“کاتێک سەیری کتێبخانەی کوردیم بینی، شوێنی مێژووی سەرهەڵدانی گەلی کوردم له ئیلام بە بەتاڵی بینی بۆیه هەوڵم دا به وەرگێرانی ئەم کتێبه هەنگاوێکی جددی بۆ پڕ کردنی ئەو بۆشاییه هەڵبگرم”.
یەکەم جار ڕەسی کتێبەکەم لەسەر ئینستاگرام بینی. ناو نیشانی کتێبەکە هەر زوو سەرنجی منی هەستیار به مێژووی کوردستانی ڕاکێشا. لەسەری کلیکم کرد تاکوو زانیاری وردتر دەستم کەوێت. که باش ئاوڕم دا له شرۆڤەی پوستە ئینستاگرامییەکە نووسرابوو: “کتێبێک که مێژووی ونبووی کوردستانمان بۆ باس دەکات و تیشک دەخاته سووچه تاریکەکانی دیرۆکی وڵاتەکەمان”.
هەر زوو ئکاونتی وەرگێری کتێبەکەم دۆزیەوه و پەیامێکم بۆی دانا و وتم: “جێگای شانازیه ئەگەر کاتمان پێبدەی تاکوو وتووێژێکمان هەبێت لەبارەی دوا وەرگێرانتان”. مامۆستا وەحید کەماڵی به خۆشەویستی وەرمانیگرت و به بیانووی ئەم وەرگێرانه چەند ساتێک و چەند جارێک لەگەڵ یەکدا گفتوگۆمان کرد و بووینه هاوڕێ و بەرادەر.
وەحید کەمالی، نووسەر و وەرگێر و چالاکی ئیلامی دانیشتووی باشووری نیشتمانه. له زانکۆی تەورێز خویندنی تەواو کردووه. چوار کتێب له بواری ئەدەبی منداڵان هەیه، کۆمەڵه شێعرێکی لوری بەختیاری هەڵگەڕاندووەتەوه سەر سورانی، هەروەها دوو کۆمەڵه شعێر کلاسیک و نوێ فارسیی بەڵاو کردوو.
وەحید کەمالی به هۆی هەست به بەرپرسیارەتی کردن لە بەرانبەر گەل و نیشتمان، زۆرینەی هەره زۆری تەمەنی خۆی تەرخانی کورد و کوردستان کردووه. ئەو جوره که خۆی دەڵێت زۆرتر لەسەر ئەدەب و کەلتور تەرکیزی کردووه و چالاکییەکانی لەو بواره ڕێکخستووه بەڵام هاوکاتیش له چالاکی سیاسی و مەدەنی دوور نەکەوتووه. وەحید سەردانی زۆرینەی هەرە زۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی کردووه و هەوڵی ڕوونکردنی خەڵک بە نیسبەت مافه نەتەوەییەکانیان داوه.
کاتێک وەرگێرانی کتێبی “شۆڕشی ئیلام”م بینی هەر زوو بڕیارم دا وتووێژێک لەگەڵ وەرگێرەکەی ڕێکبخەم که به خۆشیەوه وەحید کەماڵی نەتەنیا پێشنیارەکەمی قەبووڵ کرد بەڵکوو یارمەتیدەرم بوو که زۆرتر لەگەڵ کوردستانەکەمان ئاشنا ببەم.
وەحید کەماڵی بۆی باس کردم: “عباس محمدزاده ملکشا نووسەری ئەم کتێبەیه. مامۆستا عباس محمدزاده مەلکشا نزیک له یازده ساڵ له تەمەنی خۆی تەرخانی نووسینی ئەم کتێبه و کۆکردنەوەی بەڵگە مێژوویەکانی کردووه، له ڕاستیدا ئەم نووسەره یازده ساڵ تەمەنی خۆی لە ڕێگای ناساندنی بەشێک له مێژووی ونبووی وڵاتەکەمان تەرخان کردووه”.
له وەحید کەمالی پرسیم، ئەم کتێبه باسی چیمان بۆ دەکات که له وەڵامدا وتی: “ئەم کتێبه مێژووی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی گەلی کورد له ناوچەی پشتکویه دژ به دەسەڵاتی ڕەزا شا که سیاسەتی یەک نەتەوە یەک زمانی بەڕێوه دەبرد دەیەویست کورد له نێو ببات. ڕزا شا بۆ سەپاندن و جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی کوشت و کوشتارێکی بەربڵاوی ئەنجام دا.
جێگربوونی ئەرتشی ئێران له ئیلام دوای نەمانی دەسەڵاتی والی پشتکۆ، دەستپێکی زنجیره زوڵم و چەوساندنەوەکانه دژ به گەلی کورد لەم ناوچەیه. خەڵک که ناتوانێت هەبوونی ئەرتشێکی داگیرکەر له وڵاتەکەی قەبووڵ بکات و نایەوێت ملکەچی داگیرکەریش بێت، دژ به ئەرتش و سوپای ئێران هەڵدەستێت. ئەم ناکۆکیه دەبێته هۆی چێبوونی شەڕی ڕنو که سەرهەڵدانێکه دژ به چەوساندنەوه و داگیرکاری ڕزاشا. “ڕنو” نێوی شاخێکه له ئیلام.
لەم کتێبه نووسەر هەوڵی داوه ڕۆڵی عەشیرەتی مەلکشای لە مێژووی ئەو سەردەمەی کوردستان پیشانمان بدات. نووسەر بۆ ساڵیانێکی دوور و درێژ سەرقاڵی کۆکردنی بەڵگەکانی ئەم ڕاپەڕینه دەبێت. تەنانەت نووسەر له بەشێکی دیکەی کتێبەکەی ئاوڕ دەدات بیرەوەری ئەو کەسانەی که یان لەو شۆڕشه بەشداربوونه یان ڕووداوەکانیان له زاری کەسانی بەشدار لەو شۆڕشه بیستووه”.
دواتر لێم پرسی که بۆچی ئەم کتێبەت هەڵبژارد و چۆن بوو که بریاری وەرگێرانی ئەم کتێبەت دا که له وەڵامدا وەحید کەماڵی وتی: “هەموومان باش دەزانین که له ئێستادا تەنیا ناوچەی ئازادی کوردستان، باشووری نیشتمانه که به شێوەی فەرمی به هەرێمی کوردستان ناسراوه. ئەم بەشە له کوردستان که دەسەڵاتێکی سیاسی بەڕێوەی دەبات، خاوەنی کتێبخانه و قوتابخانه و زانکۆی خۆیەتی و ناوەندی ئارشیڤی سیاسی-مێژووی کوردستانیش دەپارێزێت. من به ئاوڕدان به کتێبخانەی کوردی هەستم به بەتاڵ بوونی شوێنی ئەو کتێبەم کرد و ویستم بۆشایی مێژووی کورد لەبارەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان له کتێبخانەی کوردی پڕ بکەمەوه، ئەم کتێبه بەڵگەیەکی مێژووی، کەلتوری، سیاسی و ئابوری کورده له قوناغێکی هەستیار. ئەمه، بەشێکی ونبووی له پازلی مێژووی شۆڕشی کوردستانه بۆیه هەوڵم دا ئەم کتێبه بکەمه کوردی تاکو چینی خوێندکار، ڕووناکبر، چالاکی سیاسی و کەلتوری کوردستان بتوانن لەگەل ئەم بەشه ونبوویه له مێژووی نیشتمانمان ئاشنا ببن.
هەروەها هیوادارم که وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە ئاوڕدان بەم کتێبه، هەوڵ بدات هەر ئەو جوره که ڕاپەڕینەکانی دیکەیان له کتێبی قوتابخانەکان داناوه ئەم سەرهەڵدانەش به ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمان بناسێنن و به کتێبی قوتابخانه و زانکۆ زیاد بکرێت.
گرنگی ئەم کتێبه له بەڵگەیی بوونیەتی. نووسەر له درێژەی یازده ساڵ هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆی له بازنەی کۆکردنی بەڵگەی مێژووی و سیاسی بۆ شرۆڤه کردنی سەرهەڵدانی ڕنو، تەرخان کرد بۆیه ئەم کتێبه گرنگه بۆ نەوەی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان که وەکوو سەرچاوەیەک بۆ لێکۆلینەوەکان کەلکی لێ وەربگیریێت”.
بۆم جێگای پرسیار بوو که ئایا وەرگێرانێکه دەقاودەقه یان لەوانەیه جیاوازییەکی هەبێت که وەحید کەمالی له وەڵامدا وتی: من به هیچ شێوە دەستکاری ناوەڕۆک و بەڵگەکانی کتێبەکەم نەکردووه بەڵام به هۆی ئەوەی نووسەر له ئێراندا له چوارچێوەی دەسەڵاتی داگیرکەر و کۆماری ئیسلامی ئێران دەژیێت بۆیه ناچار بو چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی ئێرانیش ڕچاو بکات تاکوو مۆڵەتی چاپی پێبدەن بۆیه تووشی خودسانسوریش بووه. ئەو هەروەها ناچار بووه له ڕوانگەیەکی ئێرانی باسی بابەتەکه بکات و سەرهەڵدانەکه بەپێ چوارچێوەی پان ئیرانیستی شی بکاتەوه. بەڵام بۆ من که له کوردستانی ئازاد دەژیم و یاساکانی ئێرانیش بەسەرمدا زاڵ نین، کارەکه جۆرێکی دیکه بوو بۆیه توانیم له ڕوانگەی کوردێکی نیشتمانپەروەر سەیری بابەتەکه بکەم و ڕوانگەیەکی کوردستانیم پێداوه ئەڵبەته دەبێت بڵێم هیچ دەستکارییەکی بەڵگەکان و ناوەرڕۆکی کتێبەکەم نەکردووه. من له نووسەر ئزنم وەرگرتووه که له ڕوانگەیەکی کوردستانی کتێبەکه وەرگێران بکەم و ئەو شته که نووسەر نیتوانیویەتی له ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر ئاماژەی پێبکات من پێی زیاد بکەم بەبێ ئەوەی له بەڵگەمەندی بابەتە کەم بکرێتەوه.
بڕیاره ڕۆژی یەکشەممه، ٣٠ بانەمەڕی ١٤٠٣ ناوەندی ڕۆشەنبیری “جەماڵ عرفان” له دانیشتنێکی فەرمی و به ئامادەبوونی گروپێک له ڕووناکبیران و نووسەران و هۆگرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی، ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی “شۆڕشی ئیلام” بەڕێوە ببەن.