لە بە هاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەدا کەمتەرخەمی دەکرێت

Kurdane.com

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانەی کە بە بۆنەی کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان بڵاو کراونەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێران لە بە هاناوەچوون و یارمەتیدانی خەڵکدا کەمتەرخەمن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەبارەی دۆخی داڕووخانی خانوو، بینا و شوقەکانی "میهر" بڵاو کراوەتەوە، خەڵک باسی ئەوە دەکەن کە لەباتی ئەوەی حکوومەتی ئێران هێز و تیمی تایبەت و پسپۆڕی فریاگوزاری بۆ یارمەتیی خەڵک ڕەوانە بکات، هێزەکانی "سوپا و ئەرتەشی"ی ئێران بە چەکەوە و بەبێ هیچ ئیمکانات و کەلەپەلێک هاتوون لە شوێنی ڕووداوەکان جێگیر کراون.

 

باسیش لەوە دەکەن کە خەڵک بەبێ هیچ ئیمکاناتێک بە دەستی بەتاڵ سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمی کەسوکاریانن لە ژێر دار و پەردوو.

 

خەڵکی ئاوارە و لێقەوماو کە ماڵ و خانوویان داڕووخاوە، لەناو پارک و شوێنە گشتییەکان بەبێ هیچ پێداویستییەکەی خواردن، گەرمکەرەوە، خێوەت و بەتانییان پێ نییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت هەنگاوێکی کردەیی و جیدییان بۆ ڕزگارکردنی خەڵک و بە هاناوە چوونیان هەڵنەهێناوەتەوە.

 

هەندێ سەرچاوە لە پارێزگای کرماشانەوە باس لە ناڕاستبوونی ئاماری کوژراو و قوربانیانی کارەساتەکە دەکەن کە حکوومەت لە ماڵپەڕ و ناوەندە میدیاییەکانەوە بڵاوی دەکاتەوە.

 

هەرچەند حکوومەتی ئێران باسی گیان لەدەستدانی 350 کەس و زیاتر لە چوار هەزار و 50 بریندار دەکات، بەڵام هاووڵاتییەکی شاری قەسری شیرین کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دکتۆرێکی  ئاشنامان لە نەخۆشخانەی سەرپێڵ گوتوویە کە تەنیا بۆ خۆم هەتا کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە مۆڵەتی ناشتنی 570 تەرمم نووسیوە".

 

ئەمە تەنیا لە شاری سەرپێڵ‌زەهاو ئەوەندە کەس بوونەتە قوربانی، بێگومان لە شارەکانی کرماشان، کرێند، شائاباد، سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ، داڵەهۆ و قەسری شیرین و هەروەها 576 گوندی دیکەش کە خەساری زۆری مادییان پێگەیشتووە، ڕێژەی قوربانییەکان زۆرترە و هەتا کۆتایی گەڕان و پشکنین بۆ گیان لەدەستداوەکان، بێگومان ڕێژەی قوربانیان زیاتر دەبێت.

 

 بەپێی ئامار و گرتەی ڤیدیۆیی میدیا فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران، زیاترین زیان لەو شوێنانە بووە کە خەڵک لەناو بینا و شوقەکانی "نیشتەجێبوونی میهر" دانیشتوون و ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆژەیە چەند لەڕووی ستانداردی جیهانی و پتەوەی بیناوە ئەو پرۆژانەیان دروست کردووە.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون