دادگای ئێران سزای سێدارەی بە سەر ڕامین حسێن پەناهییدا سەپاند

Kurdane.com

دادگای شۆڕشی ئێران سزای سێدارەی بە فەرمی بە سەر ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسیی کورد-دا سەپاند و سزاکەی بەخانەوادەکەی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ لقی شاری سنەی دادگای شۆڕشی ئێران، بە خانەوادەی ڕامین حسێن پەناهیی، ڕاگەیاند، کە سزای سێدارە بەسەر پەناهییدا سەپێندراوە.

 

ئەمجەد حسێن پەناهی، برای ڕامین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و وتی: سزاکە بە تاوانی "بەغی"، کە بەواتای یاخیبوون لە خوا و بایەخە بەناو پیرۆزەکانی حکومەتی ئێران دێت، بەسەر ڕامین-دا سەپێندراوە.

 

ئەمجەد حسێن پەناهی، ڕوونیکردەوە، کە دادگای ئێران بە تۆمەتی ئەندامبوونی براکەم لە حزبی کۆمەڵە و دژایەتیی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە "بەغی" تاوانبارکراوە.

 

ئەمجەد حسێن پەناهی، وتیشی: پارێزەری ڕامین داوای پێداچوونەوە بە سەر سزاکەدا دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو سزایە سزایەکی سیاسییە و هەم سوپای پاسداران و هەم وەزارەتی ئیتلاعات داوایان لە دادگا کردووە سزای سێدارە بە سەر ڕامین-دا بسەپێندرێت.

 

جێگای ئاماژەیە، کە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، دەستەیەکی چوار کەسی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-ئێران، لەناو شاری سنە کەوتنە بۆسەی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و پێشمەرگەیەکیش بەناوی ڕامین حسێن پەناهی بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون