سپاسنامەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان

خەڵکی سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان!

لە چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی “ژینا – ژن، ژیان، ئازادی”، مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان وەک وەڵامێکی بڕیاردەرانە و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.

ئەم مانگرتنە گشتییە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو توانایەکی سەربازی و ئەمنیی بۆ میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان و دروستکردنی گوشار و هەڕەشەی جۆراوجۆر لەسەر بازاڕییەکان و خەڵک بەکار‌هێنابوو. بەڵام ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و هەڵوێستی بەرپرسیارانەی دوکانداران و بازاڕییەکان، دەسەڵاتی تووشی شکست کرد. جێگەی ئاماژەیە، پشتیوانیکردن لەم بانگەوازە لەلایەن دەیان حیزب و لایەنی سیاسی، ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی کوردستان و ئێران و هەروەها پەیوەستبوونی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی لە ڕێگەی مانگرتن لە خواردن، دەبێتە نرخێکی گرنگ بۆ کاری هاوبەش و هاوپێوەندی لە تێکۆشانمان دژ بە کۆماری ئیسلامی لە هەر دەرفەت و شوێنێکدا.

سەرکەوتنی ئەم حەرەکەتە مەدەنییە نیشانەی ئاستی بەرزی بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی، هۆشیاریی سیاسی، یەکیەتی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی سەرکوت، هەڵاواردن و سێدارە لەلایەن خەڵکی کوردستانە. هەروەها سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە کە هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردستان بەشێکی لێکدانەبڕاون و ئەم پەیوەندییە قووڵە سەرمایەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆ بەردەوامیی خەبات و هەنگاوەکانی داهاتوو.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، جگه لە ڕێزگرتن لە خۆڕاگریی نەتەوەی کورد و سپاسی ئەو هەڵوێست و یەکگرتووییەی خەڵک لە بەڕێوەبردنی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان، پێزانینی خۆی ئاڕاستەی تێکڕای ئەو کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمی و بەتایبەت لایەنە سیاسییەکانی بەلووچ، تورک، فارس، تورکمان و عەرەب دەکات کە بە بڵاوکردنەوەی پەیام و ویدیۆ پشتیوانی و هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ بانگەوازی مانگرتنەکە دەربڕی. ئەم هاوکاری و پشتیوانییە بەرفراوانە نیشانەی پێگە و پێشەنگایەتیی کوردستانە لە ئاستی سەراسەریی ئێراندا.

هێزە سیاسییەکانی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوام پابەند دەبن بە نوێنەرایەتیکردن و گەیاندنی دەنگی داواکارییە ڕەوا و مەشروعەکانی کۆمەڵگە و ئەم یەکگرتوویی و هاوبەشییە بە زامنی سەرکەوتنەکانی داهاتوو دەزانن.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦