بەغداو تاران لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم لەئێرانەوە گفتوگۆ دەكەن

Kurdane.com

خەندان- محەمەد بەختیار

هەردوو وەزارەتی نەوتی عیراق‌و ئێران سبەینێ لەتاران كۆدەبنەوەو لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئێرانەوە گفتوگۆ دەكەن.

ئاژانسی فارس نیوز، لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڵاویكردەوە"سبەی گەڕێكی تری دانوستانەكانی حكومەتی عیراق‌و حكومەتی ئێران لەشاری تاران لەسەر ئاڵوگۆڕی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاكی ئێرانەوە دەستپێدەكات".

سەرچاوەكەی ئاژانسە ئێرانیەكە دەشڵێت"بڕیار وایە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل ئاڵوگۆڕ بكرێت‌و ئەم ڕێژەیە دەكرێت بۆ 200 هەزار بەرمیل بەرز بكرێتەوە".

بەوتەی سەرچاوەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق"بڕیاروایە نیوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاكی ئێرانەوە ئاڵوگۆڕی پێبكرێت، ئەگەر حكومەتی ئێران ڕەزامەندی لەسەر ئەم پرسە نیشان بدات".

خەندان بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندیكرد بە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق، ناوبراو ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ ئێران لەبارەی نەوتی هەرێم پشتڕاست كردەوە، وتی"سبەی گفتوگۆكان ئەنجامدەدرێن".

هەناردەی نەوتی هەرێم لەخاكی ئێرانەوە ماوەی ساڵێكە باسی لێوەدەكرێت، پێشتریش عەلی پەناهی جێگری سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ خەندان پشتگیری وڵاتەكەی بۆ ئەو پرسە ڕاگەیاند، وتی"ئێران ئامادەیە نەوتی هەرێم لەڕێگای خاكی خۆیەوە هەناردەی دەرەوە بكات".

هاوكات بڕیاروایە بەمزووانە مەسعود بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی ئەمنی‌و ئابوری سەردانی ئێران بكات‌و چاوەڕواندەكرێت ڕاكێشانی بۆری نەوتی نێوان هەرێم‌و ئێران یەكێك لەو بابەتانەبێت كە گفتوگۆی لەسەردەكەن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.

لەئێستادا حكومەتی هەرێم لەرێگەی بۆری سەربەخۆی خۆیەوە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكات‌و لەوێوە دەنێردرێتە بازاڕەكانی جیهان.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون