بۆردومانکردنی چیای ئاسۆس بە ئاگاداریی عێراق و ئێرانە

Kurdane.com

بۆ جاری دووەمە فڕۆکە جەنگییەکان، چیای ئاسۆس لە شارباژێڕ بۆردومان دەکەن، لەمبارەیەشەوە بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت بەئاگاداریی حکوومەتەکانی عێراق و ئێران، چیای ئاسۆس بۆردومان کرابێت.

کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 12_11_2017، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا بۆردومانی بناری چیای ئاسۆسیان لەنزیک گوندی گەڵاڵەی سنووری شارباژێڕ کرد و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێدەچێت زیانی ماددی ھەبووبێت کە تا ئێستاش زیانەکان نەزانراوە.

 

لەلایەن خۆیەوە، جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تا ئێستا ناسنامەی ئەو فڕۆکانە نەزانراوە، بەڵام دەگوترێت ھی تورکیایە، بۆیە ھیچ دەسەڵاتێک نییە و گریمان ھی ئێران و تورکیاش بێت، یانی ئێمە چی بکەین“.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە پێشبینی دەکرێت ئەم بۆردومانکردنە ”بەئاگاداریی حکوومەتی عێراق و ئێران بووبێت، چونکە ئەوان ئێستا ھێزیان ھێناوەتە سنووری کوردستان، ئیتر لەوە زیاتر چی؟".

 

ئەوەشی خستەروو، ھێشتا زانیاریان نییە کە چ بنکەیەکی سەربازی حزبێکی کوردستان لەو سنوورە دانرابێت.

 

بریکاری وەزیری ناوخۆ، راشی گەیاند: "گەرەنتی نییە بۆ دووبارە لێدانەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن فڕۆکەکانەوە“.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون