دیپلۆماسیی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران

Kurdane.com

تیرۆر لە زمانی فەڕەنسیدا واتای ترس و خوڵقاندنی ترسە و لە "دانشنامە سیاسی" داریوش ئاشووری لە پێناسەی تیرۆردا هاتووە کە "پێناسەی تیرۆر بۆ کوشتاری سیاسی بەکار دێت و بەو کەسانەی ئەم کردەوە ئەنجام دەدەن دەوترێت، تیرۆریست".

دیپلۆماسی گرنگترین کەرەستەی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکە بۆ ئەوەی گەشە بە پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی بدرێت و بەهۆی پارێزبەندی دیپلۆماتەکانەوە، وڵاتان دەتوانن پەیامی جیاوازی خۆیان لە بواری سیاسییەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیکخراوەگەلی نێودەوڵەتی و هەروەها لەو وڵاتانەی کە باڵیۆزخانە و کۆنسوولخانەیان هەیە، بێننە بەرباس. دیپلۆماسی و دامودەزگای وەزارەتی دەرەوە لە هەر وڵاتێک ڕۆچنەی ئەو وڵاتەیە بۆ جیهانی دەرەوە. وڵاتان هەوڵیان ئەوەیە لە دەرگەی کراوەی دیپلۆماسی زۆرترین کەڵک وەربگرن کە قازانجی ئابووری و کولتووری وڵاتەکەیانی پێوە بێت و هەروەها کە ئاگەدارین هەر وڵاتێک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی کە لە سیاسەتی درێژخایەندا دایڕشتووە، پلانی کاری کورتخایەن و درێژخایەنیشی بۆ وەزارەتی دەرەوەی دیاری کردووە.

تیرۆر لە زمانی فەڕەنسیدا واتای ترس و خوڵقاندنی ترسە و لە "دانشنامە سیاسی" داریوش ئاشووری لە پێناسەی تیرۆردا هاتووە کە "پێناسەی تیرۆر بۆ کوشتاری سیاسی بەکار دێت و بەو کەسانەی ئەم کردەوە ئەنجام دەدەن دەوترێت، تیرۆریست". ئەوانەی پەیڕەوی ئایدۆلۆژیای تیرۆریزم دەکەن کەسانێکن کە ڕاهێنراون و ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە بەپێی ئایدۆلۆژیای ئەوان، ڕێگەپێدراوە. تیرۆریزم کردەوەیەکی توندوتیژییە بۆ کوشتنی موخالفینی سیاسی کە بەدوورە لە عورفی کۆمەڵگە و ئەخلاقی ئینسانی و یاسای نێودەوڵەتیو ئاکامی ئەم کردەوەش خوڵقاندنی ترسە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و هەژاندنی ئاڵۆزی و گەشەی توندوتیژییە لە جیهاندا.

حکوومەتە تولیتارەکان لە ڕێی ئەو میدیا بەربڵاوانەی کە لەبەر دەستیان دایە و هەروەها باڵێۆزەکانیان، هەمیشە هەوڵیان داوە کە تۆمەتی تیرۆر لە خۆیان دوور بکەنەوە و بیخەنەپاڵ خەباتی ئازادیخوازیی بەرهەڵستکارانی وڵاتەکەیان. بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی نێوان خەباتی ئازادیخوازیی و تیرۆریزمی دەوڵەتی ئاماژەیەکی کورت بەم چەند خاڵە دەکەم: بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتیهیچ گرنگ نییە چەند خەڵکی بێتاوانی وڵاتەکەی خۆیان یاخود ئەو وڵاتەکەی کە تیرۆرەکەی تێدا ئەنجام دەدەن، خوێنیان دەڕژێ و هەروەها بۆ تیرۆری کەسایەتییەکی سیاسی بەرهەڵستکار هەزینەیەکی زۆری مادی دەدەن و تەنانەت ئامادەیشن کە پارە و گرێبەستی خەیاڵی بەو وڵاتەی کە تیرۆرەکەی تێدا دەکەن، بیدەن.بەڵام ئازادیخواز لە خەباتەکەیدا گیان و ماڵی ئەو خەڵکەی کە خەباتی بۆ دەکات زۆر لا گرینگە و خەڵکی بێتاوان ناکاتە ئامانج. ئامانجی تیرۆریزم مانەوەی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و مرۆڤکوژی تولیتاریستییە بەڵام ئامانجی ئازادیخواز وەدیهێنانی دیموکراسی و مافی مرۆڤە. تیرۆریزم لەلایەن هەر کەس و گرووپێکەوە بێت وڵاتێک پشتیوانی بێوچانی دەکات بەڵام خەباتی ئازادیخوازی تاکە پشتیوانەکەی ئەو میللەتە چەوساوەیە کە هەوڵ بۆ پێشکەوتنی دەدات.

برایان میشێل جێنکینز Brian Michael Jenkinsلە هەواڵنێرانی بەناوبانگی بواری تیرۆریزم، لە باسی تیرۆریزمی دەوڵەتی بەناوی "شەڕ لە ڕێی جێگرەوە" پێناسەی دەکات و دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی تیرۆریزمی دەوڵەتی پەیڕەوی دەکەن، بەرتەسکییەکانی شەڕی 'متعارف' دەزانن بۆیە پێیان باشترە لە ئیمکاناتی ڕێکخراوەگەلی تیرۆریستی کە خۆیان دایانمەزراندوون یان پشتگیرییە ماددییەکەیان وەئەستۆیە، بۆ هەڕەشەی دوژمن یان ئاڵۆزی لە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتەی مەبەستیانە کەڵکی لێوەر بگرن". ناوبراو ڕای وایە ئەم شێوە لە تیرۆریزم کە سەرمایەگوزارییەکی زۆر کەمتری لە شەڕی "متعارف" پێویستە، دەتوانێ دوژمن لەپێ بخات و بەتەواویش نکووڵی لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستەکاندابکات.

یەکێک لە گرنگترین باسەکان لە بەشی دیپلۆماسی گشتیی، بەکارهێنانی شێوەگەلی جۆراوجۆرە بۆ وەدیهاتنی مەبەستگەلی سیاسی. دیپلۆماسی گشتیی هەرچەند ڕێگەیەکی جیاوازی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە لە بواری داڕشتن، بەڕێوەبردن، نێوەڕۆک و پڕوپاگەندە هەیە بەڵام لە کۆتاییدا لە پێکانی مەبەست هاوبەشن. دیپلۆماسی "تلفیقی"، ئاوێتەکردنی چەمکی دیپلۆماسییە لەگەڵ ئەو بەشەی کە ناوەندەکانی بڕیاری سەرەکی وڵات بۆ سیاسەتی دەرەوە، بەپێویست و دروستی دەزانن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بەئاشکرا ڕایگەیاند کە "نە سنوورێک دەناسین و نە زمانێک و نە نەژادێک" و "صدور انقلاب اسلامی"یان کردە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان. بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە گرینگەکانی وڵات و هەروەها دیاریکردنی دیپلۆماتیش بۆ دەرەوەی وڵات "تعهد"یان وەپێش "تخصص" خست و لە یەکەم هەنگاویاندا بۆ جێبەجێکردنی هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیا توندڕەوییەکەیان "سوپای قودس"یان دامەزراند. وردبوونەوەیەک لە هەڵبژاردنی ئەم ناوە بۆ ئەو سوپایەی کە چالاکی سەربازیی و تیرۆریستی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات وەئەستۆیە بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەداتێ کە بۆچی لەکاتێکدا ئیمامانی شیعە لە نەجەف، بەغدا، کەربەلا، کووفە و مەشهەدن بەڵام ناوی قودس بۆ سوپاکەیان هەڵدەبژێرن؟ئەوەی من لەم ناوە دەیخوێنمەوە زیاتر مەبەستێکی پاوانخوازی و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی لەپشتە. ستراتێژییەک لە پشت دیاریکردنی ئەم ناوەوە هەیە و بەپێی بیلانی کاریی ئەم سوپایەش بۆمان دەرکەوتووە کەبۆ سوپای قودس زمان و نەژاد و سنوور گرنگ نییە و هەر تاقم و گرووپێک لەگەڵ سیاسەتی تیرۆریستییئێراندا بێت بەباوەشی ئاوەڵەوە وەریدەگرێت. گرووپی توندڕەوی شیعە بەدژی سوننە، گرووپێکی توندڕەوی تری سوننە بەدژی لایەنەکانی تری، گرووپی توندڕەوی جوولەکە بەدژی مەسیحی و هتد، هەر هەموویان وەردەگرێت بۆ ئەوەش ئاژاوە و قەیران بەردەوام لە ناوچەکەدا هەبێت هەمەجۆرە پشتیوانییەکی ماددی و سیاسییان دەکات. چونکە بوونی قەیران واتە بوونی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆی سیاسی و ئابووری لە ئێران کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لە پاوانی خۆیدا تۆمار کردووە. سوپای قودسی ئێران بۆ ئەوەی شەڕ لە گۆڕەپانی نێوخۆی وڵاتەکەی دووربخاتەوە هەمووجۆرە هەزینەیەکی ماددی و سیاسی دەدات کە بەرهەڵستکارەکانی تیرۆر بکات. ئەم تیرۆرانە بۆ ئێرانچارەنووسسازە چونکە دەنگی سەرکوتکردنی نەیارانی نێوخۆی وڵاتەکەشی هەر لە نێو هەراوهوریای ئەم تەپڵی شەڕ و تیرۆرانەدا ون دەبێت.

یەکێک لە ڕۆچنەکانی ئەم دەستدرێژییە تیرۆریستییەش لەلایەن سوپای قودسەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، باڵوێزخانە و کۆنسوولخانەکانیەتی کە تیرۆریستەکانی بەرگی دیپلۆماتیان لەبەر کردووە و چەمکی دیپلۆمات-تیرۆریست بەباڵایان دووراوە. هەرباڵێۆزخانە و کۆنسوولخانەیەکی ئێران بەشێکی تایبەتی بۆ چاودێریکردن و داڕشتنی پلان و پاشان جێبەجێکردنی حوکمی تیرۆر هەیە. حوکمی کۆتایی تیرۆر دەبێ دواجار لەلایەن بەرزترین پلەی ئایینی شیعەوە کە ویلایەتی فەقیهە واژۆ بکرێت. یەکەم تیرۆری ئێران لە دەرەوەی وڵات ژەنەڕاڵ شەهریار شەفیق بوو کە ڕۆژی 16ی سەرماوەزی 1358ی هەتاوی، کاتێک لە ماڵی دایکی واتە ئەشرەفی پەهلەوی لە پاریس دەهاتەوە دەرەوە بە دوو فیشەکی تیرۆریستان کە ئاخوند سادق خەڵخاڵی نوێنەری ئایەتوڵڵا خومەینی لە "دادگاه انقلاب" حوکمەکەی بەناوی "مفسد فی الارض" لە دادگایەکی غیابی دابوو، کوژرا.

کوژرانی ژەنەڕاڵ شەفیق و بەئاکام نەگەیشتنی بەداواداچوونی نێودەوڵەتی و دەیشکرێ بڵێم بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم یەکەم تیرۆرە دەوڵەتییە، دەستی تیرۆری ئێرانی ئاوەڵەتر و زمانی دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتەی درێژتر کردەوە کە تیرۆری نەیارەکانیان لە دەرەوەی وڵات لە ڕێی ئیمکاناتی باڵوێزخانەکانیان و پارێزبەندی دیپلۆماتەنیان، بەشێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە ببەن.

عەلی ئەکبەر تەباتەبایی، وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەمریکا لە سەردەمی محەمەدڕەزا شا، لە 31ی پووشپەڕی 1359ی هەتاوی لەلایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەردەم دەرگەی ماڵی خۆیدا بەفیشەک کوژرا. ژەنەڕاڵ غوڵامعەلی ئۆوەیسی لە 18ی ڕێبەندانی 1362ی هەتاوی، لە پاریس لەگەڵ براکەی غوڵامحسێن ئۆوەیسی بەفیشەکی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران.بیژەن فازڵی کوڕی ئەکتەری ڕەخنەگر ڕەزا فازڵی لە 28ی گەلاوێژی 1365ی هەتاوی بەهۆی بۆمبەوە لە فرۆشگەی خۆی لە لەندەن تیرۆر کرا. دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵلا قادری ئازەرو دکتۆر فازڵ ڕەسووڵ لە ساڵی 1368ی هەتاوی لە شاری ڤیەن-ی نەمسا (ئۆتریش) لەکاتی دانوستان لەگەڵ دیپلۆمات - تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کرا و دووبارە لە هەمان ساڵ لە شاری لارناکا-ی قوبرس و سدیق کەمانگەر لە شاری ڕانیەی کوردستانی عێراق تیرۆر کران. ساڵی 1369ی هەتاوی کازمی ڕەجەوی لە سوئیس و دووبارە لە هەمان ساڵی خاتوو عیفەت قازی کچی سەرکۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەمەد بەهۆی نامەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە لە شاری وێسترۆس-ی سوید تیرۆر کرا. 1370ی هەتاوی عەبدولڕەحمان بروومەند بەڕێوەبەری دەستەی کارگێڕێ "نهضت مقاومت ملی ایران" لە پاریس و دووبارە لە هەمان ساڵ و هەمان شار و وڵات شاپووری بەختیار، 1371ی هەتاوی فەرەیدوون فەڕوخزاد لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا،دکتۆر محەمەد سادق شەرەفکەندی و فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و نووری دێهکۆردی لە ساڵی 1371ی هەتاوی لە شاری بێرلین-ی ئەڵمانیا لەلایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا. ساڵی 1375ی هەتاوی ڕەزا مەزڵوومان لە ماڵی خۆی لە پاریس بەفیشەکی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کرا.دیپلۆماسی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەیەی 90ی زاینییدا کەڵکی لە ئاژاوەی کوردستانی عێراق وەرگرت و پتر لە 352 کەسی لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی لەو دەڤەرە تیرۆر کرد. لە دوایین کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی عێراق تەقینەوەی شەوی یەڵدای بەردەم دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو، لە شەوی 1ی بەفرانباری 1395ی هەتاویدا کە شەهیدبوونی 5 پێشمەرگەی ئەو حزبە و دوو کارمەندی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بەدواوە بوو.

دەزگەی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران لیستێکی دوورودرێژی لە تیرۆری کەسایەتی سیاسی و بەرهەڵستکارانی بۆ خۆی تۆمار کردووە کە بێگومان ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەوە و هەمان لیستیشیان بۆ تەقینەوە و تیرۆر بەدژی کەسایەتی و ناوەندگەلی بیانی هەیە کە بۆ نموونە دەکرێ ئاماژەیەک بکرێ بە تەقینەوەی 29ی خاکەلێوەی ساڵی 1362ی هەتاوی لوبنان کە کامیۆنێک بە 900 کیلۆ مادەی تەقینەوە ڕووی کردە بینای سەرەکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت و هەر لەو کاتەدا 63 کەس کوژران و پتر لە 120 کەسیش بریندار بوون، تەقینەوە لە ناوەندی جوولەکەکان لە ئەرژەنتین لە ساڵی 1373 کە کوژرانی 85ی کەسی لێکەوتەوە، تەقینەوەی ساڵی 1375ی ناوەندی ئەلخوبەر-ی سعوودیا کە کوژرانی 19 سەربازی ئەمەریکی و 400کەسی دیکەی لێکەوتەوە. ساڵی 1390 هەوڵ بۆ تیرۆرکردنی عادل ئەلجوبەیر باڵوێزی ئەوکات و وەزیری دەرەوەی ئێستای سعوودیا، تەقینەوەکانی ساڵی 1391ی هەتاوی لە بانکۆک-ی تایلەند و دێلهی هیندوستان بۆ تیرۆری دیپلۆماتەکانی ئیسرائیل و دووبارە لە هەمان ساڵدا دوو ئێرانی ئەندامی سوپای قودس بەتاوانی گواستنەوەی 100 کیلۆگرام مادەی تەقینەوە بۆ کێنیا دەستگیر و ڕەوانەی مەحکەمە و زیندان کران. لە سێپتەمبری 2015ش هێزی تەناهی بەحرێن دەستیان گرت بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی بۆمب کە پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت تاوانباران پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە بووە.

ئێران هەمیشە لەو تیرۆر و تەقینەوانەدا تۆمەتی دەستێدابوونی ڕەتکردووەتەوە و دیارە هەندێ وڵات بەسات و سەودای بازرگانی لە خوێنی ڕژاوی بەرهەڵستکارانی ئێران بەدەستی سوپای قودس خۆش بوون و ئێستەشی لەگەڵدا بێت ڕێگەیان نەداوە ئەو دۆسیانە بکرێتەوە بەڵام دادگەی میکونوس و ئەرژەنتین بەفەرمی تیرۆریستبوونی ئێران و سەرکردەکانی ئەو وڵاتەی، بە بەڵگەوە ڕاگەیاندووە و ئیجرائیاتی خۆی کردووە و نەیهێشتووە ئێران بێ عارەق دەرچێ، بەشێوەیەک کە حەسەن ڕووحانی لە لەو باوەڕەدایە کە تارمایی بڕیاری دادگەی میکۆنوس هەتا ئێستاش بەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیدا ماوە،ئەو دەڵێت:"ئەوە میکۆنوسە کە پێشی یارمەتیدانیی ناوەکی وڵاتانی ئەورووپی بە کۆماری ئیسلامی دەگرێت". (امنیت ملی و دیپلماسی هستەای،حسن روحانی)

خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لەم نووسینەدا ئاماژەی پێ بکرێت و دەبێ لەبارەیەوە بکۆڵدرێتەوە بۆ ئێران هێندە دەستی ئاوەڵە هێشتراوەتەوە لە تیرۆری بەرهەڵستکارانی وڵاتەکەی لە دەرەوەی وڵات کە کێ بیەوێت تیرۆری دەکات و لەکوێ پێی خۆش بێت، تەقینەوە دەکات؟

ئەوەی ڕاستی بێت تیرۆر هیچ سنوورێکی بۆ نییە و بەتایبەت کە دەوڵەتێکی خاوەن سەرمایەی نەوتیشی وەکو ئێرانی لەپشت بێت، دەتوانێ بەڕێکخستنی گرووپگەلی تیرۆریستی بەئامانجەکانی خۆی بگات و هەروەها لەجیاتی ئەوەی سامان و سەروەتی وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن هەزینە بکات، دەیداتە گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ئەژماری بەرهەڵستکارانی وڵاتەکەی لەوێن. پێشگرتنی ئەم سیاسەتە بۆ ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکەی بەردەوام هەژارتر بن و تاوانەکانی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون بکات و سیمای کۆماری ئیسلامیش لە جیهانی دەرەوە، ڕەشتر بێت. گوێنەدانی هەندێ وڵاتی زلهێزیش بەکردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران ئەم وڵاتەی زیاتر ملهوڕ کردووە بۆ نموونە دەبینین کەسێکی وەکو "سید حسین موسویان" کە باڵیۆزی ئێران لە ئەڵمانیا لە سەردەمی دادگەی میکونوس بوو ئێستە ساڵانێکە لەوپەڕی تەناهیدا لە ئەمریکا دەژی یاخود ئەو کەسانەی کە ناویان پاش دادگەی میکونوس درایە ئینتەرپۆل بەڵام دەستگیر نەکراون، نموونەی لەم جۆرە زۆرن.

هەروەها خاڵێکی تر کە گلەییە و دەکەوێتە سەر وڵاتان ئەوەیە کە دەزانن باڵیۆزخانەکانی ئێران بۆ مەبەستی کاری تیرۆریستی بەکار دێت بەڵام هەتا بەرۆکیان نەگرێتەوە و تووشی گرفتی گەورەیان نەکات، هیچ جۆرە دژکردەوەیەکیان نابێ و تەنانەت وەکو ڕووداوی تیرۆری شەهید دکتۆر قاسملوو، تیرۆریستەکان لە بینای باڵیۆزخانەی ئێراندا حەشار درابوون و دواتر ڕەوانەی ئێران کران و ئەو دەوڵەتە ئێستەش هەر ڕێی بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیە تیرۆریستییە نەدا.

تیرۆر بەشێکی سەرەکی و بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە و گرنگترین کەرەستەی ئەو وڵاتەیە بۆ گەشەپێدانی دەسەڵات و نفووزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا. لە5/8/1395 (26/10/2016) سەرتیپی پاسدار سالار ئابنووش لە وتارێکیدا لە هەمەدان بەئاشکرا رایدەگەیەنێت کە "بۆ پارێزگاری لە ویلایەتی فەقیە سوپای پاسداران سنوور ناناسێت" ئەو هەروەها دەڵێت: "هەموو جیهان دڵنیا بن کە بەزوویی لە ئەورووپا و ئەمریکاش سوپای پاسداران دروست دەبێت... شۆڕشی ئێمە وەکو شۆڕشەکانی ئەلجەزایەر و فەڕەنسا نییە. سوپای پاسداران ناوەندێکی بێوێنەیە لە جیهان و وەکو گرووپی شرطە الخمیس لە سەردەمی حەزرەتی عەلی وان".   ئێران بۆ گەشەی دیپلۆماسی تیرۆر هەنگاوێ بەرەوپێش چووە واتە دیپلۆمات-تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت خۆیان لە هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپگەلی تیرۆریستی وەکو ئەلقاعیدە و داعش-یش نەبواردووە. ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە ساڵی 2003 ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە لەبارەی پەیوەندی پتر لە دە ساڵەی نێوان ئەیمەن زەواهیری و وەزیری بەرگری ئێران ئەحمەد وەحیدی. بۆ یەکەم جار ئەمریکا لە سێی گەلاوێژی 1390ی هەتاوی، ئێرانی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەلقاعیدە تۆمەتبار کرد هەروەها تۆمەتبارکردنی ناوەندی مافی مرۆڤی سووریا بە پەیوەندی نێوان سوپای قودس و تیرۆریستەکانی داعش لە سووریا کە دۆکیۆمێنتەکانی لە زاری ئەسیرەکانی ئێرانی بەشداربووی شەڕی سووریا و ئەسیرەکانی داعش دراوەتەدەست ڕاگەیەندنەکانی بیانی و بڵاویش کراونەتەوە. لەم دواییانەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 13/3/1395-2/6/2016 لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تیرۆریزمی جیهانی ڕایگەیاند: "حکوومەتی ئێران هەرچەند لەگەڵ وڵاتانی 5+1 لەبارەی پلانی ناوەکییەوە بە تەوافوق گەیشتووە بەڵام هێشتا سەرەکیترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆریزمە لە جیهاندا".

لە باسی دیپلۆماسیی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خاڵێکی ورد و جێی سەرنج کە لەم بارەوە پێویستە لە کۆتایی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێ بکرێت قۆناغی پاش تیرۆرەکەیە لەلایەن ئێرانەوە؛ ئێران بەهەموو توانای ماددی و سیاسییەوە بەو دەستوپێوەندییانەی کە ساڵانێکی درێژخایەنە باڵیۆزخانەکان و کۆنسوولخانەکانیان لەو وڵاتەی کە تیرۆرەکە کراوە هەروەها لە ڕێی جەنگی نەرم لە میدیاوە، پڕوپاگەندەیەکی زۆر بەربڵاو لە بەلاڕێدابردنی تاوانباری سەرەکی تیرۆرەکە و ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکینانەوە وەڕێ دەخەن و هەموو هەوڵێک دەدەن لە ڕێی ئەو گرووپ و تاقمانەی کە سەرمایەگوزارییان لەسەر کردوون، ئێران بتوانێت درێژە بەدیپلۆماسی تیرۆر بدات.

ئازاد مستۆفی

 

--------------------

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە 695ی ڕۆژنامە کوردستان چاپ و بڵاو بووەتەوە.

 

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون