عێراق و ئێران لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک رێکدەکەون

Kurdane.com

عێراق و ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش  رێکدەکەون. لەبارەی وەبەرهێنانی هاوبەشیش لە کێڵگەی نەوتی نەفتخانە لە دیالە گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی.


بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، عەبدولجەبار جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق راگەیاندووە، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر دروستکردنی لیژنەی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هەناردەکردنی نەوت خاوی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بۆ پاڵاوگەکانی ئێران رێککەوتوون، ئەوەش لەڕێگەی ئەو تۆڕە بۆرییەی بۆ ئەو مەبەستە دروستدەکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ وەرهێنان و پەرەپێدانی هاوبەش لە کێڵگە نەوتییەکانی نەفتخانە لە پارێزگای دیالە و سندیباد لە پارێزگای بەسرە، هیوادارن لە چارەکی کۆتایی ساڵی داهاتوو بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

وەزیری نەوتی ئێرانیش وێڕای ئاماژەدان بە دیاریکردنی راوێژکارێکی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی هێڵی بۆری نێوان کەرکووک - ئێران رایگەیاندووە، هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لەڕێگەی هێڵی بۆری بەسرە تاوەکو چەند مانگی دیکە دەستپێدەکات.

بێژەن زەنگەنە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق گوتی "لە بواری جۆراوجۆر گفتوگۆمان کردووە، هەم لە بواری بازاڕی نەوت و هەم هاوکاری دوو لایەنە. لەوانەش دامەزراندنی هێڵی بۆری نێوان کەرکووک - ئێران کە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو و ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنیان رێککەوتنی نوێ ئەنجامدرا و لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردرا راوێژکارێک لێکۆڵینەوەی پێویست لەمبارەوە ئەنجامبدات و بیخاتە بەردەم دوو وڵات تاوەکو دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت".

لەبارەی گفتوگۆکان بۆ هێڵی بۆری نێوان بەسرە و ئابادان، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە، بڕیارە لەڕێگەی ئەو هێڵەوە بەرهەم نەوتییەکان بگوازرێنەوە. 

بێژەن زەنگەنە دەڵێت، پرسێکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە هەناردەکردنی گازی ئێران بوو بۆ عێراق و بۆ ئەو مەبەستە هێڵی بۆری لە نەوت بۆ عێراق دەچێت و هەناردەی گاز لەو رێگەوە ئەنجامدەدرێت. هێڵی بۆری دیکە بەسرەیە کە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو جێبەجێدەکرێت و لە رێگەیەوە گاز لە بەسرە بۆ عێراق هەناردە دەکرێت.

بۆچونەکان

ناردنی بۆچون