ئێران لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا ٤٣٥ کەسی لەسێدارە داوە

Kurdane.com

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی سزای سێدارەدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، کە لە ئێران ساڵی ٢٠١٧دا ٤٣٥ کەس لە سێدارە دراون.

ئەمڕۆ١٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی سزای سێدارە، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە ئاشکرای کردووە، کە حکومەتی ئێران لە کۆی ئەو سێدارانە تەنیا ٨٣یان بە فەرمی ڕاگەیاندووە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەدا خستییە ڕوو: لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا ٤٣٥ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، حکومەتی ئێران تەنیا ٨٣ی حاڵەتی ئەو سێدارانەی بە ئاشکرا لە ڕاگەیەندنەکانیدا ڕاگەیاندووە.

لە بەردەوامیدا ڕایگەیاندووە: ٢١٩ کەس لەوانەی لە سێدارە دراون تایبەت بوون بە کەیسی مادە هۆشبەرەکان و پێنج کەسیش لە کاتێکدا لە سێدارە دراون کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان کەمتر بووە لە ١٨ ساڵ.

جێگای ئاماژەیە، کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ نەهێشتنی سزای سێدارە لە ساڵی ٢٠٠٢دا ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی سزای سێدارە ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران یەکێکە لەو ٢٠ ڕێکخراوەی لە ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی ئەو هاوپەیمانییەدا بەشدارن.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون