لە رەقە ٤ گەڕەک ڕزگارکراون و ٣١٢ چەتە کوژراون و ٧ی دیکەش بەدیلگیراون

Kurdane.com

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئاماری ١٠ ڕۆژی ڕبردووی جەنگی گەورە بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لەو ١٠ ڕۆژەدا چوار گەڕەک ڕزگارکراون و ٣١٢ چەتەی داعش کوژراون و حەوت چەتەش بەدیلگیراون.

فەرماندیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمڕۆ بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند، کە تا ئێستا لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای جەنگی گەورە بۆ ڕزگارکردنی ڕەقەدا، چوار گەڕەکی مەشلەب، سەباحییە، ڕۆمانی و پیشەسازی لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکراون و بەتەواوی لە چەتەکان پاککراونەتەوە و هەروەها ڕاشگەیەندراوە کە ١٥ شەڕڤانی هێزەکانی سوریا دیموکرات شەهیدبوون.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند:"لە شەڕی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهیدبوون و ١١ شەڕڤانیش برینداربوون".

هەروەها ڕایگەیاندووە:"هەر چوار گەڕەکی مەشلەب، سەباحییە، ڕۆمانی و پیشەسازی لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکراون، هەروەها دەڤەرەکانی جەزرا، قەڵای مێژوویی هەرەکۆل، بارەگای سەربازی فرقەی ١٧، کارگەی شەکر و گوندی سهێل ڕزگارکراون کە دەکەونە ٧ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شارەکەوە".

قەسەدە هەروەها ڕایگەیاندووە:"٣١٢ چەتەی داعش کوژراون و حەوت چەتەش بەدیلگیراون، شەڕڤانان هەروەها دەستیان بەسەر لاشەی ٣٩ چەتەی داعشدا گرتووە، لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەدا، ٨ مۆتۆرسیکلێت، ٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی، ٥ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، هاوەنێک، ئۆبوسێک و کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی چەتەکان تێکشکێندراوە".

قەسەدە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، کە شەڕڤانان توانیویانە دەست بەسەر ئەو چەک و تەقەمەنیانەدا بگرن: ١٤ کڵاشنیکۆف، ٨ بی کەی سی، ٣ ئار پی جی، ١٦ ڕۆکێت، هەشت بۆمب، ٢٠ ڕۆکێت لە جۆرێکی دیکە و ٣٠ ڕۆکێتی کاتیوشا، دوو لاپتۆپ و ١٠ ئامێری بێ تەل.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون