وا دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی تێدەپەڕێت. ئێمە بە ڕۆحیەتی ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە لە کەسایەتیی کچە
قارەمانی کورد ” ژینا ئەمینی” و هەموو ئەوانەی لە لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا گیانیان بەخت کرد، ئەم یادە بەبیر دێنینەوە.
هەروەها بۆ تەواوی تێکۆشەرانی ئازادی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دروود دەنێرین.
لە ساڵی 2022 ەوە دوا بە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کە بە شێوەیەکی دڕندانە بە دەستی هێزەکانی رژێمی ئیسلامیی ئێران
شەهید کرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنان سەرهەڵدانێکی مەزنیان دەستپێکرد.
راپەڕینەکان خۆڕسکانە و ئامانج ئامێزانە لە دژی گوشار و فشارەکانی دەسەڵاتدارانی رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران لە
دژی چەوساندنەوەی خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمی ژن – ژیان – ئازادی گۆش دەکران، راپەڕین و خۆپێشاندانەکان گەورە و
گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوون.
لە ژێر سایەی چەمکی ” ژن – ژیان – ئازادی” کە ببوو بە تێگەهێکی جیهانی و پۆرکی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژوو دا، ژنان
لە هەموو دونیادا لە دەوری ئەم دروشمە کۆبوونەوە و بە یەکگەیشتن.
ئەمڕۆ لە هەموو کون و قوشپنەکانی جیهان ژنان لە دژی سیاسەتی داپڵۆسین و ژێردەستەکردنی ژنان و نایەکسانی و
بەکۆیلەکردن تێدەکۆشن. ژنان لە حەقیقەتی فەلسەفەی ” ژن – ژیان – ئازادی” دا دەنگ و هاواری خۆیان بەرز دەکەنەوە.
بنەما و مەرجی مەحەکی سەرکەوتنی ژنان لە ژێر دروشمی ” ژن – ژیان – ئازادی” یدا لە تێکۆشانی سەد ساڵەی ژنانی کورد
لە دژی زهنیەتی فاشیزمی داعش ئاسای دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە سەرچاوەی کردووە. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان
و ئێرانیش بەهەمان شێوە کە خاوەن ئەزموونی تێکۆشان و پەرپەرچبوونەوەی ئەو عەقڵیەتەی دەسەڵاتداری پیاو سالاری و
کۆنەپەرستین، بەردەوامی و پەرەیان بە بەرخۆدانەکەیان دا و سەلماندیان کە سەرباری فشار و سیاسەتی قڕکردن و
داپلۆسینانەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی هەرگیز ملکەچ بابن و بەرگری لە بیرۆزیی ئازادی و یەکسانی دەکەن.
ئەم تێکۆشانەی ژنانی کورد، دەسەڵاتدارە سەردەستەکانی وا تەنگاو کردووە، بێ باکانە دەست بۆ هەموو زوڵم و زۆردایەک
دەبەن. لێرەدا ژنان کە بوونەتە مۆتەکەی ترس بۆ دەسەڵاتداران و هێز و باوەڕ و ئومێد بە تێکۆشەرانی ئازادیی گەلان
دەبەخشێت. بۆیە هێرشەکان، فشارەکان و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان زیاتر بووە.
دەسەڵاتداران، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەرامبەر بە هێز و ئیرادەی ژنان نیگەرانن، بۆیە چەندی ژنان، بەتایبەتیش
ژنانی کورد و کوردستان زیاتر خۆیان بەهێز و رێکخستن بکەنەوە دەسەڵاتداران و دەوڵەت سیاسەتی توندوتیژی بەرامبەریان
زیاتر دەکەن.
رژێمی ئیسلامی ئێران بەباشی درک بە هێزی تێکۆشانی ژنانە! بە دەرکردنی سزای قورسیش بەتایبەتی سەپاندنی سزای
لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکوان و تێکۆشەردا وەکو تۆڵەسەندنەوە دەیەوێت رێڕەو و گڕوتینی ئەم بەرخۆدانە لاواز بکات و
رێگاکانی ئاستەنگ بکات. بەڵام نە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و نە سێدارە نابنە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشان و خەباتی ژنان لە
پێنار ئازادی و یەکسانیی. هەروەها دەسەڵاتداران ناتوانن بە کوشتن و لەسێدارەدانی ژنان، ژنان ملکەچ بکەن و دەست لەم
خەباتەیان هەڵگرن. بەم پێیە ئەمڕۆ لە زۆرێک شوێنی دونیا تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێریەکی بەرزەوە بەرەو پێش هەنگاو
دەنێت و چرای خەبات و تێکۆشانیان تا دێت رووناکتر و گەشتر دەبێت.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک داوا لە ژنانی کوردستان لە ناو خاکی کوردستان و ژنانی دەرەوە لە
تاراوگە دەکەین بە گیانی پیرۆزی شۆڕشی ” ژن – ژیان – ئازادی” یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بن و تێکۆشان و خەباتی
هاوبەشانەی مەزنتر ئەنجامبدەن.
بانگ لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و سازیە دیموکراتیخوازەکانی دونیا و بزووتنەوەکانی ژنان دەکەین کە بەرامبەر
سیاسەتی قڕکردن و کوشتن و سێدارەدانی ژنانی کورد و ئازادیخوازان خاوەن دەنگ هەڵوێست بن.

کۆمیسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک