بەغدا بە هاوكاریی ئێران ناكۆكیی نێوان لایەنە كوردییەكان قووڵتر دەكاتەوە

Kurdane.com

كەوتنی داعش لە عێراق، بارگرژییە دیپلۆماسییەكانی كەنداو، هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر كەركووك، كوژرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە یەمەن و ناساندنی ئورشەلیم وەكو پایتەختی ئیسرائیل، لەو رووداوانەن كە لە 2017دا كاریگەریان لەسەر سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانا و چاوەڕێ دەكرێت رووداوەكانی 2018ش ئاراستە بكەن.


لە ساڵی 2011 بەدواوە و لەگەڵ رووداوەكانی بەهاری عەرەبی، بەشێك لە حكومەتە ناوەندییەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقا لاواز بوون، بە جۆرێك لە هیچ قۆناغێكی مێژووی نوێی ناوچەكەدا، گرووپە ناحكومییەكان هێندەی ئەم شەش ساڵەی رابردوو بەهێز نەبوون. 

وەكو رەنج عەلائەدین، توێژەر لە پەیمانگای بروكینگز دەڵێت، راگەیاندنی خەلافەت لەلایەن داعشەوە دیارترین دەركەوتەی هێزی گرووپە ناحكومییەكان و لاوازبوونی دەوڵەت ـ نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. سەرهەڵدانی داعش، دەستگرتنی بەسەر ناوچەیەكی زۆری عێراق و سووریا و رووخانی دامەزراوە سەربازییەكانی ئەو دوو وڵاتە، رێگەی بۆ خۆڕێكخستنی میلیشیا شیعەكانی عێراق لەژێر چەتری رێكخراوی حەشدی شەعبیدا خۆشكرد. حەشد دەبووایە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە بەهۆی لاوازیی دامەزراوە سەربازییەكانی عێراقەوە دروست ببوو. 

رەنج عەلائەدین دەڵێت كۆمەڵێك هۆكار یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دەوڵەتەكان هەوڵ بدەن لە ساڵی 2018دا جارێكی دیكە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێننەوە. یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە "سیستەمی نێودەوڵەتی هیچ مەیلێكی نییە بۆ ئەوەی سەروەری بەو گرووپانە ببەخشێت كە خولیای دەوڵەتیان لەسەر دایە (لەوانەش كورد)، یان دەستكاریی بزوێنەر و داینامیكی دەسەڵاتی نێوخۆیی بكات". 

بەبۆچوونی رەنج عەلائەدین، هێزەكانی دەرەوەش نە توانا و نە خەللاقییەتی ئەوەیان نییە "هاوسەنگیی هێز لە وڵاتانی ناوچەكە بگۆڕن". لەبەرئەوەی لە هەندێكیاندا بژارەكانیان سنووردارە (وەكوو لیبیا و یەمەن) و لە هەندێكیشیاندا دەستتێوەردانی دەرەكی ئاكامی زۆر بچووك و پڕخەرجی لێكەوتووەتەوە (وەكوو سووریا و عێراق). 

بەو حاڵەشەوە لێكۆڵەرە كوردەكەی بروكینگز پێیوانییە داهاتووی ناوچەكە روون بێت "چونكە دیار نییە لە وڵاتانی عەرەبی كە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا خەڵتانی خوێن بوون، چ جۆرێك لە دەوڵەت دێتەوە ئاراوە". بەتایبەتیش لە كاتێكدا سعودیە و ئێران قۆڵیان لە شەڕی باڵادەستی لە ناوچەكەدا هەڵكردووە.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون