به‌ڕێز بێ شه‌ست‌و چواره‌مین ساڵوه‌گه‌ری دامه‌زرانی كۆماری كوردستان
هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌كان!
گه‌لانی مافخورا‌وو مافخوازی ئێران1
خه‌ڵكی به شه‌ره‌فی كوردستان!
دووی ڕێبه‌ندانی ئه‌م ساڵ شه‌ست‌و چوارساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی یه‌كه‌م حكوومه‌تی كۆماری له مێژووی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد دا تێ‌ده‌په‌ڕێ. ڕۆژی 2ی ڕێبه‌ندانی 1324 (22ی ژانویه‌ی 1946) له كاتێكدا نوێنه‌رانێك له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانه‌وه بۆ پێشوازی له ڕووداوێكی گرنگی مێژوویی ڕوویان كردبووه مه‌هاباد، ناوه‌ندی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران، له سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ڕێبه‌ری حیزبی دیموكراتی كوردستان " ده‌وڵه‌تی جمهوری كوردستان" ڕاگه‌یه‌ندرا‌و هه‌ر پێشه‌وا خوشی به سه‌ركۆمار هه‌ڵ‌بژێردرا.
دامه‌زرانی كۆماری كوردستان نه‌ك هه‌ر بۆ بزووتنه‌وه‌ی كوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵكوو بۆ ته‌واوه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی له ئێران و بۆ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانیش ڕووداوێكی گرنگ‌و ده‌سكه‌وتێكی مێژوویی بوو. هه‌ر بۆیه‌ش، ئه‌و كۆماره هه‌م بۆخه‌ڵكی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان بوو به نوخته هومێدێك‌و هه‌م ته‌واوه‌تی حیزب‌و ڕێكخراوه دێموكڕات‌و پێشكه‌وتووه‌كانی ئێران پێشوازییان له دامه‌زرانی كرد‌و پێوه‌ندیی دۆستایه‌تی‌و هاوكارییان ده‌گه‌ڵ دامه‌زراند.
وه‌ك ده‌زانین كه‌متر له مانگ‌و نیوێك پێشتریش حكوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان له ته‌ورێز دامه‌زرابوو،و ئه‌مه دووه‌م ده‌سكه‌وتی گرنگی دێموكراسی‌و مافی به‌رامبه‌ریی نه‌ته‌وه‌كانی دانیشتووی ئێران‌و دووه‌مین زه‌بر له حكوومه‌تی زوڵم‌و زۆر‌و نابه‌رابه‌ری له‌م وڵاته دا بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، گه‌لانی زۆر لێكراوی ئێران وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی خۆیان چاویان لێ ده‌كرد‌و كۆنه په‌ر‌ستیی پاشایه‌تی‌و هێزه جه‌هه‌ننه‌مییه‌كانی پشتیوانی زراویان لێی چووبوو،و بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی كه‌وتنه نه‌خشه‌دانان‌و پیلانگێڕان.
ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆماره به هۆی جۆراوجۆری نێوخۆیی‌و ده‌ره‌كی نه‌ی‌توانی له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ‌و كه‌متر له11 مانگ به‌رده‌وام بوو، ئه‌زموونی زۆر به نرخی بۆ هه‌ر دوو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد‌و سه‌رانسه‌ریی ئێران به جێ هێشت. ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌و ماوه كورته‌ی ته‌مه‌نی هه‌ردوو حكوومه‌تی ئازه‌ربایجان‌و كوردستان بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه مافخوازه بوونه ئیلهامده‌ری خه‌باتێكی شێلگیر‌و به‌رده‌وام كه بێگومان تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری‌و زیندوو كردنه‌وه‌ی شانازییه‌كانی ئه‌و دوو حكوومه‌ته گه‌لییه به‌رده‌وام ده‌بێ.
باسی ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کورد له‌کۆماری کوردستان، خاڵه به‌هێزو لاوازه‌کانی ئه‌و کۆماره، دۆست‌و دوژمنه‌کانی،هۆیه‌کانی ڕووخانی‌و سه‌ره‌نجام ئه‌زموونه‌کانی جگه له‌وه که به‌خۆشییه‌وه له‌بۆنه‌ی جۆراوجۆردا زۆری له‌سه‌ر گوتراوه‌و نووسراوه، پێویستیی به ده‌ر‌فه‌ت و ده‌ره‌تانێكی زیاتر‌و لێکدانه‌وه‌یه‌کی کارناسانه هه‌یه. بۆیه لێره‌دا به درێژه ئاوڕی لێ‌ناده‌ینه‌وه‌و به‌و کورته‌یه لێی تێ ده‌په‌ڕین. نوێ‌بوونه‌وه‌ی یادی ئه‌و ڕووداوه مێژووییه به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانین بۆئه‌وه‌ی به‌م بۆنه‌یه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌شی کۆمه‌ڵانی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان‌و هه‌موو ئازادیخوازانی ئێران بکه‌ین‌و بۆهه‌مووان له‌خه‌باتی ڕه‌واو شێلگیرانه‌یان له‌پێناوی ئازادی‌و دێموکڕاسی‌و یه‌کسانی‌و دادپه‌روه‌ریدا سه‌رکه‌وتن به‌ئاوات بخوازین.
خه‌ڵکی خه‌باتگێڕی کوردستان!
ئازادیخوازانی سه‌رانسه‌ری ئێران!
ئه‌مساڵ له هه‌لومه‌جێکدا یادی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان ده‌که‌ینه‌وه که به‌خۆشییه‌وه ئاسۆی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵکی ئێران له‌هه‌موو قۆناغه‌کانی ڕابردوو ڕوونتر دیاره. بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری به‌دژی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرو کۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامی، که له‌مێژساڵه ده‌سستی پێ‌کردوه، له‌پاش کۆدیتای شوومی خامه‌نه‌یی-ئه‌حمه‌دی‌نیژاد به‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا پێی ناوه‌ته قۆناغێکی تازه‌وه. ڕاپه‌ڕینێک که له‌سه‌ره‌تادا به‌دروشمی "ده‌نگه‌کانمان کوان؟" ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌تا هاتوه قووڵتر‌و به‌ر‌به‌رینتر بۆته‌وه‌و گه‌یشتۆته جێگایه‌ک که دروشم‌و داخوازی هێزه پێشڕه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵ،خوێندکاران، ڕووناکبیران، لاوان‌و ژنان‌و به‌گشتی تێکڕای ئازادیخوازان نیشانه له‌به‌رزترین پله‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ده‌گرن. هه‌موو نیشانه‌کان پێمان ده‌ڵێن که بزووتنه‌وه‌ی ئه‌م‌جاره‌ی خه‌ڵکی ئێران ئه‌گه‌ریش تووشی هێندێ پاشه‌کشه‌ی کاتی‌و تاکتیکی بێ، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیه‌و تا وه‌دیهێنانی داخوازه‌کانی که دیاره کۆماری ئیسلامی وه‌ڵامێکی بۆیان نیه، درێژه‌ی ده‌بێ.
ڕێژیمی ئاخونده‌کان له هه‌ردوو مه‌یدانی نێوخۆیی‌و نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌گه‌ڵ بێزراوی‌و ته‌ریک‌مانه‌وه‌یه‌کی بێ‌وێنه به‌ره‌وڕوو بووه‌و به‌ڕاستی ڕێگای مانۆڕ‌و خۆدزینه‌وه‌ی لێ به‌ستراوه. ئه‌م ڕێژیمه له دووڕێگا زیاتری له‌پێش نیه. یان ته‌سلیمی ویستی خه‌ڵک ده‌بێ‌و مل بۆ داخوازه‌کانیان ڕاده‌کێشێ، که زۆر به‌دوور ده‌زانرێ،یان ده‌بێ مه‌یدان چۆڵ بکاو ده‌سه‌ڵات بۆ حکوومه‌تێکی هه‌ڵقوڵاو له ئیراده‌ی خه‌ڵک‌و داخوازه دێموکڕاتییه‌کانیان به‌جێ بێڵێ.
به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو هه‌وڵه نه‌زان‌خه‌ڵه‌تینه‌كانیان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی ئێران ناتوانن جارێكی دیكه خه‌ڵكی وشیار‌و وه‌خه‌به‌ر هاتوو به فریوبه‌رن‌و له داخوازه‌كانی خۆیان پاشگه‌زیان بكه‌نه‌وه. پشتیوانه ده‌ره‌كییه‌كانی رێژیمیش كه زیاتر، هێندێ رێژیمی كۆنه‌په‌رست‌و دواكه‌وتووی له چه‌شنی كۆماری ئیسلامین له توانایاندا نیه له‌وه زیاتر به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی خه‌ڵكی ئێران ڕێژیمی زوڵم‌و زۆر‌و نا حه‌قی‌و جیاوازی‌دانان له‌سه‌ر پێ ڕابگرن. هه‌روه‌ك له دروشمی خۆپێشانده‌ران‌و له‌وه‌ش زیاتر له كرده‌وه‌ی ئه‌واندا نیشان دراوه سه‌ركوت‌و كرده‌وه دزێو‌و بێزهه‌ستێنه‌كانیش ناتوانن كاریگه‌ربن‌و خه‌ڵكی چاوترسێن بكه‌ن. كه‌وایه ده‌بێ خۆمان بۆ ڕۆژێك ئاماده بكه‌ین كه شه‌ڕی ئه‌و سیستمه دژی‌گه‌لییه‌له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران لاده‌چێ.
خه‌باتگێڕانی ڕێگای ئازادی!
له‌بیرمانه نیزیك به 31 ساڵ پێش ئێستا ڕاپه‌ڕینی به‌شكۆی گه‌لانی ئێران ڕێژیمێكی سه‌قامگرتووی 2500 ساڵه‌ی به چۆكدا هێنا‌و سێبه‌ری خوا له سه‌رزه‌وی نه‌ك هه‌ر له ئێران جێگای حه‌وانه‌ی نه‌ما، به‌ڵكه به جۆرێك كه‌وته به‌ر شه‌پۆلی بێزاریی خه‌ڵك كه پشتیوانه بێگانه‌كانیشی پشتیان تێ كرد. به‌و جۆره شا كه ماوه‌ی ده‌یان ساڵ به زۆری سه‌ره‌نێزه حكوومه‌تی به‌سه‌ر گیان‌و ماڵی ئێرانییه‌كانه‌وه كردبوو، ناچار بوو مه‌یدان به جێ بێڵێ‌و وه‌دوای چاره‌نووسی نادیاری خۆی بكه‌وێ.
دیمه‌نی ئێستای شه‌قامه‌كانی تاران‌و شاره گه‌وره‌كانی ئێران ده‌قا‌وده‌ق دیمه‌نی ڕاپه‌ڕینی به‌شكۆی گه‌لانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیمان وه‌بیر دێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی ساڵه‌كانی 57ـ 56 له ڕێبه‌نداندا سه‌ری هه‌ڵ‌دا‌و ساڵێك دواتریش هه‌ر له ڕێبه‌نداندا گه‌یشته لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتن، ڕاپه‌ڕینی ئه‌م جاره‌ش له ڕێبه‌نداندا گوڕوتینێكی تازه‌ی پێوه دیاره. ئه‌وه كه ڕێژیم له ڕێبه‌نداندا به چۆكدا دێ یان چه‌ند مانگ‌و ته‌نانه‌ت چه‌ند ساڵی دیكه له‌مه‌یدان ده‌چێته ده‌ر، زۆر گرنگ نیه. مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه كه ئه‌زموونی 1357 مان له‌به‌ر چاو بێ‌و نه‌هێڵین مێژوو خۆی دووپاته بكاته‌وه. زۆرمان له بیرمانه كه چۆن ده‌سكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1357 به تاڵان چوون‌و ئازادیخوازانی ئێران به هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایین‌و مه‌زهه‌ب‌و چین‌و توێژه‌كانیانه‌وه سه‌ریان بێ كڵاو مایه‌وه.
ئێستا ئیدی بۆهه‌مووان ڕوونه که هۆی سه‌ره‌کیی ئه‌و ناکامییه گه‌وره‌یه‌ی ڕاپه‌ڕینی 1357ی تووش هات، ئه‌وه بوو که هه‌روه‌ک ئه‌وده‌م ده‌گوترا" هه‌موو كه‌س ده‌ی زانی چیی ناوێ" به‌ڵام نه‌یان ده‌زانی "چی‌یان ده‌وێ". بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه تووشی ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه نه‌بینه‌وه پێویسته ئێستا‌و چه‌ندی بكرێ زووتر له فكری چاره‌سه‌ردا بین. ئه‌گه‌رنا، رووخانی ئه‌م ڕێژیمه‌و هاتنی ڕێژیمێكی دیکه‌ی وه‌ك خۆی ده‌توانێ رۆژڕه‌شییه‌كی گه‌وره‌ترمان بۆ به دیاری بێنێ. بۆ خۆ پاراستن له دووپاته بوونه‌وه‌ی مێژوو پێویسته چه‌نده له فكری لادانی ئه‌م ڕێژیمه داین، ئه‌ونده‌و زیاتریش له غه‌می داڕشتنی نه‌خشه‌ی ئاینده‌و سیستمی ئاینده‌دا بین.
بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ش ده‌گه‌ڵ هه‌موو شانازییه‌كانی به داخه‌وه ئه‌و كه‌م‌و كوڕییه‌ی پێوه دیاره كه نه به‌رنامه‌یه‌كی ڕوون‌و ناسراوی هه‌یه‌و نه ڕێبه‌رایه‌تییه‌ك كه به نه‌زه‌ری نوێنه‌رانی زۆربه‌ی لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی ئێران‌و پێكهاته جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵی ئێران دیاری كرابێ. ده‌بێ هه‌موو لایه‌ک بزانن كه ده‌ورانی ته‌واوه‌تخوازی‌و حاشا له بوونی جۆراوجۆرییه‌كانی کۆمه‌ڵی ئێران كۆتایی هاتوه. ئێران وڵاتی جۆراوجۆرییه ئایینی‌و مه‌زهه‌بی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه. سیستمێمك له دوارۆژی ئێران‌دا شانسی مانه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی ده‌بێ كه هه‌موو جۆراوجۆرییه‌كانی کۆمه‌ڵ ببینێ‌و مافه ڕه‌واكانیان به‌ڕه‌سمی بناسێ‌و دابینیان بكا. بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه حاشاكردن‌و چاونووقاندن له‌حاند ڕاستییه‌کان نه‌ک‌هه‌ركارساز نیه، به‌لكوو زیانبه‌خشیشه‌و هه‌ر نیزامێك بێ ده‌ركی ئه‌وڕاستییه دابمه‌زرێ،هه‌ر ده‌گه‌ڵ دامه‌زرانی، به‌ردی بناخه‌ی هه‌ڵوه‌شانی خۆشی داده‌نێ. كه‌وایه، ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له نێو خۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به دوای یه‌كتر دا بگه‌ڕێن، داخوازه‌كان‌و بۆ چوونه‌كان پێكه‌وه باس بكه‌ن‌و پێكه‌وه بگه‌نه پلاتفۆڕمێكی هاوبه‌ش كه مافه‌كانی هه‌مووان له دواڕۆژی ئێران‌دا مسۆگه‌ر بكا. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئێران یه‌كپارچه‌و به‌خته‌وه‌ر‌و پێشكه‌وتوو بێ، ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین وڵاتی هه‌مووان به مافی به‌رامبه‌ره‌وه بێ، به ئه‌قڵی به‌کۆمه‌ڵی هه‌مووان به‌ڕێوه بچێ‌و به هێزی هاوبه‌شی هه‌مووان بپارێزرێ.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هێزه سیاسییه‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ده‌بێ هه‌موولایه‌ک بزانن ئه‌ركی وان قورس‌تر له ئه‌رکی هه‌مووانه. ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌سه‌ر نییه كه ئاماده‌ی باس‌و دانیشتن ده‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی نێو بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ریی ئێران بن. ئه‌ركی له پێشتری ئه‌وان دانیشتن و باس‌و وتووێژی بێ ماندوو بوون‌و بێ پسانه‌وه‌و بێ هه‌ڵاواردن ده‌گه‌ڵ یه‌كتره، بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆیان له‌سه‌ر داخوازه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌نه یه‌ك‌و به یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌ك وتار‌و یه‌ك نۆێنه‌رایه‌تی بچنه نێو كۆڕی هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ئێران. هێزه كوردییه‌كان بێ به‌شداری له بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ریدا ناتوانن چاوه‌ڕوانی ده‌سكه‌وتێك له ئاڵوگۆڕه‌كانی داهاتووی ئێران بن‌و به بێ یه‌كگرتنیش هه‌م نه‌خشێكی كه‌م‌و هه‌م سه‌نگێكی كه‌م‌و له ئاكامدا هه‌م ده‌سكه‌وتێكی كه‌میشیان بۆ گه‌له‌كه‌یان پێ دابین ده‌کرێ.
به كورتی ئه‌گه‌ر هه‌وڵدان بۆگۆڕینی رێژیم ئه‌ركی سبه‌ینێمان بێ، هه‌وڵی ساغ بوونه‌وه له‌سه‌ر سیستمی دواڕۆژ ئه‌ركی ئه‌مڕۆمانه‌و ئه‌و ساغ بوونه‌وه‌یه‌ش بێ به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كان نه‌ده‌كرێ‌و نه ئه‌گه‌ر بكرێ، به‌هره‌دار‌و پایه‌دار ده‌بێ.
به‌و ئاواته كه به هه‌وڵی هه‌مووان کارێک بکرێ که نه ئاكامی ئه‌زموونی دووی رێبه‌ندانی 1324 مان لێ نوێ بێته‌وه‌و نه ئه‌زموونی 22ی رێبه‌ندانی 1357 مان لێ دووپات بێته‌وه. كه‌وایه، پێكه‌وه بۆ به‌رنامه رێژی‌و نه‌خشه دانان بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رینتر كه هه‌موو پێكهاته‌كانی ئێران له سه‌رخستنیدا به‌شدار بن‌و هه‌مووشیان له ده‌سکه‌وت‌و به‌رهه‌مه‌كانی به‌رخوردار .
سڵاو له یادی دامه‌زرانی كۆماری كوردستان‌و دامه‌زرێنه‌رانی‌و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د.
سڵاو له حیزبی دێموكراتی كوردستان، حیزبی پێكهێنه‌ری كۆماری كوردستان.
سڵاو له‌خۆڕاگریی قاره‌مانانی مه‌یدانی مافخوازی‌و نێو به‌ندیخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی.
نه‌مری بۆ گیانی هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری.
یه‌كڕیزی بۆ خه‌باتگێڕانی ڕێگای ئازادی‌و دێموكڕاسی‌و یه‌كسانی.
ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان
2ی رێبه‌ندانی 1388