ھەموومان پشتگیریی خۆمان بۆ ریفراندۆم دووپات کردەوە

Kurdane.com

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەموویان لەگەڵ پرسی ریفراندۆمدا بوون.

حامید حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلێدوانێکدا لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " لەکۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەتێر و تەسەلی باسی پرسی ڕیفراندۆمی کرد و ھەموومان پشتگیریمان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان کرد".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، ئەوەشی روون کردەوە: "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەماندا، باسی پەیوەندییەکانی خۆمان و گۆڕانمان کردووە، بیگومان ھەوڵی ئەوە دەدەین بۆ ئایندە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گوڕان و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەھێزتر بکەین".

حامید حاجی غالی، بۆ (باسنیوز) ئەوەشی خستەڕوو: "کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ دوای جەژن دواخراوە، دوای پشووەکانی جەژن کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەردەوام دەبێت".

پێشتر (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا بڕیار دراوە، نوێنەری ئەو حزبە بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دەستنیشان بکرێت.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون