیزام و ته‌واوی سونفه‌کانیه‌وه‌یه. وه به ته‌نیا سونفێ مانه‌وه‌ی وه‌کوو ئێستا، بۆ ئیستیقبالی مه‌عاریفی لیواکه‌مان موسیبه‌تێکی زۆر گه‌وره‌یه و زه‌ره‌ری زۆرمان پێ ده‌گه‌یێنی" (هه‌مان: 17)
ئه‌مین زه‌کی به‌گ هه‌نگاو بو هه‌نگاو به‌ره‌و پێش ئه‌ڕوات و به‌م کاره‌ی واده‌ی به‌هه‌شت به که‌س نادات، به‌ڵکو ته‌نیا ده‌یهه‌وێ به‌شێک له ده‌رد و ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵگا و نوقسانی قوتابخانه‌کان که‌م کاته‌وه. ته‌ئکید له سه‌ر وشه‌گه‌لێک وه‌کو زه‌ره‌ر، موسیبه‌ت، نوقسانی و... جێی سه‌رنجه و تا راده‌یه‌کی زۆر نیشانده‌ری شێوه‌ی موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مین زه‌کی به‌گه. به‌ڵام زه‌ره‌ره‌کان چین؟
1. ته‌له‌به و قوتابی ناتوانن بچن بۆ ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا، که‌وابو ناتوانن له گه‌ڵ زانستی سه‌رده‌م ئاشنا بن؛
2. مه‌حروم بوونی قوتابی و لاوی کورد له خوێندنی باڵا له به‌غدا.
ئه‌مین زه‌کی به‌گ خوێندنی باڵا و ئاشنایی له گه‌ل زانستی سه‌رده‌م، به کاریگه‌ر و زۆر گرنگ ئه‌زانێ له سه‌ر ئاستی مۆدێرنیزاسیۆن و پێشکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی، بۆیه وا به پرۆشه‌وه باس له‌و خه‌ساره گه‌وره ئه‌کات که له‌وانه‌یه قوتابی کورد به هۆی نه‌بوونی قوتابخانه‌وه، دوچاری بن. له سه‌رده‌می ژیانی ئه‌مین زه‌کی به‌گدا دیارده‌ی ناردنی خوێندکار بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپایی و ئه‌مریکا زۆر باو بووه و زۆربه‌ی رێبه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی که هۆگری چاکسازی وڵاته‌که‌یان بوون، ئه‌م کاره‌یان به ئه‌نجام ده‌گه‌یاند.
به‌ڵام بۆ دروست بوونی قوتابخانه هه‌نگاوی تریش پێویسته، هه‌ر بۆیه دوای چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی مامۆستای کورد، باس له چاره‌سه‌ر کردنی که‌م و کۆڕیه‌کی تر ئه‌کات که نه‌بوونی کتێبه به زمانی کوردی. له گه‌ڵ مامۆستایان و رۆشنبیرانی کورد قسه ئه‌کات و هانیان ئه‌دات بۆ نووسین یان وه‌رگێڕانی کتێب بۆ سه‌ر زمانی کوردی و ئه‌ڵێت: "ئه‌م وه‌زعیه‌ته گه‌وره و موباره‌که به ته‌بیعه‌ت به‌شی مونه‌وه‌ره‌کانمانه و ده‌بێ که‌مێ زۆر له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا خه‌ریک بن و به موحه‌قیقی بیزانن که ئه‌م نه‌وعه خدمه‌ته‌یان بۆ وه‌ته‌ن و میلله‌ته‌که زۆر به فائیده ئه‌بێ و به‌مه ئیحتیاجێکی زۆر گه‌وره‌ی مه‌کته‌به‌کانمان ره‌فع ده‌که‌ن" (هه‌مان: 20).
یه‌کێکی تر له‌و فاکته‌رانه‌ی ئه‌مین زه‌کی به‌گ هه‌وڵی بۆ داوه و ده‌توانێ ببێ به بنه‌مایه‌ک بۆ پێشکه‌وتن، مه‌سئه‌له‌ی رێگه‌ی سلێمانی بووه و کارێکی کردوه تا پاره‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان بکرێ. ئه‌مین زه‌کی به‌گ لێره‌یش په‌یڕه‌وی له پێداویستی یه‌کانی مۆێڕنیزاسیۆن و موهه‌ندسی هه‌نگاو به هه‌نگاو و ئه‌کات و ئه‌لێت: "مه‌سئه‌له‌ی رێگه بۆ سلێمانی چه له خوسووسی ئیعاده و ئیدامه‌ی ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و چه له جیهه‌تی ته‌سهیلاتی هاتوچۆ و چه بۆ تیجاره‌ت زۆر زۆر به ئه‌هه‌مییه‌ت بو.... هه‌موو ده‌یزانین که رێگه‌یه‌کی شه‌مه‌نده‌فه‌ر مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی ئێمه ئیحیا ئه‌کاته‌وه" (هه‌مان: 21).
جیا له‌مانه، ئه‌مین زه‌کی به‌گ، دابین کردنی خه‌تی ته‌لغراف، ته‌له‌فۆن و مه‌رکه‌زی پۆسته‌یش فه‌رامۆش ناکات و له به‌رنامه‌کانی دا بۆ مۆدێرنیزاسیۆنی سلێمانی و کوردستان له به‌ر چاویان ئه‌گرێت. له گه‌ڵ ئه‌مانه‌یش هه‌وڵی داوه بۆ دروست کردنی بینا و دامه‌زراوه‌ی نوێ وه‌کو شاره‌وانی، پارک و سه‌یرانگا، شه‌قامی تازه و...
هه‌روه‌کو پێشتریش باسمان کرد، ئه‌و وڵاتانه‌ی تازه سه‌ربه‌خۆیی به ده‌س ئه‌هێنن له گه‌ڵ دو کێشه‌ی ئیستبدادی سیاسی و گه‌نده‌ڵی ئیداری رووبه‌ڕوو ئه‌بنه‌وه. ئه‌مین زه‌کی به‌ک به ئه‌زموون په‌ی به‌م کێشانه بردبو و له ژیانی سیاسی و ته‌نانه‌ت زانستی خۆی دا، دوور له ئیستبداد و گه‌نده‌ڵی بووه و زۆر ژیانێکی ئه‌خلاقی هه‌بووه. بۆ نمونه ئه‌توانین ئاماژه به‌و نامه‌یه بکه‌ین که له کۆتایی وه‌زیفه و ئه‌رکی نوێنه‌رایه‌تی به رێزه‌وه بۆ خه‌ڵکی نووسیوه و له حیساب و کیتاب و ئیش و کاری خۆی ئاگاداریان ئه‌کاته‌وه. له هه‌مان کاتیش‌دا گوزارشت له جۆرێک له بارهێنانی سیاسی له‌م نامه‌یه‌دا به‌دی ئه‌کرێت، کاتێک باس له ئه‌رکه جۆراوجۆره‌کانی نوێنه‌ر ئه‌کات. له‌م نامه‌یه‌دا ئاماژه به ته‌واوی ئه‌و پووڵ و پاره‌یه که له‌م ساڵانه‌دا سه‌رفی کردوه به شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و ئاشکرا ئه‌کات. ئه‌مین زه‌کی به‌گ به‌م نامه‌یه نیشانی داوه که خۆی به به‌رپرس ئه‌زانێت له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکدا. هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی، هه‌م ئه‌بێته هۆی دووری له ئیسبداد و هه‌م دووری له گه‌نده‌ڵی.
له ته‌واوی ئه‌م به‌رنامانه‌ی دا، ئه‌مین زه‌کی به‌گ به پێی موهه‌ندسی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌ڵس و که‌وتی له گه‌ڵ کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کان هه‌بووه و به وردی زانیویه‌تی چی ئه‌کات و نه‌تیجه‌ی کار و تێکۆشانه‌که‌ی ئه‌بێ به چی. وه‌کو کوردپه‌روه‌رێکی گه‌وره و دڵسۆز به‌شێکی زۆری له ژیانی خۆی بۆ پێشکه‌وتنی کوردستان ته‌رخان کرد بو، به‌ڵام هه‌رگیز تابعی حس و خه‌یاڵ و دووچاری توندڕه‌وی نه‌بوه. نه‌رم و له سه‌رخۆ و به متمانه‌وه کار و به‌ره‌نامه‌کانی به‌ره‌و پێش بردوه هه‌تاکو بتوانێ به‌ش به حاڵی خۆی که‌مێک له ده‌رد و ئازار و مه‌ینه‌تی یه‌کانی خه‌ڵک که‌م کاته‌وه. مۆدێلی موهه‌ندسی ناسیۆنالیسم لای ئه‌مین زه‌کی به‌گ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بووه:
سه‌رچاوه‌کان:
1. روئیس، لستر ادوین ج (1383): دائره المعارف ناسیونالیسم، زیر نظر الکساندر ماتیل، ترجمه فربیرز مجیدی، کتابخانه تخصصی وزارت امور خارجه، تهران، چاپ اول
2. اسمیت، فیلیپ و وست، برد (1383): دائره المعارف ناسیونالیسم، زیر نظر الکساندر ماتیل، ترجمه محبوبه مهاجر، کتابخانه تخصصی وزارت امور خارجه، تهران، چاپ اول.
3. برویلی، جان ج (1383): دائره المعارف ناسیونالیسم، زیر نظر الکساندر ماتیل، ترجمه محمد حسین آهویی، کتابخانه تخصصی وزارت امور خارجه، تهران، چاپ اول.
4. بولییت، ریچارد (1382): تاریخ قرن بیستم، محمد رفیعی مهرآبادی، دفتر مطالعات سیاسی وبین المللی، تهران، چاپ اول.
5. بهنام، جمشید (1375): ایرانیان و اندیشه تجدد، نشر و پژوهش فرزان روز، تهران، چاپ اول.
6. پوپر، کارل (1377): جامعه باز و دشمنان آن، عزت الله فولادوند، انتشارات خوارزمی، تهران، چاپ دوم.
7. محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ (1350) کورد و کوردستان، سه‌یدیان، مه‌هاباد، چاپی یه‌که‌م.
8. سدیق، ساڵح (2005): سه‌رجه‌می به‌رهه‌می محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ، بنکه‌ی ژین، سلێمانی، چاپی یه‌که‌م.
9. سروش، عبدالکریم (1374): درسهایی در فلسفه علم الاجتماع (روش تفسیر در علوم اجتماعی)، نشر نی، تهران، چاپ اول.
10. طباطبایی، جواد (1386): نظریه حکومت قانون در ایران، انتشارات ستوده، تبریز، چاپ اول.
11. گیدنز، آنتونی (1386): جامعه شناسی، حسن چاوشیان، نشر نی، تهران، چاپ اول.



















