ئەمەنده چینە ؛ قوربان ، پێم بڵێ چین ؟!

Kurdane.com

لە کتێبی " کلیلە و دمنە " دا حیکایەتێکی تاڵ هەیە سەبارەت بە جەماعەتێکی سادە دڵ و خۆش باوەر لە مەیمون؛ کە لە دارستانێکدا دەژین و بۆ دەربازبوون لە بەفر و کڕێوەی زستان هەوڵ ئەدەن کە ئاگرێک بکەنەوه و گیان بە سڵامەت دەربەرن لە بێ رەحمی سروشت و قامچی زستان.

بێ وچان ئەجوڵێن و دار و چیلکە کۆ ئەکەنەوه و کرمێکی شەوتاو دائەنێنە ژێر دار و چیلکە کە و فووی پیا ئەکەن بەشکوو بەو کرمە ئاگر بکەنەوە و لە فەوتان دەرباز بن. ئاگر بە کرم ناکرێتەوە. مەلێک کە لە سەر چڵی دارێک بوو پێی دەوتن کە : ئەوە ئاگر نیە، بەڵکو کرمە ، ئاگری پێ ناکرێتەوە ، دابەزی و ویستی مەسەلەکە زیاتر ئاشکەرا بکات کە گرتیان و سەریان هەڵکەند ...

لەو شەوه دا " کڕێوەی زستان " دەرسی مەرگی پێ وتن و پێی سەلماندن کە ئاگر چیە و رێگەی راستی دەربازبوون ئەوه نەبوو کە ئەوان پێیدا دەچوون ...

بەداخەوه حیکایەتی ئەو جەماعەتە لە داستانی ئێمه ئەچێت . گەلێکین کە گوایە دەبێت هەر بە مەرگ و کارەسات ئەزمون بگرین. رویی قسەم لە رێبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانە ، هەر وەها هاورێیانی کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران.

زۆر له مێژە دەرکەوتوه کە رژیمی کۆماری ئیسلامی توانا و تاقەتی قبول کردنی هیچ نەیارێکی خوی نیه ؛ چه لە ناوخۆی دەسەڵاتدا بێت و چ لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتدا ، لە هەر کوێی ئەم دونیایە دا بێت. شایەت حاڵ و نمونەی زۆریش هەیه که هەموان ئاگادارن و دەزانن کە له کاتی پێویست دا چۆن نەیارەکانی لە ناو دەبات و پیلان و نەخشەی لە ناوبردنیان بە ئەنجام دەگەیەنێت.گرینگ نیە کێ بێ و لە کوێ بێت، لە کوشتنی کوڕی خومەینیەوە بگرە تا تروری نەیارانی لە نێوخۆی ئێران وهەروەها لە قوڵایی خاکی وڵاتانی ئوروپایی و ئیمریکایی. کە بە داخەوه وەک هەمیشە کورد زیاترین خەسارەتی بەرکەوتوه ، لە تروری دوکتور قاسملوەوه بگرە تا لە ناوبردنی سەدان چالاکی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و لە باشوری کوردستان.

ئەزانین کە ئەم رژیمە زبانی وت و وێژ و ریکەوتن و مەنتق ناناسێت ،هەمیشە جوابی دانوستان و وت و وێژی بە ئاگر و تیرۆر داوەتەوه ؛ نزیک ترین رێکخراوەکانی ناوخۆی دەسەڵات دان بەم خاڵە واقعیەدا ئەنێن که : کۆماری ئیسلامی شیاو و گونجاوی ریفورم نیە. ئێستە ئیتر کەس چاوەڕێی چاکبونەوەی ئەو دەسەڵاتە پاوان خوازە ناکات و تەنانەت دار و دەستەی ریفورم خوازەکانی ناوخوی دەسەڵاتیش بە ئاشکرایی دان بەم واقعیەتە ئەنێن. سەیر ئەمەیە کە ئیمە هێشتا چاوەروانین!

ئێمە لەو جەماعەتە کە دەیانەویست بە کرمی شەوتاو ئاگر بکەنەوه سادە ترین . ئێمە (حیزبی دیموکراتی کوردستان ) هێشتایش وەهمی دانیشتن و دیالۆگمان هەیە لە گەل کۆماری ئیسلامی. بە چاوی خۆمان هەموو جنایەتەکانی ئەو دەسەڵاتە دەبینن و بە دڵ باوەر ناکەین و هیوادارین کە دانیشین و مافەکانمان لە رێگەی دیالۆگەوە دەستە بەر کەین.

سەد مەخابن ئەوەی کە ئێمە بە ئاگری ئەزانین ، ئاگر نیە.  " ئێمە بە خەیاڵی هەتاوە وە دەچین ، ئەوان بە ئەفتاوەیەک فریومان ئەدەن * !  "

کاتی ئەوە هاتوە کە زیاتر لە پێش هۆشیار بین .تا کەی ڕەشە باو قامچی بێ رەحمی زستان دەرسی مەرگمان پێ بڵێنەوە ؟!

هەروەها لەم چەند هەفتەی رابردوەدا چاوپێکەوتنێک لە مابەینی کۆمەڵەی شۆرشگێری کوردستانی ئێران و پەژاک ئەنجام دەبێت. لێرەدا چەند خاڵی تایبەت هەن کە هیوادارم بەرپرسانی کۆمەڵەی شۆرشگێر وڵامی شایستە بە خەڵکی کوردستان بدەنەوه :

ئایا کۆمەڵەی شۆرشگێر، پەژاک بە حیزبێکی سەربەخۆ حیساب ئەکەن ؟! کە ئەگەر وابێت پێویستە رای بگەیەنن و خەلکی کوردستان و لایەنگرانیان ئاگادار بکەنەوه .کە واش بێت دانوستان و دیالۆگی حیزبە کوردیەکان شتێکی باش وبە قازانجە بۆ هەمو پارچەکانی وڵات.

بەڵام ئەگەر هێشتا پەژاک بە حیزبێکی سەربەخۆ ناناسن و بەو باوەرەن کە هەرچی هەیە پێ کاکایە و پێ کاکا ش لە زوونی سەوز دایە و خەریکی سنوور پارێزی و داردەستی کۆماری ئیسلامین و ...خەڵک حەقی هەیە بپرسێت کە : بڕوا بە چی بکەین ؟ کلکی کەڵەشێرەکە یان قەسەمی حەزرەتی عەباس ؟!

قاسم ویسی

ویرجینیا - آمریکا

ژانویەی ٢٠١٧

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون