تاڵانکارییەکانی ڕیژیم لە کوردستان بەردەوامە

Kurdane.com

بەکرێگیراوانی ریژیم لە ناوچەی بۆکان لە درێژەی کاولکاری و تالانکارییەکانیان بەشێکی بەرچاو لە سامانە ژێرزەویژییەکانی شاخی تاقەکێویان تاڵان کردووە.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لەدرێژەی دەست بەسەرداگرتن و تاڵان کردنی کانزا و سامانە سرووشتییەکانی کوردستان لەلایەن دەست وپێوەندییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، شاخی تاقەکێوی هەڵکەوتوو لە گوندی "کانی کوزەڵە"ی شاری بۆکان لەلایەن کەسانێکەوە کە شوناسیان بۆ ئێمە ڕوونە و ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراوە، کەوتە بەر شاڵاوی تاڵانی ئەم کەسانە.

بەپێی ئەم هەواڵە جگە لەوەیکە ئەم دوژمنانەی کوردستان سامانەکانی کوردستان بەتاڵان دەبەن، خەسارێکی زۆر گەورەشیان بە ژینگەی ئەم ناوچە گەیاندووە؛ ئەمەش لەحاڵیکدایە کە خەڵکی ئەم ناوچە هیچ قازانجێکیان لە هەڵێنجاندنی ئەم کانییە نەکردووە و هەمو قازانجەکانی بۆ گیرفانی دەست و پیوەندییەکانی ڕێژیم بووە.

شاخی تاقەکیو هەڵکەوتوو لە نێوان ئاواییەکانی کانیکوزەڵە و سەراو ڕەحیم خانی سەر بە شاری بۆکانە کە لەلایەن ڕێژیمەوە هاوشێوەی زۆرێک لە کانییەکانی دیکەی کوردستان کراوەتە ئامانج و بەتاڵان براوە.

ئەم چەشنە پیلانانە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ساڵانی پاش شەڕی ئێران و عێراق لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕەجاو کراوە و تا ئێستا زۆرێک لەم سامانە سرووشتییە کە دەبێ قازانجەکەی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بێت بە تاڵان براون.

لە ساڵی ٩٢ی هەتاویدا ڕیژیم دوو کانگای مس و ئاسنی لە گوندی ''بایر و بۆردەمە''ی سەربە ناوچەی ''سەرشیو''ی سەقز دۆزییەوە کە ئەگەرچی خەڵکی ئەم ناوچە لەبەرامبەر دەرهێنان و بەتاڵان بردنییان هاتنە دەنگ بەڵام ڕێژیم ملهۆڕانە درێژەی بە تاڵانکارییەکانی خۆی دا؛ ئەم سێناریۆ چەند ساڵ پیشتریشی لە گوندی ''وەشەدەرەی'' ناوچەی سەرشیوی سەقز ڕووی دا.

لە خاکەلیوەی ئەمساڵیشدا هێزە چەکدارەکانی سەربە سپای تاڵانکەری پاسدارانی کرماشان بە چوونە نێو گردی میژوویی یوان لە ناوچەی "ناودەربەنی" کامیاران، قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاند کە ئەو گردە خاوەنی کانگای دەوڵەمەند بە زێڕە.

پێشتریش لە چەندین ناوچەی دیکەی کوردستان لەوانە سەقز، تیکاب، سایەنقەڵا و سنە حاڵەتی لەم چەشنە بیندراوە کە تێیدا تاڵانچییەکانی سپا پەلاماری شوێنە کەونارا و مێژووییەکانیان داوە و جگە لە دزینی میراتە پڕبایەخە کلتورییەکان کانزاکانی کوردستانیش بە تاڵان دەبەن.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون