بێکاری دیاریی ڕێژیمی ئێران بۆ ساڵی ٩٧ی هەتاوی

Kurdane.com

ئابووری‌ناسانی ڕێژیمی ئێران، پێشبێنیان کردووە، کە ساڵی داهاتوودا، بێکاری لە ئێراندا زیاتر دەبێت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری ئابووری‌ناسانی ئەو ڕێژیمە بڵاویان کردووەتەوە، کە بوودجەی ساڵی ١٣٩٧ کەمیی هەیە و ئەوەش دەبێته هۆی ئەوەی کە هیچ پیشە و کارێکی نوێ دروست نەبێت و بێکاری بەرز بێتەوە و کۆچی بلیمەتەکان بۆ دەرەوەی ئێرانیش زیاتر بێت.

ئابووری‌ناسانی ئەو ڕێژیمە، لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا باسیان لەوە کردووە، ڕەشنووسی بوودجەی ساڵی ٩٧ کە ڕادەستی مەجلیس کراوە، بەپێی ئەوەی کە پێویستە ئابووریی وڵات ببووژێتەوە، بەڵام ئەو بوودجەیە هیچ بەستێنێکی پێویستی لەو بارەوە تێدا نەگونجاوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەی ئابووری‌ناسانی ڕێژیمدا هاتووە، ڕەخساندنی هەلی کار یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بوودجەی ئەم ساڵە کە ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لێوە دەکات، بەڵام بەپێی ئەوەی کە هیچ سەرمایەدانەرێک لە وڵاتدا نییە، ڕەخساندنی هەلی کار تەنیا دروشمە.

ئابووری‌ناسان باسیان لەوە کردووە، کاتێک لە "کەرتی تایبەت"دا هیچ یارمەتییەک بە خەڵک نادرێت و لە لایەکی دیکەوە ڕێژیم سەرچاوەی ماڵیی پێویستی لە دەستدا نییە، باس کردن لە کێشەی بێکاری تەنیا قسەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بڵاوی کرایەوە، پلەی ڕێژیمی ئێران لە بواری بێکاری لە جیهاندا لە ماوەی ساڵانی ٩٢ هەتا ٩٥ی هەتاوی ١٠ پلەی دابەزیوە و ئێستە ئەو وڵاتە پلەی ١٩ی بێکاری لە ئاستی جیهاندا هەیە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پلەی ڕێژیمی ئێران لە ٢٩ گەیشتووەتە ١٩، کە ئەوەش بە مانای خراپتر بوونی دۆخی بێکارییە.

دۆخی بێکاری لە ئێران، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، خراپتر بووە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە ئابووری‌ناسانی ڕێژیم وتوویانە، ساڵی ٩٧یش ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا بەرز دەبێتەوە.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون