"وەستاندنی بۆری نەوتی کوردستان بەرژەوەندی رووسیا دەخاتە مەترسییەوە"

Kurdane.com

کۆمپانیای رووسنەفتی رووسی رایگەیاند، هیچ لایەنێک نابێتە بەربەست لە بەردەم کارەکانیان لە باشووری کوردستان و درێژە بەکارەکانیان دەدەن.


ئیگۆر ئیڤانۆڤیچ ، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری رووسنەفت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیاکەیان داهاتوویەکی گەشی دەبێت لەباشووری کوردستان ، بۆیە بەدڵنیاییەوە کارەکانیان درێژە پێدەدەن.   

پێشتر ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو بەسەپاندنی سزا لەسەر باشووری کوردستان هیچ لایەنێک قازانج ناکات و، دەبێتە هۆی بەرزبوونی نرخی نەوت، ئەمەش لەقازانجی کەس نییە.

رووسیا گرەوێکی بەهێزی لەسەر پرۆژە نەوتییەکانی لە باشووری کوردستان کردووە و ئامادە نییە، لە هەر هەلومەرجێکدا واز لەو وەبەرهێنانە نەوتییەکانی بهێنێت، ئەوەش سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشەیە کە تورکیا لەسەر داخستنی بۆری نەوتی کوردستان-جەیهان دەیکات.

دوو گەورە کۆمپانیای رووسی، گازپرۆم نەفت و رووسنەفت لە باشووری کوردستاندا وەبەرهێنانی گەورەیان کردووە.

کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە سێ بلۆکی نەوتی هەڵەبجەو شاکەل و گەرمیان کاردەکات کە لە بلۆکی گەرمیان گەیشتووەتە قۆناخی بەرهەمهێنان و ئێستا رۆژانە 5 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. وەزیری وزەی رووسیا دەڵێت گازپرۆم نەفت بەردەوامە لە کارەکانی لە کوردستان.
کۆمپانیای رۆسنەفت کە بە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهان ئەژماردەکرێت، تەنیا کۆمپانیای نیشتمانییە کە بە ئاشکرا نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕێت و دەیگوازێتەوە بۆ پاڵاوگەکەی لە ئەڵمانیا.

ئیگۆر سچین، بەڕێوبەری کۆمپانیای رۆسنەفت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکاری دەکەین ئێستا بەشێوەیەکی کرداری کارەکانمان لە کوردستان دەستپێبکەین و پرۆژەکانمان برۆنە بواری جێبەجێکردنەوە. هەموو شتێک بەپێی بەرنامە و نەخشە دەرواتە پێشەوە. ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و لەوێ کاردەکەین و هیچ لایەنێک نابێتە کۆسپ لە بەردەم کارەکانمان."

بەڕێوبەری کۆمپانیای رووسنەفت کە کۆمپانیاکەی وەبەرهێنانێکی زەبەلاحی 4 ملیار دۆلاری لە ژێرخانی نەوت و گازی باشووری کوردستان کردووە، یەکێکە لە راوێژکارە نزیکەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا.

پووتین دەڵێت لە بەرژەوەندی کەس نییە گەمارۆی ئابووری بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت و داخستنی بۆری نەوتی کوردستان، نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە کە هیچ کەس ئەوەی ناوێت.

شارەزایەکی نەوت و گاز دەڵێت وەستاندنی بۆری نەوتی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راستەوخۆ بەرژەوەندی رووسیا دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها جگە لە کۆمپانیا روسییەکان، وەستاندنی نەوتی کوردستان، بەرژەوەندی دەیان کۆمپانیای نەوتی دیکە دەخاتە مەترسییەوە کە هەندێکیان کۆمپانیای نیشتمانی وڵاتانن. ئەوەش تورکیا روبەڕووی کێشەی گەورە دەکاتەوە. 

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون