تەنیا ٣ لەسەدی داهاتی نەوتی ئیلام، بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان دەکرێت

Kurdane.com

بەناو نوێنەری ئیلام لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە که لە داهاتی نەوتی ئیلام، تەنیا ٣ لەسەدی بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان دەکرێت.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، سەلام ئەمینی، بەناو نوێنەری ئیلام لە مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە لە حاڵێکدایە که ١١ لەسەدی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران لە پارێزگای ئیلامدان، تەنیا ٣ لەسەدی بۆ ئەو پارێزگایە و خۆشبژێوی خەڵکەکەی دابین دەکرێت.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان جیا لەوەیکە ١١ لەسەدی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێران لە پارێزگای ئیلامدایە، ئەم پارێزگایە زیاتر له ١٧ میلیارد بەرمیل پاشەکەوتی نەوتی هەیە کە لەگەڵ وڵاتی قەتەر یەکسانە؛ هەروها لە بواری بەرهەمی ناپاڵاوی دەروونیی سەرانە بە نەوت، ئیلام چوارمین پارێزگای ئێرانە، کە نیشاندەری گرنگی ئیلام لە بواری سامانە سرووشتییە ژێرزەوینییەکانە.

لە حالێكدا کە ئەم پارێزگایەی کوردستان خاوەنی وەها سەرمایەیەکی گرینگ و بەپیتە دەبینین کە بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران دەژمێردرێ و کەمترین گەشەی ئابووری لە ساڵانی ڕابردوودا هەبووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە حکومەتییەکانیش، خەڵکی ئیلام لەگەڵ کێشەکانی وەک بێکاری، گیرۆدەبوون به ماددە هۆشبەرەکان، خۆکوژی و بی هیوایی به داهاتوو و...هتد، بەرەوڕوون و بە بەراوردێکی سەرەتایی لە نێوان وڵاتی قەتەر و پارێزگای ئیلام و هەروەها دۆخی ژیانی خەلکی قەتەر و ئیلام کە داهاتی نەوتییان یەکسانە، دەردەکەوێ چ خەیانەتێک بە گەلی کورد لەم بەشەی کوردستان کراوە.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون