بۆ جاری دووەم هێرش دەکرێتە سەر سەربازگەیەکی رووسی لە سووریا

Kurdane.com

بۆ جاری دووەم لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا، هێرش کرایەوە سەر بنکەی ئاسمانیی سەربازیی حومەیمیم لە پارێزگای لازقیە لە رۆژئاوای سووریا.

رۆژی یەکشەممە 7/1/2018، رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، کە هێرشەکە بە هەڵدانی بۆمب بە هۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی رووسی لە بنکەی ئاسمانیی حومەیمیم.

 

هەروەک رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، سەربازە رووسییەکان توانیویانە فڕۆکە بفڕۆکەوانەکە بخەنە خوارەوە، کە تا ئێستا زیانە ماددی و گیانییەکانی ئەو هێرشە نەزاندراوە.

 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی عەرەبییە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەلایەن گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە نێردراوەتە سەر بنکەی حومەیمیم.

 

رۆژی 4/1/2018، میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، کە رۆژی 31/12/2017 هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەی حومەیمیم لە پارێزگای لازقییە لە رۆژئاوای سووریا، کە بووە هۆی تێکشکانی حەوت فڕۆکەی جەنگی.

 

میدیاکانی نزیک لە سوپای ئازادی سووریا (ئۆپۆزیسیۆن) بڵاویان کردەوە، کە بەڵگەیان هەیە دەیسەلمێنێت، کە تۆپبارانی یەکەم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا، کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات، کراوەتە سەر  بنکەی سەربازیی حومەیمیم.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون