"هەرەسی ئیدلۆژیک وداڕزانی ئەخلاقی ڕژێم'

Kurdane.com

ڕژێمی ئیسلامی ئێران ، وەک دەسەڵاتێکی ئیدۆلۆژیک ،کە پەلاماری کۆمەڵگای ئێرانی دا ، بەخۆسەپاندنێکی ئیدلۆژیک کۆی ڕووبەرو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگای ئێرانی داگیرکرد. هەرلەسەرەتاوە دیاربوو ئەم دەسەڵاتە تیۆکراتە ئیدۆلۆژیکە، نمونەیەکی هەڵخزانی کولتووری و کۆمەڵیەتیە ،کە لاپەڕەکانی مێژوو بۆدۆزینەوەی نموونەی زێرینی فۆرمەکانی خۆی بۆ ژیان وژیار دەپشکنێ .

فۆرمێکی بەمیژوو بوو، میژوویەکی ناسەرکەوتوو، دۆزینەوەوگێرانەوەی بۆ سەدەمی هەنووکە ، واتە دەرچوونە لە ژیان لەئێستادا /ناوهاوزەمەنی ژین / کەبەهەناو و فۆرم گەڕانەوەیەکی کۆنەپەرستانەی کۆنەخوازانەبوون ، بۆ کۆمەڵگایەکی نوێ کە سەرەتاکانی دەسەڵاتی سیاسی مۆدێرنی لانی کەم لەساڵانی ١٩٠٨ ئەزموونکردبوو. ئیدلۆژی وەک پێویستیەکی ڕامیاری لە ئاقاری سیاسی وکۆمەلایەتی وئابووری دا ،هەروەها لەژیانی تاکەکەسی وهۆبەخشی بە ئاقاری تایبەتی لە چەقی کارو ئەندێشەی کاربەدەستان و بیرداڕێژەرانی دەسەڵاتداب بوو، لەئێراندا. گرێبەندکردنی ناسیونالیزمی کۆنەخوازی ئێرانی و دین ، وەک ڕەگەزی سەرەکی ئەم کۆنەخوازیە، هەڵگری پیرۆزکراوترین فۆرمی بوون و ژیان بوو، کە تائێستا دەسەڵات لەکۆمەڵگای ئێراندا پێشنیاری کردبوو. هەرەسی ناسیونالیزمی بە لیبرالیزم ماکیاجکراوی سەڵتەنەت و داڕمانە یەک لەدوا یەکەکانی دینی لەئێراندا ، هەرلە سەفەیەوە تا سەردەمی ولایەتی فەقێ، هەڵگری داڕشتنی زەرورەتی نویکردنەوەی ئایدۆلۆژی ئێرانی بوو، بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتداری رەوا وپەسەندی جەماوەریی ، بۆیە دەتوانم بڵیم ئەم رژیمە ئیدلۆژیکە ئیستا گریبەندی دین و ناسیونالیزمی خۆبە تاقانەبینی ئێرانیە بۆپەراندنەوە ورزگارکردنی ئێرانی ناسیونالیت و دینخوازەکان ، کە بەرئەنجامی بووە دەسەڵاتێکی ناسیونالیزمی دینی پیرۆزکراو ی براو بۆسەرو ئەقڵ وئەقڵانیەت . هەموو یەکە و رووبەرەکانی ژیانی کۆمەڵگای ئێران ج بە زۆر و ج لەبەربوونی زەوینەی زەینی ومێژووی ئەم گرێبەندە، کرانە بەژێر وێرانی و گەندەلێ کۆنەخوازی ئەم فۆرمە لە سیاسەت و ژیان و ئابووری و کولتوور ،کە لەکۆی رەهەندەکان ولەرەوتی کۆمەڵایەتی خۆیدا ، کۆنە بوون و ناکارا بوون و دژە سەردەم بوونی خۆی سەلماند . ماوەی نزیک بەچل ساڵە ، ڕژێم لەسەر ئەم زەمینەو ئیدلۆژیە پیرۆزکراوە دەسەڵاتداری دەکات . کۆمەڵگای ئێران و بەشی زۆری ناوچەکەی دووچاری قەیران و کارەساتی مرۆیی کردوە . ڕەوایەتی فکری دەسەڵات ئیمپراتوری ناسیونالیزم و فەرمانرەوای مەزهەبە . هاوسازیی ولێک ئاڵاوی هەردووکیان توانیان لەم ماوە ئاماژەپێکراوەدا ، کۆمەڵگای ئێران بکەن کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی قەیراناوی ، کە کولتووری پێشکەوتووخواز و هونەری ئینسانی و سیاسەت بە ڕووبەرە ئەخلاقی و مرۆیەکەیدا بکوژن. ئاخێزی هەنووکەی جەماوەری ڕاپەڕیووی ئێران ، لەڕاستیدا کارەساتێکی هەرئێستا خولقاونییە، کە لەسەر بەستێنی گرانی چەندکاڵای دیاریکراو کووتوپڕ خولقبێت وسەری هەڵدابێت . ئەم ڕاپەڕین و خورۆشانە بەرفراوانە جەماوەریە . هەرچەندەکە هێشتا بەتەواوی جێنی نێوەندو تووێژگەڵێکی کۆمەڵایەتی کۆمەلگا بەهەندێک هۆکاری ڕامیاری و ئابووری وکولتتوری بەتەواوی تێکەڵی نەبوون. بەڵام لەڕەوتی خۆیداو لە دەکرەوتنی ئاسۆگەکانی فکرو ئاراستە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیدا ،ئەوانیش بەتەواوی هاوڕای خۆی دەکات. ئەم بەرخۆدانە ، شؤرش وداىرانێکی بنەمایی وبنەڕەتیە، کەمێژووی گەشە و مووتووربەبوون و چەکەرەکردنی دەگەڕێتەوە زەمەنی دەسەڵاتداری ئەم دەسەڵاتە و ئایدیافکریەکانی لەکۆی ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەلگای ئێراندا. هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی ئەم شؤڕشە مەزنە، لە سەربنەمای چەند دروشمی پەراوێز و نا ئیستراتیژیک . هەوڵدان بۆ دەست بەسەرداگرتن و کەمکردنەوە و دابەزاندنی بۆئاستی کۆ داوایەکی موجەڕەدی ئابووری و کولتووری، یا بەفۆلکلۆرکردنی داخوازی گؤرانی ڕێشەی و دژایەتی نەسازاوی فۆرمی ژیان و ئەندێشەی مرۆڤی ئەمرۆی کۆمەلگا ، لەگەل رژێم بۆ پینەکردنی بەئەم بەریان یا ئەو بەریانە، لەرووی کۆمەلناسی و سیاسی و فکریەوە هەوڵێکی هەڵەو نەزۆکە وبەرئەنجامی لێناکەوێتەوە . بەڕاشکاوی دەڵێم؛ ڕاپەڕینی خەڵک گەڕناوەی ئەقڵانیەتە لە برامبەر غیابی ئەقڵانیەت . گەڕناوەی هاوزەمەنیە لەبەرامبەر لە میژووی ڕابووردوودا ژیان . گەڕنەوەی ئازادییە لەبەرامەبەر کۆیلەیەتی دین و وەهمی سەروئەقڵ دا . لەیەک واتادا ؛ دژەیەتی جەماوەر دژایەتی کۆی ئایدیا و فۆرم و فیگور و نموونەپیشکەسکراوەکانی رژێمە ، بۆ ژیان لەکۆی رەهەندەکانی ژیاندا لەکۆمەلگای ئێراندا . ڕەنگە ئەم ئاخێزە سست بێت. ڕەنگە هەناسیەک ڕاوەستێ . بەڵام کۆتای نایەت . دژایەتی کۆن و نوییە ،لە سەرپاکی ژیانی کۆمەلگادا. بۆیە دەڵیم؛ ئەم دژایەتیە دژایەتی هاوسازنییە. دژایەتیەکی ئانتاگۆنیستیەو ئاشتبوونەوە وسازانی ماحاڵێکی ئەقڵانی و لۆژیکیە . کۆمەڵگای ئێران لەدابڕان و نوێبوونەوەیەکی بنەماییدایە، چوونکە کۆمەڵگایەکی نویی و لاو وئەقڵانی و کراوە لەبەرامبەر نائەقڵانی و کۆنەخوازی و پیری دا وەستاوە . جەلیل ئازادیخواز

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون