بەهۆی سەرماوە چادرەکانمان دەیبەستن

Kurdane.com

لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی کرماشان لە دۆخێکی خراپدا دەژین و دەڵێن: بە شەودا چادرەکانمان دەیبەستن و منداڵاکانمان تووشی ئەنفلۆنزا بوون.

ڕۆژنامەی شەهروەندی ئێرانی ڕاپۆرتێکی مەیدانیی لە بارەی دۆخی لێقەوماوان لە شارۆچکە بومەلەرزەبەرکەوتووەکانی شاری کرماشان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-دا بڵاوکردووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە لە سەر زاری لێقەومانەوە دۆخی نالەباری ژیانی لە کامپەکاندا خستووەتە ڕوو، کە ماوەی ٥٥ ڕۆژە بەهۆی بومەلرزە بەهێزەکەوە ئاوارەبوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە هاوڵاتیان دەڵێن: بە شەودا ڕەشەبایەکی زۆر قورس ڕوودەکاتە چادرەکان و ساردیی کەشوهەوا لەئاستێکدایە، کە چادرەکان دەیبەستن.

هەروەها باسیان لەوە کردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان سەردانی شارەوانییان کردووە بۆ ئەوەی کابینەیان بدرێتێ، بەڵام شارەوانی نەیداونەتێ.

وتوشیانە، کە توالێتی پێویست بۆ لێقەوماوان دابین نەکراوە، و منداڵان بەو سەرمایە دەبێت لە سەرەدا بوەستن.

ئاماژە بەوەشدراوە، باو و باران و بەفر و هەبوونی حەشەرە و گیانلەبەرەکانی دیکە لە دەوروبەری چادرەکاندا ژیانیان لە ناو چادرەکاندا ئاستەم کردووە.

هاوڵاتیان وتووشیانە، کە سەرماکە لە ڕادەبەدەرە و ئاگرکردنەوە بە مەبەستی خۆگەرمکردنەوە بووەتە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە ناو چەندین چادر-دا.

دەشڵێن: منداڵەکانمان تووشی نەخۆشیی وەکو ئەنفلۆنزا بوون و هیچ چارەسەرییەکی پزیشکییان بۆ ئەنجام نادرێت.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون