تەنیا (سەبرێکی شۆڕشگێڕانە)مان گەرەکە

Kurdane.com

چۆن نەوەکانی سەد ساڵی رابردووی نەتەوەکەمان، تەسلیم نەبوون، دەبێ ئێمەش وابین، ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا و خەمگینییەکانی نەمانترسێنێ و وەک باوک و باپیرانمان دەبێ تێھەڵچینەوە کە بێگومان ھەلومەرجی تێھەڵچوونەوەی ئێمە لەچاو ھی نەوەکانی پێش خۆمان زۆر لەبارترە“.

ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، نەکەونە ژێر باری بێئومێدییەوە و لەوە دڵنیابن کە هاوشێوەی سەد ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای شکستەکان، کورد دەتوانێت هەڵسێتەوە.

 

ئەمڕۆ سێشەممە 17/10/2017، ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار، لە وتارێکیدا کە بۆ (باسنیوز) بە ناوی (ئێستا چیتر؟) نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە، رەنگە بەردەوام بوون لەسەر نووسین لە ھەلومەرجێکی وەک ئێستادا کە ھێشتا شۆکی رووداوەکان و خەمی شەھیدەکانمان بەری نەداوین و ھێشتا تەمتومانی ڕووداوەکان نەڕەویوەتەوە، کارێکی ئاسان نەبێ. 

 

ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە جارێکی دیکە بە دەنگی بەرز دەیڵێتەوە، ئێستا و لە ئایندەشدا کار و تێکۆشانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەردەوام و بگرە گەرم و گوڕتر دەکات. بۆیە داوای لە هاوڕێ نووسەرەکانی کرد، بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، لە نووسین و لێکدانەوە و توێژینەوە و ھاندان و ورەدانەوە بەو ملیۆنانەی دەنگیان بە سەربەخۆیی دا بەردەوام بن، چونکە ”ئێستا دەقاتی دوێنێ، جەوھەری بەرگریکردن لە نەتەوە بەرگریکردنە لەسەربەخۆیی“.

 

جندیانی دان بەوەدان دەنێت کە دەیزانێ لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەدا، دەنگی پێچەوانە لەناوخۆی کوردستاندا لەدژی بەرز دەبێتەوە، ”بەتایبەت لەلایەن ئەو نووسەر و سیاسییانەی کە تەنیا مەبەستییانە ئەم دۆخە تازە خەمناکە و دەرھاوێشتەکانی تەنیا بۆ ئەوە تەوزیف بکەن کە ئەوان راست و ئێمە ھەڵەبووین“.

 

جندیانی دەڵێت: ”پابەندبوونی من و سەدان ھەزاری وەک من بە سەربەخۆیی کوردستان مەسەلەیەکی رۆمانسی نییە و لەززەت بردن نییە لە خەونێک کە رەنگە ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان لێرە و لە پارچەکانی تریشدا بێ ئومێدییەکە وای لێکردبن کە پێیان وابێ ئیتر تا سەد ساڵی تریش سەربەخۆیی کوردستان دواکەوت“. بۆیە ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا، کورد دەیان شۆڕش و ڕاپەڕینی کردووە و زۆربەی جارەکانیش بە قەتڵ و عامی سەرکردە و رێبەر و تێکۆشەرەکانی کۆتایی ھاتووە و داگیرکەران چی پێیان کراوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و لە پەل و پۆخستنی نەتەوەی کورد، لەھیچ تاوانێک نەک ھەر دەستیان نەپاراستووە، بەڵکو لێشی نەسڵەمیونەتەوە، بەڵام لەبەرامبەردا کورد نەوەیەکی تر یان ھەمان نەوە کە شکستی کەمەر شکێنیشی بینبوو، ھەڵدەسایەوە و دەستی بە تێکۆشان دەکردەوە. بەھیچ لێکدانەوەیەک نە لای خۆمان و نە لای مێژوونووس و لێکۆڵەرەوە بیانییەکانی بواری مێژوو و سیاسەت، ئەو ھەمیشە ھەڵسانەوەی کوردیان بە گێلی و نەزانی نەداوەتە قەڵەم، بەڵکو وەک نیشانەی زیندوویی نەتەوەی کورد ناودێریان کردووە. وەک جندیانی دەڵێت: ”لەڕاستیشدا ئەم ھەڵسانەوانە لێرە و لە پارچەکانی تری کوردستان شکستی بەھەموو ھەوڵ و سیاسەت و پیلانەکانی داگیرکەران ھێناوە لەوەی کە بتوانن کورد دەستەمۆ و زەلیل بکەن و وەک کۆیلەی ئەبەدی بیھێڵنەوە. ئەمە خەسڵەتێکی نەتەوەی کوردە کە نەوەی ئێستا و ئایندە و رابردووش دەبێ شانازی پێوە  بکا، ھەر ئەم خەسڵەت و دیاردەیە وای کردووە کە داگیرکەران بەردەوام تووشی شکست و بێ ئومێدی بکا، لەوەی  کە کۆتایی بە کورد و مەسەلەکەی بێنن“.

 

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە نووسیویەتی: ”ئەمجارەش کۆبوونەوەی چوار وڵاتە داگیرکەرەکە پێکەوە لەدژی کورد، ئەوەی سەلماندەوە کە ئەوان ھێشتاش گیرۆدەی مۆتەکەی کوردن کە لە ماوەیەکی کورتی داھاتوودا دەرھاوێشتەکانی و کاریگەرییەکانی بەسەریانەوە بەڕوونی دەردەکەون و دڵنیاشم لەوەی کە زۆر ناخایەنێ، خۆشییەکانی ئێستایان چۆن و چۆنی لێ دەکەوێتەوە، ئەو مۆتەکەیە لەسەرجێی خەوتنی سەرکردەکانیشیان بەرۆکیان بەرنادات“.

 

دووپاتیشی کردووەتەوە: ”چۆن نەوەکانی سەد ساڵی رابردووی نەتەوەکەمان، تەسلیم نەبوون، دەبێ ئێمەش وابین، ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا و خەمگینییەکانی نەمانترسێنێ و وەک باوک و باپیرانمان دەبێ تێھەڵچینەوە کە بێگومان ھەلومەرجی تێھەڵچوونەوەی ئێمە لەچاو ھی نەوەکانی پێش خۆمان زۆر لەبارترە“.

 

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: ”ئێستا ئاماژە رووکەش و دەستبەجێکان ئەوەمان نیشان دەدەن، کە جارێکی تریش ویستی سەربەخۆیی نەتەوەکەمان بەپیلانێکی ناوچەیی و بە پشتیوانیێکی نێودەوڵەتی پڕ لەشەرمەزاری بۆیان و ھێندێ بەدحاڵییانی نێوخۆمان زیندەبەچاڵ کرابێ، بەڵام با پەلە نەکەین و ببینین کاتێ ئێمەش لە شۆکی پیلانەکە دەربازمان بووە، دەبینین لەم ناوچەیەدا کە لەبەردەم دەیان کێشە و گێچەڵ بەیەک کردن و دوژمنایەتیی نێوان چوار ووڵاتەکە لەناوخۆیان و لەنێوان وڵاتانی تری زلھێزیش لێرە، لەم ناوچەیەدا چۆن بەرژەوەندییەکانیان بە توندی  و زۆر بەتوندی بەریەک دەکەون و کورد گوتەنی، دان و ماشیان ھەرگیز پێکەوە ناکوڵێ، ھەموو خوێندنەوەکانیش ئەوەمان پێ دەڵێن کە بۆ بینینی ئەو ڕووداوانە سەبری ئەیوبمان پێویست نییە، بەڵکو تەنیا (سەبرێکی شۆڕشگێڕانە)مان گەرەکە“.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون