پارێزگای ئیلام لە نەوت و گازەكەی سوودی دەستنەكەوتووە

Kurdane.com

پارێزگای ئیلام شتێکی گرنگتر لە نەوت و گازی نییە. بەڵام ئیلامییەکان لەم دەرفەتە سوودێکیان دەستنەكەوتووە. گلەیی ئیلامییەکان، قسەی یەک رۆژ و دوو رۆژ نییە. ئەوان هەمیشە داوایان کردووە کە بۆ کار لە پاڵاوگەکانی ئیلامدا، سوود لە خەڵکی ئیلام خۆی وەربگیرێت و لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هێزی کاری بواری پیشەسازی نەوت و گازی ئیلام دابین نەکرێت.


تازەترین داواکاریی، داوای سەلام ئەمینی، نوێنەری ئیلامە، کە گوتوویەتی: دەبێت لانیکەم 70 لەسەدی هێزی کاری کۆمپانیاکانی نەوتی ئیلام خەڵکی هەر ئەم پارێزگایە بن. بەتایبەت هێزی کاری پسپۆڕ و شارەزا.

سەلام ئەمینی گوتوویەتی "یەکێک لە ئاواتەکانی خەڵکی ئیلام ئەوەیە کە خۆیان نەوت و گازی پارێزگاکەیان بەڕێوەببەن، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەلایەن خەڵکی دیکەوە بەڕێوەدەبرێت".

بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی 2015دا رێژەی بێکاریی لە پارێزگای ئیلامدا نزیک بە 12 لەسەد بووە. گەرچی شارەزایان دەڵێن: بێکاری لەم پارێزگایەدا دەکرێ 20 لەسەدیش بێت.

11 لەسەدی نەوت و گازی ئیلام لە پارێزگای ئیلامدایە. مەزەندە دەکرێت ئەو پارێزگایە 14 تریلیۆن دووجا گاز و 17 ملیار بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی هەبێت. بەگوتەی نوێنەری ئیلام، بە دۆزینەوەی نەوت و گازی نوێ رەنگە ئەم ژمارانە زۆربەرزتریش ببنەوە.

90 لەسەدی نەوت گازی ئێران لە پارێزگای ئیلامدا بەرهەم دێت، بەڵام نووسینگەی بەڕێوەبەرییەکەی ماوەی 16 ساڵە لە کرماشاندایە. ئیلامییەکان ئەمە وەک نموونەیەکی نادادپەروەری لە قەڵەمدەدەن، کە ئیلامییەکانی پشتگوێخستووە. 

پارێزگای ئیلام سێ ناوچەی نەوت و گازی هەیە. دوویان لە شاری دێلۆراندا هەڵکەوتووە و ناوچەیەکی دیکەش لە تەنگی بیجاڕە. 

سەلام ئەمینی، نوێنەری ئیلام دەڵێت، ئەوە مافی خەڵکی ئیلامە کە بەڕێوەبردنی پاڵاوگەکانی نەوت و گازی ئیلام، بەدەست خەڵکی ناوچەکە خۆیانەوە بێت.

ئەمینی دەشڵێت، کێشە بێکاری و دەرفەتەکانی گاز و نەوتی ئیلامی بۆ وەزیری نەوتی ئێران روونکردووەتەوە، ئەویش بڕیاریداوە، بە دواداچوونی بۆ بکات.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون