ئێران هاوکاربوو لە بێدەنگکردنی سەربەخۆیی کورد و ئێستاش نەوتەکەیان دەبات

Kurdane.com

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر بڵاویکردووەتەوە، ئێران هاوکاربووە لە بێدەنگکردنی هەوڵی سەربەخۆبوونی کورد لە هەرێمی کوردستان و ئێستاش بەنیازی بونیادنانی بۆرییەکی نەوتە کە ڕۆژانە توانای گواستنەوەی ٦٥٠ هەرزار بەرمیل نەوتی ناوچە کوردیەکانی دەبێت.

سەرچاوە فەرمی و بازرگانییەکان بە ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەریان وتووە، ئێران لە ئێستادا خۆی جێگیرکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەناردەی کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی کەرکوک.

حەمید حسێنی سکرتێری گشتی ژوری بازرگانی ئێران عێراق وتوویەتی، ئێران دەیەوێت بۆرییەکی نەوتی بونیادبنێت کە لە توانایدا دەبێت ڕۆژانە ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی و بۆ هەناردەکردنیان.

بەگوێرەی بزنس ئینسایدەر، ئەو بۆریە نەوتییە جێگای ڕێگا نەوتییەکەی ئێستای نێوان هەرێم و تورکیا و دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە و ئەوەش لێدانێک دەبێت لە هیواکانی ئەنقەرە بۆ بوون بە ناوەندی ووزەی ئەوروپا.

بزنس ئینسایدەر ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوە بەڵگەیەک دەبێت لەسەر شکستی ئەمریکاش لە ڕێگریکردنی لە پەیوەندی نزیکی نێوان عێراقی هاوپەیمانی و گەورەترین دوژمنی سیاسیی، کە بە شێوەیەکی زۆر خێرا کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بلاودەبێتەوە.

جۆن مەکین سیناتۆری ئەمریکی هەفتەی پێشوو وتوویەتی "هێزە ئێرانییەکان لە عێراق کار بۆ دروستکردنی جیاوازی دەکەن، هەر وەک ئەوەی لە کەرکوک بینیمان، کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قودس بوونی هەبوو لەوێ، و گرژییەکانی نێوان کورد و حکومەتی بەغداد زیاتردەکات".

سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بزنس ئینسایدەری وتووە "خەونی کورد بۆ بوون بە هەناردەکارێکی گەورەی نەوت پارچەپارچە بوو. ئێران دەبێت بە پاشای یارییەکە".

شێرزاد یابە ڕاوێژکاری سیاسی نزیک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتوویەتی "هەوڵماندا بارزانی بەڕێوەبردنی هاوبەشی کێڵگە نەوتییەکان لەنێوان هەولێر و سلێمانی قبوڵ بکات بەڵام بە توندی دژایەتی کرد. بۆ کۆتایهێنانیش بە کۆنترۆڵی نایاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر نەوتی کەرکوکدا، بەرپرسانی باڵای یەکێتی پەیوەندییان بە بەغداد و تارانەوە کرد و هانی ئێرانیەکانیان دا بۆ دروستکردنی بۆرییەکی نەوتی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکوک لەڕێگەی بەندەر عەباسەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوای ڕیفراندۆم پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ کشانەوە لە کەرکوک تۆمەتبارکرد  و یەکێتیش ئەوەی ڕەتکردەوە.

عەلا ئەلیاسری جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ بە شێوەیەکی کاتی وتوویەتی، بەرپرسانی کۆمپانیاکانی سۆمۆ و نیکۆی عێراق و ئێران مانگی ڕابردوو کۆبوونەتەوە بۆ ڕێکخستنی فرۆشی نەوت بۆ پاڵاوگەی کرماشان، ئاماژەی بەوەش کرد، تاوتوێی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕاکێشانی بۆری نەوت بۆ ئێران بە شێوەیەکی چالاک کراوە.

ڕەزا موستەفایی تەباتەبایی سەرۆکی کۆمپانیای ئینئێکسدی ووزە کە بنکەکەی لە لەندەنە وتوویەتی "هەر سەودایەکی نەوتی لەنێوان ئێران و عێراقدا دەبێت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پەسەندبکرێت".

تەباتەبایی ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆژەی ڕاکێشانی بۆریە نەوتییەکە پاداشتێک دەبێت بۆ کورد لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەپێناو ئەوەی کە هاوکارییان کردن لە کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوکدا.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون