کاتى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم دیاریکرا

Kurdane.com

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆى بارزانى و نوێنه‌رى به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێم، بڕیاردراوه‌، ڕۆژى 25ى ئه‌یلول ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى به‌ڕێوه‌بچێت.

که‌مێک پێش ئێستا ڕاگەیەندراوێک لەسەر کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆى بارزانى و نوێنه‌رى به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بڵاوکرایەوە و بە پێی ڕاگەیەندراوەکە ڕۆژى ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى کوردستان دیاریکراوە.


به‌پێى ئه‌و ڕاگەیەندراوە کە سایتی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاوی کردوەتەوە، ڕۆژى 25/9/2017 ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى هه‌رێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی پارتی بڵاویان کردەوە، کە ڕۆژى 6/11/2017ش هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆکى هه‌رێم و په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێت.


ئاماژە بەوەش دراوە ڕیفراندۆم ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو: "له‌ کۆبوونه‌که‌دا به‌ تێروته‌سه‌لی بابه‌تی ڕیفراندۆم و هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان و کێشه‌ سیاسییه‌کانی ناوخۆی هه‌رێم و بارودۆخی ناوچه‌یی و جیهانی تاوتوێ کرا و ئاماده‌بووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ بیروبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر پێویستیی ڕیفراندۆم و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی هه‌رێم و بارودۆخی زاتی و مه‌زووعیی هه‌رێمی کوردستان خسته‌ڕوو".

 

ئەوەش هاتووە: "هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌بووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ تێکڕای ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی ڕێککه‌وتن:

یه‌که‌م: ڕۆژی بیست و پێنجی ئه‌یلوولی 2017 وه‌ک ڕۆژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دیاری کرا.

 

دووه‌م: هه‌ر له‌ ڕۆژی کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که‌ هه‌تا کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم لایه‌نه‌کان کار بۆ کاراکردنه‌وه‌ی پارله‌مان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ سیاسییه‌کان بکه‌ن ئه‌وه‌یش له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی کۆده‌نگیی نیشتیمانی.

 

سێیه‌م: جه‌خت له‌سه‌ر چاککردنه‌وه‌ی بژێویی ژیانی خه‌ڵک و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ کێشه‌ ئابوورییه‌کانی هاووڵاتیانی کوردستان و مووچه‌خۆر و چینوتوێژه‌کان و خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ت کرایه‌وه‌.

 

چواره‌م: بڕیار درا به‌ پێکهێنانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعود بارزانی. هه‌روه‌ها بڕیار درا هه‌تا ڕێککه‌وتی 12ـی 6ـی 2017 پارته‌ سیاسییه‌کان نوێنه‌ری خۆیان بۆ به‌شداربوون له‌ چه‌ند کۆمیته‌ی تایبه‌ت به‌ ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بکه‌ن.

 

حزبەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە ئەمانە بوون:

 

پارتی دیموکراتی کوردستان

یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان

یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان

حزبی شیوعیی کوردستان

حزبی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان

حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان

پارتی کرێکاران و ڕه‌نجده‌رانی کوردستان

پاتی چاکسازیی پێشکه‌وتووی کوردستان

لیستی هه‌ولێری تورکمانی

به‌ره‌ی تورکمانیی عێراق

پارتی گه‌شه‌پێدانی تورکمان

لیستی ئه‌رمه‌ن له‌ پارله‌مانی کوردستان

بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی ئاشووری

مجلس الشعبی الکلدانی الاشووری

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون