ئیتر بەسە...

Kurdane.com

كاتی پێداچونەوەیەكی جێددی هاتووە

لانیكەم یەك سەدەیە كورد لە هەرچواربەشەكەی وڵاتە پارچەكراوەكەمان هاوار دەكات بە گوێ دۆست و دوژمن كە ئەیەوێت سەربەست و ئازاد و لە ئاشتیدا بژیت (كە پێموایە دەبێ پێناسەیەكی نوێ و جیاواز بۆ واتای دۆست و دوژمن بكرێت) .بەدر خانەكان و ئارارات و شێخ سەعید و سەید ڕەزا و عوبەیدولای نەهری و سمكۆ و شامگەی یاری و قازی موحەمەد و شێخی حەفید و میری ڕەواندوز و بارزانی و مام جەڵال و قاسملو و ئوجالان و چەندین سەركردەو شۆڕش و ڕاپەڕین و سەرهڵدانی تاڵ و شیرینمان بیستووەو بینیوە.

لە ئەنجامی ئەمانەی كە لە سەرەوە بژرادمان  چی بەدەستمان ماوە  وەك ئەنجام ؟

نیمچە هەرێمێكی تاپۆ نەكراو بەناوی كورد بوو  كە ئەویش زیاتر خرایە قەرەنتینەوە و  ئەگەر هاوكێشەكەكان هەر بەم شێوەیە بەردەوام بن پێموایە دوایی هەر كورد خۆی وازێ لێدەهێنێت و ئەیدا بەدەستی ئەوانەی كە بتوانن بەڕێوەی ببەن... ! . بۆیە ناوی ڕۆژئاوام نەبرد چونكە هێشتا چارەنووسی ئەوێیش یەكلا نەبووەو بە پاشەكشەیەكی ئەمریكا گورگەكانی دەوروبەر تەماهی باشیان لێكردووەو لە ئەگەڕی نەبوونی پشتگیری دەرەكی زوو یان درەنگیش بێت  هەر ئەیخۆن.

ڕاستە سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانی و خۆشی و تاڵییە هەر ماوینەتەوەو بەردەوام دەبین بەڵام پرسیار ئەوەیە ؛ " بۆ سەرناكەوین لە بونیادنانی كیانی خۆمان و دامەزراندنی وڵات و دەوڵەتێكی كوردی؟"

بێگومان هەموو وەڵامەكان بۆ ئەم پرسیارە گشتیە لای خەڵك و ئەوكەسانە هەیە كە بیر و مێشكیان لای دۆزی كوردە. جا كەوابێت و ئەگەر وەڵام دیارە ئەی بۆچی هەر دیسان لە ڕێگای شكست و سەرنەكەوتن بەردەوام دەبین؟

ئەگەر وا بەردەوام بین خۆ دیارە یان چێژ وەردەگرین لە شكست یاخود لە ئاستی ئەو درۆشمانە نین كە شەو و ڕۆژ بانگەشەیان بۆدەكەین یان چەندە كەمیش بێت باوەڕمان بەم چەمك و ڕەستەیە كردووە كە : " چارەنووسمان ئەویە كە تەنها لەبن ئەمری ئەم و ئەو بین و چاوەڕێ بین تاكو لە نیوان هات و نەهاتێك شتێك بەدەست بخەین ".

مێژوومان درێژەو ئەوەندەمان بەسەر هاتووە كە بە قەد چەندین نەتەوەی داگیركراو و ڕزگاركراو  ئەزموونمان هەیە و مێژوو و دیرۆكی زۆر نەتەوەشمان خوێندووە بەڵام هەر دیسان نە لە بەسەرهاتی خۆمان و نە هی میللەتانی دیكە پەند وەرناگرین ...!

 كێشەمان زۆرەو هەموومان بە ڕواڵەت  دانیپێدەنین بەڵام توانای چارەسەر كردنیانمان نیەو ئەگەریش هەبێت هەر تایبەتمەندییە زەقەكەمان واتە " خۆخوری" دەرفەتی كرداری ڕاستمان پێنادات . ئەوەندەش زاوزێمان كردووە كە شار و كۆڵانەكانمان پڕن لە حێزب و سەركردەو گروپ و ...هتد " و یەكێك لە ناڵ ئەكوتێ و یەكێكیش لە بزمار " .

لە ناوخۆمان تەبا و یەكدەنگ نین ، لە دەرەوی خۆمانیش هەروەها ، لە پەیوەندییە دەرەكییەكانمایش دیسان هەروا ، جا كەوابێت چاوەڕێ چی دەكەین جگە لە چەندبەرەكی و دژایەتی یەكتر و دۆستایەتی نەیاران ؟

ئەو هەلومەرجەش كە ئێستا كورد تێدایە مناڵی ڕەسەنی كردەوەكانمانە و ئەو چەشنە ڕێگا بڕینەش لە هەموو دونیا هەر ئەوەی لێكەوتووە.

تووشی فەڵسەفەی چاوەڕێ بوون (انتظار) بووینەتەوە و تەنانەت بۆ چارەسەری كێشە ئاساییە ناوخۆییەكانمانیش چاوەڕێ دەست و ئیرادەیەكی دەرەكین...!

دوای ئەو هەموو تێكۆشان و قوربانی دانە هێشتا نەمانتوانیوە ببین بە نەتەوەیەكی یەكدەنگ لە ئاست هاوكێشەكان و تەنانەت بگرە ڕۆژبەڕۆژ خەریكین لە چەمكی نەتەوە بوون دوور دەبین . بەڕاستی هۆكارەكان چین و ئەگەر تا ئێستا لە ڕێگایەكی نەگونجاو هەنگاومان هەڵگرتووە دەبێ كامە ڕێگاو ڕێكار بگرینە پێش؟

چەندین جار ڕاپەڕینمان كردووە بە چەند شێوەیەك ، خەباتی سیاسی ،مەدەنی ،دیپلۆماسی ،ئایدولۆژیك و سەربازی زۆرمان كردووە، چەندین حیزب و پارت و گرۆپی سیاسی و مەدەنیمان هەیە، ڕاگەیاندن و هەموو ئامرازەكانی خۆ گەیاندنمان بە دەستەوە بووەو هەیە، ئەزمونی كۆمار و هەرێم و حكومەت و پەرلەمانمان هەیە و زۆر ئەزموون و ئێمكانیەتی دیكە...

بە دەگمەن میللەت هەیە لە دونیا كە بەر لە بەنەتەوە و دەوڵەت بوون ئەمانە هەمووی بە دەستەوەبووبێت و سەرنەكەوتبێت . ئەی بۆچی دیسان هەر داماوین ؟!

پێموایە دەبێ سەرەتا لەگەل خۆمان ڕاستگوو بین نەك ئەوەی خۆمان بەڕاست بزانین . كە چاو لە وتار و كرداری سەركردەو لایەنەكان دەكەی هەركەسەو لایەن خۆی بە باشترین و بێخەوشترین دەزانێت !  هەر لایەنێك خۆی بە شۆڕشگێڕترین و سەركەوتووترین دەزانێت و ڕێبازی خۆی بە ڕاستەقینە لەقەڵەم دەدات .

كەسەكان و سەركردەكان و حیزبەكان و هەموو ڕێبازەكانیان با خۆیان بە باشترین بزانن بەڵام ڕاستی ئەویە كە دوڕاوترین و شكست خواردووترینن لە زۆرینەی ڕەهەندەكان بە تایبەت لە گەیاندنی نەتەوەی كورد بە مافە ڕەواو سەرەكییەكانی ..قسە زۆرەو دەكرێ چەندین پەرتووك لەسەر كێشەكان و خاڵە لاوازەكان بنووسرێت كە پێموایە زۆریش نووسراوە.

جا كەوا بێت بۆ رزگار بوون لەم هەموو نەهامەتی و خرابكاریە دەبێ چی بكرێت ؟

لە كۆتاییدا ئاماژە بە هەندێك خاڵ دەكەم كە پێموایە لەئەگەری جێبەجێ كردنیان دەكرێت هەنگاوی باش بەرەو پێش بنرێت :

 

 

-كار لەسەر ستراتژی ولاتان بكرێت نەك تاكتیكیان.

-دەبێ چاڵش دروست بكرێت .

-لەجیاتی ریكڵامی بێهودە و وزە لاواز كەر كارلەسەر پەروەردەی كادر و كرداری پراتیكی لەناوخۆ بكرێت.

-سەركردایەتی هێز و لایەنەكان لە پرۆسەیەكی دموكراتیك دەسەڵات بیەن بە جیلی نوێ و خۆیان زیاتر ڕۆڵی ڕاویژكار بگێڕن.

-وازهێنان لە فەلسەفەی چاوەڕێ بوون ( ئینتیزار) .

-ریفورم كردن لە ستراكچەر و ساختار و پێكهاتەی حیزبی و دەرهاتن لە قاڵبی كلاسیك و ڕێبازی پاشكۆ بوونی سەردەمی شەڕی سەرد و بەكاربەستنی سیستەمی مودیرنی شێوازی بەڕێوەردنی حیزبی گۆڕێنەڕ .

-دەرهاتن لە قاڵب و چوارچێوەی ستراتژی بەرگری و بوون بە هێزێكی هێرشبەر(تەهاجومی)و پەیرەو كردن و بەبنەما گرتنی ستراتژی هێرش لە هەموو بوارەكان لەپێناو پەیدا كردنی شوێن و قورسایی لە نێو هاوكێشەكان و سیاسەت و ستراتژی هێزە سەرەكییەكانی كاریگەر لە ناوچەكە.

-تێكەڵ كردنی بەرژەوەندییەكان و پاشەڕۆژی شوڕشی نەتەوەیی كورد لەگەڵ بەرژەوەندی و سیاسەتە بەردەوام و هەمیشەییەكانی وڵاتانی زلهێز لەناوچەكە.

-كار و تێكوشانی جیدی دیپلوماتیك و لۆبی گەری لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی لەپێناو هەڵوەشاندنەوە یان پێكهێنانی ڕیفۆرم لەو پەیمانە نێودەوڵەتیانەی كە ڕێگرن لە پێش سەربەخۆیی نەتەوی كورد و سەبەخۆیی كوردستان وەكو پەیمانی زەهاو 1639 ز-و سایكس پیكو  و لوزان و...

-ڕزگار  كردنی پێكهاتەوكەسایەتی حیزب و كادری حیزبی لە گەندەڵی بەواتای هەموو ڕەهەندەكانی.

-بەڕێوە بردنی كونگرەی هاوبەش و تایبەت لە نێوان هەموو لایەنەكان بۆ دیاریكردنی ستراتژی نەتەوەیی هاوبەش و تاكتیكی هەماهەنگ لەئاست پرسە نەتەوەیی و فەراحیزبییەكان بەرلە كونگرەی نەتەوەیی.

-كۆتایی هێنان بە سیاسەت و نەخوشی كوشندەی ڕەشكردنی یەكتر.

- ڕێكخستنی خەباتی جەماوەری و گەلەری لە ناو چین و توێژەكان لە ناوخۆ و هەندەران .

- پشتگیری و دەرفەت ڕەخساندن بۆ هونەرمەندان و تاكە تواناكان لە بواری موزیك و هونەر لە پێناو بەرهەم هێنانی موسیقای مودیرن و شۆڕشگێڕانە بۆ گیان بەخشین بە ڕۆحی خەبات و تێكوشان لە ناو خەڵك.

- دانانی پرۆگرامی نوێ لەپێناو دامەزراندنی سیستەمی ڕێكخستنی نوێ لە ناو جیلی نوێ كۆمەڵگا جیا لەو تەشكیلاتە پێشووە كە هەیە لە ناو خەڵك.

- راكیِشانی كادیرە لێهاتووەكان لە هەندەران و ڕاهێنانیان و ناردنیان بۆناو كومەڵگا بۆ دەستپێكردنی دامەزراندنی تەشكیلاتی نوێ و سەردەمی.

- دەستپێكردنی جیددی خەباتی چەكداری لە شاخ و لە شار بە تیمی چەكداری پسپۆر لەسەر ئەساسی تاكتیكی "تەعجیز و تەخریب " .

-دامەزراندنی هێزی چەكداری تایبەت و فیدایی بۆ  ڕەوانە كردنیان بۆ قوڵایی خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

دیارە پێشتریش بە شێوازی جۆراجور هەندێك هەنگاو بەرەو كرداری كردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە هەڵگیراوە بەڵام زیاتر كاتی بوونەو نەیانتوانیوە لە ئاستی پێویست كارێگەر بن و تەنانەت جاروباریش بوونەتە هۆی خەسار و زیان بۆیە ڕاهێنان و پەروەردەی مودێرن و پسپۆرانە بۆ ئەم تیمانە زۆر گرینگە كە بتوانن لە هەرچەشنە هەلومەرجێك و دوور لە ناوەندی بڕیار بەردەوام بە بوونی خۆیان و چالاكییەكانیان بدەن.

كۆتایی

وه حید که مالی ئیلامی

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون