٣٠ سەربازی تورکیا کوژران

Kurdane.com

هەپەگە ڕایگەیاند، کە لەسەر سنوری شارۆچکەی چەلێ-ی جۆلەمێرگ گورزی قورس-یان لە سوپای تورک داوە و لایەنی کەم ٣٠ سەربازیان لێ کوشتوون.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی داگیریکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر سنوری شارۆچکەی چەلێ-ی سەر بە شاری جۆلەمێرگ-ی باکوری کوردستان، کە لەئێوارەی ١٦ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر ئێوارەی ١٦ی حوزەیران کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک لە هەرێمی زاپ-ی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی کرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە و ئەو شەڕی کە لەبەرامبەریدا ڕوویدا، بە توندی بەردەوامە".

هەروەها، هاتووە:"ڕۆژی ١٧ی حوزەیران لە کاتژمێر ٠٤:٣٠ خولەک سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر هەرێمەکانی جیلۆی بچوک، شەهید مونزور و گوندی گیژنەی بۆمباران کرد و پاشان هەوڵیدا بچێتە بنارەکانی گوندی گیژنە و قەڵا بێدەوا، بە هەلیکۆپەتەری جۆری سکۆرسکی-ش سەربازیان لە هەرێمی قەڵا بێدەوا دانا، هێزەکانمان لە شەش شوێنی جیاوازەوە لەو سەربازانەیان دا و ٢٠ سەربازی دووژمن کوژران".

هەپەگە، دەشڵێت:"دوای هێرشی سەرەتا، سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر هەوڵیدا خۆی کۆبکاتەوە، تیمێکی گەریلاکانی ئێمەش لە ناوچەیەکی نزیک لەو سەربازانەیان دا و بەگوێرەی ئەوەندەی، کە ئاشکرابوو سێ سەرباز کوژران، لە هەمان کاتدا سەربازەکان هەوڵیاندا لە بنارەکانی گیژنە جێگیرببن، بەڵام بوونە ئامانجی هێزەکانمان و لەو چالاکییەدا دوو سەربازی دوژمن کوژران و سیانی دیکەش برینداربوو".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:"نیوەرۆی هەمان ڕۆژ تیمێکی دووژمن و هەلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی بۆ هاوکارییکردنی سەربازە بریندارەکان و هەڵگرتنەوەی کوژراوەکان هاتنە ناوچەکە، ئەو تیمەش بوو بە ئامانجی هێزەکانمان و  هەلیکۆپتەرەکەش بە چەکی گرانی هێزەکانمان گورزی بەرکەوت و ناچاربوو ناوچەکە بەجێ بهێڵێت و سەربازێکی دووژمن-یش کوژرا، دواتر هەلیکۆپتەری سکۆرسکی بە هاوکاریی هەلیکۆپتەری کۆبرا سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان هەڵگرت".

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"کاتژمێر ٥:٠٠ هێزەکانمان لە بناری گیژنە بۆ جاری دووەم لە هێزی دووژمن-یان دا لەشکرێکی دووژمن-یان کوشت و یەکێکی دیکەش-یان بریندارکرد، لەکاتژمێر ٠٧:٠٠-یش هێزەکانمان لەو سەربازانەی دووژمن-یان دا، کە دەیانویست لە قەڵا بێدەوا سەنگەر لێبدەن و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکەش برینداربوو".

ئەوەش هاتووە: سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر لە بەرەبەیانەوە هەتا کاتژمێر ١٠ی شەو بە فڕۆکەی جەنگیی گوندەکانی نێروە، بێدێ، ساجا و گرێ کارکەر-یان بۆردومان کرد و لە هەندیک شوین ئاگرکەوتەوە و هێزەکانمان هەوڵیاندا ئاگرەکە بکوژێننەوە.

هەپەگە ڕاشیگەیاند:"لەئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر-دا ئەوەندەی ئاشکرابووە ٣٠ سەرباز کوژران و پینجی دیکەش برینداربوون".

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون